کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیەندرا

.

06:59 PM - 06/12/2023

ئەمڕۆچوارشەممە، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەریم کۆبووە وە.

لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنەکەوە  بەخیرهاتنەوەی شۆڕش ئیسماعیل  وەزیری پێشمەرگەی کرد بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەن و دەستبەکاربونەوەی لە کار و ئەرکەکەیدا.


هەروەها لە بڕگەی یەکەمدا  گفتوگۆ دەربارەی  دواپێشهاتەکانی  بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردتسان کرا  لەدوا سەردانی  وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەگدا لە حەفتەی رابردوودا لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان خرایەڕوو.


هاوکات وەفدی دانوستکار ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا کە سەرەڕای دروستبوونی لەیەکتر گەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناکۆکیی سیاسی و پابەندییەکان جیابکرێتەوە و دەبێت بڕە پارەکانی هاتوو لە خشتەکانی بودجە، وەک خۆی خەرج بکرێت و بە هیچ شێوەیەک پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەکرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت.

 لەگەڵ ئەوەشدا، وەفدی  دانوستانکار ئاماژەیان بەوە دا کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات ، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە .

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوایەک ئاراستەی  حکومەتی فیدراڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی. هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیە پێکهێنەرەکانی کابینەی محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن.


لە لایەکی دیکەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە ، جیا لەوەش، هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکاتوو ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە