کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە رۆژی جیهانی ئەیدزدا هۆشداری دەدرێت

.

11:50 PM - 01/12/2023

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانی ئەیدزدا هۆشداری دەدات.


وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند :١ت دیسەمبەری هەمووساڵێک وەک رۆژی جیهانی ئەیدز دیاریکراوە و لەم رۆژەدا پەیامی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بەتەواوی مرۆڤایەتی بۆ سەرجەم تاک و کۆمەڵگاکان لەسەرتاسەری جیھان دەدرێت، کە رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی دەبێت لە روبەڕووبونەوە و کەمکردنەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەو ئەگەرانەی کە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز HIV. "

لەراگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ڕۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانی یە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (ئەیدز) HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەمرێت و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەبنە قوربانی، هەرچەندە تائێستا ئەیدز چارەسەری بنبڕکەری نیە بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە تاڕادەیەک بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی ڕزگارکرد، بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی ٥٦ ٪ کەمکردۆتەوە هەروها هۆکاری کەمبونەوەی لە ٤۰٪ ی توشبوی نوێ یە چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لەنەخۆشی ئەیدز بەڵام هاوکات هەڵگری ڤایرۆسەکه بەبێ بەدیارکەوتنی هیچ نیشانەیەک مەترسی گەورەی بڵاوبوونەوەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتە روو، لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردندا ئەمساڵ 2023 لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی 598,000 پێنج سەد و نۆهەت و هەشت هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازیەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی ڕۆتینی بۆیان ئەنجام دراوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی ئەیدز، سەڕەڕای چەندین چاڵاکی هۆشیاری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پشکنین.


ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەنێو دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنها 72 حالەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە و تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت.

هاوکات جەخت لە مەترسییەکانی ئەیدز دەکات و هێمای بۆ ئەروەشکردووە، ئەیدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی ڕێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو. نەخۆشییەکە لە دەرەنجامی کۆتاییدا پێی دەووترێت ئەیدز (AIDS) بەهۆی هەڵگری،و تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV و مانەوەی بۆماوەیەکی درێژ تا ئەگەری چەندین ساڵیش بەبێ هیچ نیشانەیەک.

لەسەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی ئەیدز ئەوەشخراوەتەڕوو، ھۆکاری سەرەکی مردن لە تووشبوانی نەخۆشی ئەیدز ڕاستەوخۆ ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو کاریگەریی لاوەکی و ئاڵۆزکانەکانی ڤایرۆسەکەیە لەسەر دابەزاندن و کەمکردنەوەی بەرگریی لەشی تووشبوو کە وادەکات تووشبوو بەرگری نەخۆشیە درمەکانی تر و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە نەکات.

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی راگەیاند، خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمتریین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لەم ڕۆژەدا، پەیاممان بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدانی خۆ وویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و دۆزینەوەی حالەتەکان. هەروها دورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری و دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان. هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بەڕێگاکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشیەیە.

دواتر وەزارەتی تەندروستی  هیوای خواست، سەرجەم هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە نەخۆشیە گواستراوەکان پابەند بن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە