کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گفتوگۆكان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەتەواوی راوەستاوە

.

11:48 AM - 13/02/2024

رۆژنامەی (العربی جدید) لەبابەتێكیدا رایگەیاندووە، قەیرانی دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێی نایە مانگی سێیەمیەوە و تائێستاش هێزە سیاسیەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی هەڵبژاردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەرابردوودا، لەچوار دانیشتندا شكستی هێناوە، كە تایبەت بووە بە هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌.

لەوبارەیەشەوە، محەمەد عەلەوی، كە یەكێكە لە كەسایەتیە دیارەكانی حزبی تەقدوم بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، تائێستا هیچ لێكگەیشتنێك لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەكراوە و، لەم رۆژانەی دوایشدا بەهۆی سەرقاڵی لایەنەكان بە پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان، هیچ گفتوگۆیەك لەبارەی ئەو دۆسیەیە نەكراوە.

لای خۆیەوە عارف حەمامی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەكەی رایگەیاندووە، قەیرانەكە قوڵتربووەتەوە لەگەڵ بەردەوامی یەكلانەبوونەوەی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی بەردەوامی ململانێ‌ لەنێوان لایەنە سونیەكان و رێككنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێك یاخود چارەسەرێكی مامناوەند، وایكردووە بگەنە قۆناغی چەقبەستن لەگەڵ راوەستانی تەواوی گفتوگۆكان لەئێستا، وتوشیەتی، پێشبینی دەكەن قەیرانەكە زیاتر درێژە بكێشێت و بەمنزیكانە چارەسەرێكی نەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە