کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆک کۆمار: پێویستە دەرئەنجامی لوتکەکانی پێشوی کەشوهەوا جێبەجێ بکرێن

.

07:59 PM - 02/12/2023

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید لە شاری ئێکسپۆی دوبەی، چاوی بە بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوت.

لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە 2-12-2023 لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کەشوهەوا (COP28) لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، بەڕێوەچو، هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی، نزار ئامێدی وەزیری ژینگە، موزەفەر جبوری باڵیۆزی عیراق لە ئیمارات و ژمارەیەک لە راوێژکاران ئامادەیبون و دوایین پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنی و ژینگەیییەکان تاووتوێکران، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی جێبەجێکردنی دەرئەنجامی لوتکەکانی پێشوی کەشوهەوا و کاراکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆئەوەی ببنە واقیعێکی بەرچاو.

هەروەها سەرۆک کۆمار قەیرانی ئاوی لە عیراقدا رونکردەوە، سەرەڕای خستنەڕوی دیاردەی بە بیابانبون و وشکەساڵی و خۆڵبارین، کە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان دروستکردوە.

هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە پشتیوانیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی ئاو و چالاککردنی هاریکاری لەبواری ئاوە سنوربڕەکان، کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان وڵاتانی کەناراوەکاندا دابەشبکرێت.

هەر لەمیانەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، ئاماژەی بە بارودۆخی کەرتی غەزە و ئاستەنگەکانی بەردەم خەڵکی فەڵەستین کرد لە ئەنجامی ئەو دوژمنکارییە بەردەوامەی روبەڕویان بۆتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا بەپێویستی دەزانێت هەڵوێستێکی توندی نێودەوڵەتی بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو دوژمنکارییە و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ گەلی فەڵەستین.

هەروەها هەردوولا ژمارەیەک بابەتی پەیوەندیدار بە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی روبەڕوبونەوەیان تاووتوێکرد، بەشێوەیەک کە پاراستنی ژینگە و ژیانی مرۆڤ لە جیهاندا مسۆگەربکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە