کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

په‌رله‌مانتاره‌ غائیبه‌كان 170 ملیۆن دینار سزادران

.

12:57 PM - 03/03/2024

سزای دارایی به‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی عیراق دا جێبه‌جێكرا، كه‌له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و لیژنه‌كان ئاماده‌نابن و 170 ملیۆن دینار كۆی سزای دارایی غیابی مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌ كه‌ له‌ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار بڕ‌دراوه‌ کە پەرلەمانتارانی کوردیشی تێدایە.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به  PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" بڕ‌ی 170 ملیۆن دینار سزای دارایی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌بووه‌ كه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی نوێنه‌ران، یان لیژنه‌كاندا ئاماده‌نه‌بوون و غیاب دراون".
 
" یه‌ك ملیۆن دینار سزای یه‌ك دانیشتنی په‌رله‌مانه‌ و بڕ‌ی 500 هه‌زار دیناریش سزای غیابه‌ بۆ هه‌ر ئه‌ندامێك كه‌له‌كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ی ئاماده‌نه‌بێت". سه‌رچاوه‌كه‌ وایوت.
 
وه‌ك سزایه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئاماده‌نه‌بونیان له‌ دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كان، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بڕ‌یاری سزای دارایی به‌سه‌ر نوێنه‌راندا سه‌پاند و بڕ‌یاره‌كه‌ له‌م مانگی شوباتی 2024ه‌وه‌ جێبه‌جێكراو كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


د. بڕ‌یار ره‌شید ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی فراکسیۆنەکان بە نوێنەرە کوردەکانیشەوە ئامادده‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان نه‌ده‌بوون، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕ‌یاریدا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ئاماده‌یی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ یان ئاماده‌یی كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كان نه‌بێت، سزای دارایی بدرێت".
 
 "به‌پێی بڕ‌یاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ هه‌ر ئاماده‌ نه‌بوونێكی دانیشتنی په‌رله‌مان بڕ‌ی یه‌ك ملیۆن دینار له‌مووچه‌كه‌ی ده‌بڕ‌درێت، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئاماده‌نه‌بوونێك له‌ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كان بڕ‌ی 500 هه‌زار دیناری لێده‌بڕ‌درێت"، د. بڕ‌یار ره‌شید وای وت.

به‌پێی ئه‌و بڕ‌یاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌له‌ مانگی شوباته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت هه‌ر په‌رله‌مانتارێك یه‌ك ملیۆن دینار سزای دارایی ده‌درێت بۆ ئاماده‌نه‌بوونی له‌یه‌ك دانیشتن و ئه‌گه‌ر غیابی گه‌یشته‌ سێ دانیشتن متمانه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

یوسف كلابی ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "به‌پێی بڕ‌یاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌رله‌مانتارێك سێ دانیشتن له‌دوای یه‌ك ئاماده‌نه‌بێت، سزاكه‌ی زیاتر ده‌بێت، تا ده‌گاته‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ی په‌رله‌مانتاری".

"په‌رله‌مانتاران مووچه‌ی مانگانه‌یان حه‌وت ملیۆن دیناره‌، بۆ هه‌ر ئاماده‌نه‌بونێكیش له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، یه‌ك له‌سه‌ر حه‌وتی مووچه‌كه‌ی لێده‌بڕ‌ێت، كه‌ده‌كاته‌ یه‌ك ملیۆن، هه‌روه‌ها بۆ ئاماده‌نه‌بونیش له‌ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كان، یه‌ك له‌سه‌ر چوارده‌ی مووچه‌كه‌ی لێ ده‌بڕ‌ێت"، له‌باره‌ی بڕ‌یاره‌كه‌شه‌وه‌ كلابی رایگه‌یاند: "بڕ‌یاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌جێی خۆیایه‌تی و ئێمه‌ كه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكین له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێویسته‌ زیاتر پابه‌ندی یاسا و بڕ‌یاره‌كان بین".

له‌خولی پێنجه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا 329 ئه‌ندامی په‌رله‌مان بوونی هه‌یه‌ و دابه‌شكراون به‌سه‌ر 25 لیژنه‌ی هه‌میشه‌یدا و زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ ده‌ستبه‌كارن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە