کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی گەلاوێژ لە رۆژی شەهیدی یەكێتی

.

02:16 - 21/11/2023

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی

ئەمڕۆ ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانە، ئەو ڕۆژەیە كە سەرمەشقی كاروانی شەهیدانی یەكێتی "شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر" دروشمی "كەم ژیان و كەڵ ژیان"یان  لە شاری بەغدا و بە پێدەشتەكاندا گەیاند و لە دۆڵ و چیا سەركەشەكانی كوردستاندا دەنگیدایەوە و بووە وێردی سەرزمانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان.

لەمڕۆژە مێژوویی و پیرۆزەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و شەهیدەكانی یەكێتی دادەنەوێنم و دەستی ڕێز و گەورەییان بۆ بەسنگەوە دەگرم.

مێژووی یەكێتی، مێژوویەكی بەخوێننووسراوە و لەم پێناوەیشدا زیاتر لە 26 هەزار ڕۆڵەی ئەم گەلەی كردووەتە قوربانیی ڕێبازی سوور و سەوزی خۆی كە ژمارەیەكی بەرچاویان سەركردە و فەرماندە تێكۆشەرەكانی بوون و ئەوانیتریشیان كە بەرزترین پلەی شەهادەتیان وەرگرتووە ڕۆڵە بەئەمەك و گیانبازەكانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بوون.

ئەوەی ئەمڕۆ هاتووەتەدی و ئەوەی سبەینێیش و ئەوەی لەئاییندەیەكی دوورتریشدا دێتەدی، بەرهەمی خوێنی گەشی ئەو پێشمەرگانەیە كە لەسەنگەری خەبات و بەرگریی لە مافەكانی  كورد و كوردستان و كوردایەتی و كوردەواریدا سنگی مەردانەیان كردە قەڵغانی پاراستنی نەتەوە و نیشتیمانەكەیان، بۆیە حاجی تۆفیق وتەنی "نامردن ئەوانەی لەدڵی میلـلەتدا دەژین".

هەر لەمڕۆژەیشدا سڵاوی پڕ لە شانازیی بۆ كەسوكاری سەربەری شەهیدان دەنێرم، ئەوانەی ئازیزترین كەسەكانی خۆیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كرد.

گەلاوێژ

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە