کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مووچەی وانەبێژانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەكرێت

.

05:12 PM - 02/12/2023

بڕیارە رۆژی یەك شەممە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی وانەبێژان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین دەستپێبكات.

كارۆخ عەبدوڵا، یەكێك لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، سبەی دابەشكردنی مووچەی وانەبێژان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەستپێدەكات و لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی وانەبێژان مووچەكانیان وەردەگرن.

لەبارەی ناوچەكانی تریشەوە وتی، وانەبێژانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران هەفتەی رابردوو مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرگرتووە.

بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە 350 هەزار دینار و ئەوانەشی بەكالۆریۆسیان هەیە 400 هەزار دینار وەردەگرن.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی كوردستان 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەكانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ كە مووچەی هەر وانەبێژێك بەگوێرەی بڕوانامەكەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە.


دابەشكردنی مووچەی ئەیلوولی وانەبێژان لەكاتێكدایە، تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە و حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی ناردنی پارەیە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ راگەیاندنی دابەشكردنی مووچە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە