کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی: نابێت هیچ پێكهاتەیەكی كەركوك پەراوێز بخرێت

.

07:10 PM - 30/11/2023

 

قوباد تاڵەبانی ،جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یان برێم، كونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد و پێكەوە چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێكرد. لەدیدارەكەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لەكونسوڵی نوێی فەڕەنسا كرد و هیوای خواست لەئەركەكەیدا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فەڕەنسا لەهەموو بوارەكاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هاوكات ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانییەكی بۆ دەربڕی.  

هەر لەو دیدارەدا قوباد تاڵەبانی پشتگیری و هاوكارییەكانی حكومەتی فەڕەنسای بۆ گەلی كورد لە چەندین وێستگەی گرنگی مێژووییدا بەرزنرخاند و كونسوڵی نوێی فەرەنساش رایگەیاند شانازی دەكات كە وەك كونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لەكوردستان دەستبەكاربووە.

 لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا دۆخی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان تاوتوێكراو هەردوولا هاوڕابوون كەپێویستە پێكەوە كاری هاوبەش بكەن بۆ باشتركردنی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە هەرێم. تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەكان لەكەشێكی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەبچن، لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ساڵانی رابردوو لەكەركوك جیاوازیی لەنێوان پێكهاتەكاندا كراوە و پێویستە لە دوای هەڵبژاردنەكاندا لە ئیدارەدانی شارەكەدا بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەكانی سەرۆك مام جەلال تا رۆحی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە كەركوك قوڵتر بكرێتەوە و هیچ پێكهاتەیەك هەست بە ستەم و پەراوێزخراوی نەكات. سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەموو هەوڵێك دەدەن هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا و بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە