کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی: ئەوپەڕی توانامان دەخەینە گەڕ بۆ پارێزگاری لەناو و ناوبانگ و خوێنی شەھیدەکان

.

02:40 PM - 20/11/2023

مەکتەبی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ساڵیادی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەوپەڕی توانامان دەخەینە گەڕ بۆ پارێزگاری لەناو و ناوبانگ و خوێنی شەھیدەکان.



   دەقی پەیامەکە،،،

پەیامی مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەران
 بۆ ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی

ڕۆژی شەھیدی یەکێتیی، ڕۆژێکی پڕشنگدارە لەمێژووی کۆڵنەدان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و بەدیھێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، بە ڕێبەرایەتی حزبی شەھیدان.

دەستپێکی قۆناغێكی نوێی دوای بێ ھیوایی بوو بۆ سەنگەر چۆڵ نەکردن تا بەدیھێنانی ئازادی کوردستان.

١١/٢١ رۆژی دروشمە باڵاکەی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەھادەت؛ خاڵە شیھاب، جەعفەر و ئەنوەر، مۆری یەکێتییانەیان لێدا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان، تێکۆشەرانی زیندان و ڕێکخستنە نھێنییەکانی شۆڕشی نوێ و شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدەکان و شەھیدانی ڕاپەڕین و ڕزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی ھەموو جۆرەی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەھید و شایەتی ئەم داستانە دوور و درێژەن.

شەھیدان سەرچاوەی ھێزو باوەڕمانن
لە رۆژی ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێوە، لەو رۆژەوە لە شار و دێ ، رۆژ و ھەفتەو مانگ و ساڵ نییە لە ڕۆژمێری ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان، یەکێتیی شەھیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێ. بۆیە شەھیدان روناکی رێگامانن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە، لێ کە کوردایەتی و ڕزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناکات، ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی ھەمەلایەنەی سیاسیی و مەدەنی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان ھیچی لێ چاو نییە.
سەروەری ئەوەی كە یەكێتی حزبی شەهیدانی كوردستانە، ئۆباڵێكی گەورە دەخاتە ئەستۆمان، ئۆباڵێك كە هەمیشە وەفاداری خوێنی شەهیدان بین، وەفاداری ئەو ئامانج و ئاواتانە بین كە ئەوان گیانی پاكیان لەپێناودا بەختكردووە.

لەم رۆژە پڕ شکۆو شانازیەدا ڕایدەگەیەنین خەبات بەردەوامی ھەیە و وەکو مەکتەبی شەھیدانیش داکۆکیکاری بەردەوام دەبین لەمافی کەسوکار و نەوەی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید، ھەروەها جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای سندوقی پشتگیری و ھاوکاری خانەوادەی شەھیدان و ئەنفالکراون و قوربانیانی جینۆساید ژمارە ( ٣٧) ی ساڵی ٢٠٠٧.

بانگەواز دەکەین ئەم یادە ببێتە مایەی بەخۆداچوونەوەی تەواو لە ھەموو ئاستەکان بۆ پارێزگاری لەبەرھەمی خوێنی شەھیدان و ڕەواندنەوەی نیگەرانی خەڵکی کوردستان کە سەرچاوەی قوربانیدان و تێکۆشانن.
نەوەو کەسوکاری شەھیدان ئامانەتی شەھیدانن و ئەوپەڕی توانامان دەخەینە گەڕ بۆ پارێزگاری لەناو و ناوبانگ و خوێنی شەھیدەکان بە درێژە پێدان بە رێبازە پیرۆزەکەیان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و تێکڕای شەھیدانی کورد و کوردستان.
                 
مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەرانی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە