کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە کەرکوک هەردوکیان پێکەوەن

.

02:27 PM - 30/11/2023

لە کەرکوک هەردوکیان پێکەوەن 

 

ستران عەبدوڵلا

ئەو تەوژمەی ئێستا وا لە کەرکوک کوچە و کۆڵانەکانی شارەکەی گرتۆتەوە: هەمووی مەشغوڵی سیاسەت و هەڵبژاردن، یەکێتی و هاوپەیمانی، وەرگرتنەوەی دەسەڵات و مانەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێن، کردووە، تەوژمێکی زیاترە لە تای هەڵبژاردن و کاردانەوەی ململانێی لیستەکان. ئەمە شتێکە لە بابەت بوژانەوەی بزووتنەوەی سیاسی و کاردانەوەی قووڵی کەرکوکییەکان پاش شەش ساڵ لە سەبری شۆڕشگێڕی و دانبەخۆداگرتن.

 

ئەم بۆنەی هەڵبژاردنە بۆتە بیانووی ئەبدەیتکردەوەی  سیاسەت و کوردایەتی  و خاوەندارێتی لە مەسەلەی کەرکوک ، گەنجەکان،  کچان و کوڕان لەم تابلۆیەدا ڕەنگی زاڵن و دیمەنەکەیان ڕەونەقدارتر کردووە. ڕەنگە هەبن بڵێن جا خۆ ساڵی پێشتر هەڵبژاردنی تر لە کەرکوک کرا (هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پایزی ٢٠٢١) و هیچی نوێی تیا نەبوو، بەڵام خەڵک بە سەلیقە دەزانن ئەمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پەیوەستە بە دیزاینکردنەوەی ئیدارەی شارەکە و پێدانەوەی کەسێتی سیاسی و مەعنەوییە بە کەرکوک، پەیوەستەبە سەنتەرکردنی سیاسەت لە هەستیارترین شاری کوردستان و عیراق لە وەختێکدا هەم سیاسەتی بەغدا بۆ کۆی عیراق درز و کەلێنی تێدایە و هەم سیاسەتی کوردستانیش لە ناوخۆدا پڕ گرفتە.  لە ئیدارە و حکومڕانییەوە تا ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان، بۆیە جوڵەی بە تەوژمی کەرکوک وەک گەڕان وایە بەدوای گۆڕەپانی نوێی کارکردن کە سییەکانی سیاسەت لە کوردستان و عیراق پاک بکاتەوە و چانسێکی تر بداتەوە بە هەمووان ، ئەمما بە ستایلێکی نوێوە.

لەبەر ئەمەیە دەتوانین  جوانترین بەرجەستەی عیراقە بچوکەکە و کوردستانە گەنجەکە  لە پێگەیشتنی پردی خاسەی کەرکوک و گرێدانەوەی جەمسەرەکان ببینینەوە.

 ڕوویداوە لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا بزووتنەوەی چەپ، دەورانێکی تر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کوردستان، یان ماوەیەکی کەم بزووتنەوەی بەهاری عەرەبی و دوایی بزووتنەوەی دیموکراتی عیراق و تشرینییەکانی، دەبوونە ناوکی سیاستێکی چڕوخەست. یانی ئەوەی بە زمانی گیڤارییەکانەوە دەوترا (بوئرەی شۆرشگێڕی)، پێدەچێت کەرکوکی دەمی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە بەرزەخێکی وادا بژی. ببێتە پردێکی پتەو، یان ترافیکێکی چالاکی هامشۆی سیاسەت و دەرهاویشتەکانی .

ڕاستە دیمەنی جەمسەرگیرییەکە وەک جەمسەرگیری نەتەوەیی و مەزهەبی دەردەکەوێ، بەڵام ڕاستێکەی ئەمە بابەتە ڕووکەشەکەیە و لە ناوەرۆکدا ستایلە سیاسییە جیاوازەکان کە خۆیان لە جەمسەرە نەتەوەییەکان پێچاوە، لە قەرەباڵخی ململانێدا خەریکن شوێن بۆ خۆیان دەکەنەوە. ئێمە باسی بەشەکەی کورد دەکەین کە وەسفی مام جەلالی بەسەردا جێبەجێ دەبێت: ئەژدیهاکە، یان قومقومەکە ، لە ملی شوشەکە هاتۆتە دەرەوە و تازە بە پاڵەپەستۆش ناچێتە ناوەوە.

لەو کاتەی پەیام و پێدراوەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە دێن کاڵ بوونەتەوە و لەو کاتەی بەغداش لەبەر سەرقاڵی بە  ململانێکانی جەمسەرەکانی پایتەخت چیتر ناتوانێ کەرکوک وەک باخچەی ئەمن و ئومانی عیراقی نیشان بدات، ڕەنگە ئێستا دەرفەتێکی زێرین  بێت کە کەرکوک خۆی سیاسەتێکی  تەوەر کەرکوکیانە کەڵەکە بکات و چەقی شارەکە ببێتە داینەمۆی چانسی تاقینەکراوەی توخم و پێکهاتەکان بەرەو دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی هەرێم و بەغدا و پێدانی چانسێکی نوێ کە متبوون و پێکوتەی ئێستا تێپەرێنێ. 

بۆ نا؟ شار هەموو شتێکی تیا دەقەومێ و کەرکوکیش شارە و لەسەد ساڵی رابردوودا قسەی هەبوو.

زۆر زەحمەتە ئەم دۆخە گەشاوە هەر لە تەداروکاتی ویستی خزمەتگوزاری و ئەرکی ئاوەدانی یا خود لە ویستە نەتەوەییەکەدا قەتیس بکرێت . بۆ کەرکوک و لە کەرکوک هەردوکیان پێکەوەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە