کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كێ هەمیشە پارێزەری مافی پێكهاتەكان بووە؟

.

06:01 PM - 24/02/2024

دروستكردنی رق و كینە لە بەرژەوەندی كێ دایە؟!

 

((كێ هەمیشە پارێزەری مافی پێكهاتەكان بووە))؟

       لەتیف نێروەیی

 

دوای بڵاوكردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكان، بەداخەوە میدیایەكی دیاریكراو بۆ مەرامێكی دیاریكراو بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو لە هەوڵی ئەوەدایە كە رق و كینە و جیاكاری لەنێوان پێكهاتەكانی كوردستاندا دروست بكات و پەیامی توند و زبر لەو كادیر و ئەندامانەی خۆیان وەردەگرن كە لە پێكهاتەی توركمان و مەسیحین و سوودمەند بوون لە سیستمی كۆتا. لەبەرامبەردا هەندێ لە هاووڵاتیان و ئەندامانی هەندێ حزبی كوردستانیش لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وەڵامیان دەدەنەوە کۆمێنتی ناخوازراو دەنووسن، كە ئەم دوو پەیامە دژ بەیەكە و هاندان بەرەو ئاڕاستەی دروستكردنی  رق و كینە لەنێوان پێكهاتەكاندا، هەوڵێكی  نائەخلاقی و نابەرپرسیاریانەیە و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ گیانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی كوردستان ناگونجێت، چونكە  لەلایەكەوە ،هەمیشە رێز لە پێكهاتەكانی كوردستان گیراوە، لەلایەكی دیكەوە ، بە یاساش ئەرك و مافەکانیان  وەك هەر هاووڵاتییەكی دیکەی هەرێمی كوردستان چەسپێنراوە ، پێكهاتەكانیش خۆیان بە بەشێكی گرنگ و سەرەكی جڤاكی گەلی كوردستان زانیووە و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان بە ئەركی سەرەكی خۆیان زانیووە، بۆیە پێویستە هەموو تاك و لایەنێك بە عەقڵ و لۆژیكێكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا  بكەن و بەرژەوەندی نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی شەخسی و حزبییەوە.

لێرەدا پرسیارمان بۆ ئەو میدیایەی  كادیر و ئەندامانی حزبەكەی خۆیان كە لە پێكهاتەی (توركمان و مەسیحین) و هانیان دەدەن بۆ ئەوەی رەخنە لە یەكێتی بگرن، پێیان دەڵێین هەوڵدان بۆ دروستكردنی ئەو دۆخە چ سودێكی هەیە بۆ جڤاكی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، دروستكردنی روحی رق و كینە و جیاکاری لە بەرژەوەندی كێ دایە؟

 

یەکێتی پارێزەری مافی پێکهاتەکانە 

 

 هەروەك دووپاتی دەكەینەوە كە پێكهاتە رەسەنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەو راستییە مێژووییە چاك دەزانن كە لەدوای راپەڕینی ئازاری 1991وە سەرۆك مام جەلال پارێزەری مافەكانیان بووە و بۆ بەشداری لە پرۆسەی بڕیاردان پێشنیاری كردووە سیستمی كۆتا پەیڕەو بكرێ‌. لە دوای  پرۆسەی ئازادی عێراق و روخانی رژێمی بەعسیش، دیسانەوە سەرۆك مام جەلال هەموو تواناكانی خۆی خستە گەڕ بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكان و لە شاری كەركوك بڕیاریدا كە دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایە بەبێ رەچاوكردنی رێژەی دەنگدەران (32% بۆ كورد، 32% بۆ پێكهاتەی توركمان، 32% بۆ پێكهاتەی عەرەب و 4% بۆ پێكهاتەی مەسیحی) بێت. لەو سەردەمەدا رەخنەیان لە یەكێتی دەگرت كە بۆچی پشكی كورد بە پێكهاتەكان دەبەخشێت؟

 

لەسنوری دەڤەری سەوز مەسیحی وتورکمانەکان کێشەی زەوی وزاریان نەبووە 

 

-لە دوای راپەڕینەوە تاوەكو ئێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و قەزای كۆیە مەسیحییەكان هیچ كێشەیەكی زەوی و زاریان نییە و توركمانەكانی دەڤەری گەرمیانیش بەتایبەتی لە قەزای (كفری) بە هەمان شێوە رۆژێك لە رۆژان هەستیان بە جیاكاری نەتەوەییان نەكردووە.

 

-لەناو ناوەندی پارێزگای سلێمانی لە سنورێكی جوگرافی بچوكی دیاریكراو كە كەمتر لە یەك كیلۆمەترە، (4) كەنیسە و مزگەوت و حوسەینییە و پەرستگای زەردەشتیەكان دروستكراون و هەر ئایین و مەزهەبێك بەوپەڕی ئازادییەوە پەیڕەوی سروتە ئایینی و مەزهەبییەكانی خۆیان دەكەن.

-لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەش بە هەمان شێوە كاكەییەكان بەوپەڕی ئازادییەوە پەیڕەوی ئاینی خۆیان دەكەن. بۆیە تیشكی خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و هیچ لایەنێك ناتوانێت بۆ دەستكەوتێكی حزبایەتی درزێك بخاتە نێوان یەكێتی و پێكهاتەكان. دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە یەك چاو سەیری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی كردووە و بیری لەوە نەكردۆتەوە كە حزبی توركمانی و مەسیحی و شەبەك و ئێزدی بۆ خۆی دروست بكات. دوا بەڵگەی زیندووی پشتگیری یەكێتی لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقە كە لە كۆی (9) كورسی كە یەكێتی بەدەستی هێناوە، لەوانە چوار كورسی لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراقە. ئەمەش باشترین بەڵگەیە كە بەشێوەیەكی كردەیی هیچ حزبێكی كوردستانی و عێراقی بە ئەندازەی یەكێتی گرنگی بە پێكهاتەكان نادات. 

هەروەك پێكهاتەكانیش زیاتر لە هەموو حزبێكی كوردستانی و عێراقی لەگەڵ یەكێتی ئاوێتەی یەكترن و لەیەك جیا ناكرێنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە