کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: سەركەوتنی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن پیرۆزبێت

.

08:42 PM - 11/02/2024

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، سەركەوتنی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم .

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان :

 

بەڕێز لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

هەڤاڵان و تێكۆشەرانی خەباتی رێكخراوەیی

 

سەركەوتنی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم

 

بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی (میتۆدێكی نوێ بۆ رێكخستنێكی سەردەمییانە) لە ماوەی سێ رۆژ و گفتوگۆی یەكێتییانە و هەڤاڵانەتان بۆ گەڵاڵەكردنی راسپاردە و پێشنیازی نوێ بۆ خۆڕێكخستنەوەی كاری رێكخراوەییتان لە سەر ئاستی مەكتەب، مەڵبەند، كۆمیتە و ئۆرگانەكان، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە

 

هەڤاڵانی خۆشەویست..

 

بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیارەكانتان هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەكرێت، وەك نەخشەڕێگەیەكی نوێ بۆ كاری رێكخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەم هەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەكانمان بە رێگایەكی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە كاری رێكخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت هاونیشتمانیان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكاندا دەبن.

 

بەڕێزان

 

رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان وەك وزە و دیدگایەكی نوێ، روویەكی گەشتری بە كۆنفرانسەكەتان بەخشی و دڵنیام بە بەشداریی كارای ئەوان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی فراوان و دەوڵەمەندی تێكۆشەرانمان، دەتوانین كارەكانمان لە هەموو ئاستەكاندا بەشێوەیەكی باشتر رێكبخەینەوە و كار و ئەركەكانمان وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەكانی ئەمڕۆ بێت.

 

هەڤاڵانی یەكێتی

 

بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن لە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، پاشان كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن، سەرەتای قۆناغێكی نوێی كاری رێكخراوەییمانە. نوێكردنەوەی سەرجەم مەكتەب و دامەزراوەكانی ‌حزب، پێویستیی قۆناغەكەیە و دەبێت هەموولایەك بە رۆحێكی یەكێتییانە و بەرپرسیارانە هەنگاو بەرەو نوێگەری بنێن و بەرنامە و پڕۆژەكانتان هاوتەریب بێت لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆ و گۆڕانكارییەكان، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.

 

شاد و سەرفرازبن

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

 

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە