کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بیرەوەرییەکانی گەلاوێژ بۆ بیری هەموومان نووسراوە

.

05:14 PM - 29/02/2024

بیرەوەرییەکانی گەلاوێژ
بۆ بیری هەموومان نووسراوە

شاهۆ غەفور

سەیرنییە ئەگەر بەدوای وردەکاری رووداو و گۆڕانکاری و تەنانەت هەڵوێست و رۆڵی هەندێک سەرکردەو کاراکتەری رابردووی نەتەوەکەتەوە بیت و لە کەسانێک بەدەستی بخەیت کە خۆیان نە بەسیاسی دەزانن نە بە مێژوونووس. بیرەوەرییەکانی گەلاوێژ نمونەی لەم جۆرەیە.

لەماوەی دە ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر بیرەوەری کەسانی خاوەن پێگەی سیاسی و ئیداریم خوێندۆتەوە کە پانۆرامای روداوەکانی سەد ساڵی رابردووی ئەم پارچەیەی کوردستانی خستۆتە بەرچاوم، گێڕانەوەی رووداوەکان هیچ لەیەک ناچێت، تەنانەت بەپێی بیرەوەرییەکان ئاڵوگۆڕ به‌ خاوه‌نی سه‌ركه‌وتن و شكستی رووداوه‌كان ده‌كرێت.
بیرەوەرییەکانی گەڵاوێژ بە ناونیشانی "بیرەوەرییە هەرگیز لەبیرنەکراوەکانی من" هەندێک وردەکاری لەخۆگرتووە لە جێگەی تر دەستت ناکەوێت، هەرچەندە نووسەر بەس تەماشاکەری رووداوەکان بووە. باکی بەوەش نەبووە هەندێک بکات بە پاڵەوان و رۆڵی هەندێکیش بێ ئەرزش بکات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئەم دوو بەرگەی بیرەوەرییەکان کە خۆی لە (٤٤٠)لاپەڕەو چەندین وێنەی نەبینراو دەبینێتەوە و بە زمانێکی پاراوی كوردی زاری سۆرانی نووسراوەو لە زۆر شوێندا بەهۆی ئەو باگراوندە ئەدەبییەی نووسەر هەیەتی هۆنراوەی جوانی تێکەڵکردووە، بەڵام دابەشنەکردنی کتێبەکان بۆ چەند ناونیشانێک و ناڕوونی ساڵی هەندێک ڕووداو، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەی رێنووس و بە هەڵە نووسینی ناوی هەندێک شوێن بەتایبەت لەلاپەڕە (١٥٧)ی بەرگی یەکەمدا نوسیوێتی شاخی قەندیل کە هەڵەیەو رەنگە راستییه‌كه‌ی قەیوان بێت، لە گرنگی باسەکانی کەم نەکردووەتەوەو بیرەوەرییەکانی ئەم ژنە بۆ هەموومان و ئێستەو ئایندە نووسراون.
وەفای گەلاوێژ
گەلاوێژ چەندین رووداوی ساڵانی (١٩٣٠-١٩٨٠) باس دەکات، لەهەموو ئەو روداوانەدا خۆی تەماشاکەر و قوربانیش بووە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە سەرەتای ژیانییەوە تا هەڵکشانی تەمەنی کە دەیان ناوچەی لە موسڵەوە بۆ سنوری دهۆک و ناوەڕاستی عیراق و سلێمانی و کەرکوک و بەغداو تا میسڕ و سوریاو ئێران و ئەوروپاشی کردووەو لێیان ژیاوە، ئەوەی رۆژێک هاوکاری کردبێت یان پارویەک نانی پێدابێت لەبیری نەکردووەو ناوی هێناوەتەوە یاد، هەر لە ناوی (دراوسێ، خزمەتکار، خزمەکانی، مامۆستاو خوێندکاری هاوڕێی خۆی و منداڵەکانی و گوندنشین و پێشمەرگە) ئەمە ئەوپەڕی ڕاستگۆیی نووسەر پیشان دەدات.
بۆنمونە دەڵێت، شەوێک بە کاروانێکی زۆرو خێزانێکی زۆرەوە گەیشتونەتە گوندی چۆخماخ، بەو شەوە خواردنی قەرەخەرمان و گۆشتی گیسکیان بۆ ئامادە کردوون، ئەو خواردنە ئەوەندە خۆش بووە بەدرێژای چەندین ساڵی تەمەنم چەندین وڵات گەڕاوم و خواردنم خواردووەو قەرەخەرمانم تاقیکردووەتەوە، هیچی نەگەیشتووە بە تامی ئەو قەرەخەرمانە.
دواتر دەڵێت لە ماوەت پێشمەرگەکان رۆژانە پەڵپینە بەترشیان لێدەناو بەشی منیشیان دەنارد، بەڵام تا ئێستا پەڵپینە بە ترشی خۆشم وەکو ئەوەی پێشمەرگەکان نەخواردووە.
وێنەکان تەواو نەبوون
راستە ئەم بیرەوەرییانە لە گۆشەی جیاوازەوە باسی هەندێک رووداوی سیاسی و تەنانەت سەربازی ساڵانی سی و چلی رابردوو دەکات و رووداوە سیاسییەکانی باشوری کوردستانیش بەتایبەت دامەزراندنی پارتی دیموکرات و شۆڕشی تەمموزی ١٩٥٨ و شۆڕشی ئەیلول و کێشەکانی نێوان باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی بارزانی و یانزەی ئازاری ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٥ و دواتر دەکات، بەڵام هێشتا ئەم بیرەوەرییانە چاومان تێرمان ناکات لە وێنەی رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییه‌كان، تەنانەت ئەگەر بمانەوێت ورده‌كاری ژیانی شێخ مەحمودی حەفید یان رۆڵ و پێگەی رۆشنبیری "پیرەمێرد" لە کۆتاییەکانی تەمەنیداو چیرۆکی داخستنی گۆڤاری گەلاوێژو دۆخی ئیداری و سه‌ربازی و په‌روه‌رده‌ لێرەوە ببینین، دەستمان ناکەوێت.
رۆڵی خراپی
گەلاوێژ بێ پێچوپەنا و بەپێچەوانەی زۆرێک لە نووسەران، ناوی کەسانێکی ناسراو دەبات کە لە پێگەی خۆیاندا رۆڵی خراپ و دژ بە خواستی میللەت و نەتەوەیان بینیوە.
بۆنمونە باسی کەسێک دەکات بەناوی (رەفیق چالاک) کە ناوی ئیبراهیم ئەحمەد و چەند کەسێکی داوە بە حکومەت و بەهۆیەوە دەستگیرکراون. لە شوێنێکی تردا باسی حەمە ئاغا ناوێک دەکات کە لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکاندا له‌ سلێمانی هەوڵی کوشتنی ئیبراهیم ئەحمەدی داوەو برینداری كردووه‌، بەبیانوی ئەوەی "بلە" پارێزەری کۆمەڵێک جوتیار بووە دژی ئەم ئاغایە.
هەر بەم راشکاوییە باسی هەڵوێستێکی (هەژار)ی رۆژنامەنووس و وەرگێڕی کورد دەکات و دەڵێت لەپاش ئەوەی ئەم هەژارە نەخۆشی سیلی هەبووەو مەترسی لەسەر ژیانی بووە، باوکی هێرۆ (ئیبراهیم ئەحمەد) لەجێی خوشکێکی نەخۆشی خۆی كه‌ مامه‌ڵه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆكردبوو بۆ چاره‌سه‌ر، بە ماندووبونێکی زۆر توانی هه‌ژار بینێرێت بۆ لوبنان بۆ نه‌خۆشخانه‌، بەڵام پاش چاکبونەوەی، کەوتە قسەوتن بە ئیبراهیم ئەحمەدو عومەر دەبابە کە هەژار چەندین جار بەسەر شانیدا خوێنی هەڵهێناوەتەوە.
لە چەند شوێنێکدا باسی هەڵوێستی (نوری شاوەیس) دەکات کە لە کاتی ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی (مەلایی و مەکتەبی سیاسی) دەیوت بەتەنیا سندوقە فیشەک ئەبەمە سەر گردەڕەش و شەڕ دژی مەلاییەکان دەکەم و دوا فیشەک دەنێم بەخۆمەوە، بەڵام بەقسەی (دایکی رۆژ)ی کردو له‌پڕ خۆی گەیاندە بەغداو بەبیانووی نەخۆشی چووە دەرەوەی عیراق.
ئەم بیرەوەرییانە زۆر لایەنی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان باس دەکات، ئاماژەی روونی تێدایە کە ئەو حزبە لەسەر دەستی کەسانێکی خوێندەوارو سیاسی سەرپێخرا، بەڵام دواتر رێزیان لێنەگیراو هەوڵی پەراوێزخستنیان درا. ئامانج و ئامرازه‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی تردا برا.

بێلایەنی لە گێڕانەوەدا
باسی رۆڵی سەرەکی ئیبراهیم ئەحمەدی تێدایە لە دامه‌زراندنی پارتی و گەڕاندنەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە روسیاوە بۆ عیراق ساڵی ١٩٥٨، پاشان هه‌ڵگسرسانی شۆڕشی ئەیلول و ناکۆکییەکان هەتا بە شەڕی ناوخۆو یەکتر کوشتن دەگات، بەڵام لایەنگیری بە بۆچونەکانی نووسەرەوە دیار نییەو هەڵەو پەڵەو ناکۆکییەکان ئەخاتە ئەستۆی هەردوو باڵی مه‌كنه‌بی سیاسی(جه‌لالی) و (مه‌لایی)، تەنانە دوای ئەو هەموو ستەمەی لە سەرکردەکانی باڵی جەلالی و بەتایبەت ئیبراهیم ئەحمەدی کردووە، بەڵام گەلاوێژ هەر بە "سەرۆک مەلا مستەفا" ناوی بارزانی دەهێنێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە