.
01:28 - 20/11/2023
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت " هەرێم پێویستی بەدەستورە و پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانەش لەبارەی داهاتووی عیراقەوە هەبێ"
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عیراق لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند " بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە دەستوورێكی هاوتەریب لەگەڵ بەغدا هەبێت، هەرچەندە کێشە سەرەکییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەرناکات و دەبێت پرسی فیدراڵیزمیش لە عیراق چارەسەر بکرێت، چونکە بەبێ جارەسەرکردنی ئەو پرسە دەستوری کوردستانیش چارەسەر نابێت.
هاوکات، لە پانێلی (پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عیراق) لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك رایگەیاند "بوونی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و پێویستە دەستوورمان هەبێت، بەڵام پێویستە دەستوورەكەمان لەگەڵ دەستووری عیراق هاوتەریب بێت، نەك پێچەوانە بێت".
راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن عیراقەوە بۆ مافە دەستوورییەكانمان، دەستوور پێشێل كراوە، بەڵام بەشێكی ئەو پێشێلكارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان غیابی دەستوورمان هەیە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ووتیشی "بەڵێ كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات وەكو پرسی گرنگی بودجە و موچە كە بوونەتە كێشەی گەورە لە كوردستان، هەرچەندە كێشەكە لە دەستووری عیراق و زارەوەكانیدا ناو دەستوور نییە، پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئایا پێكهاتەكانی عیراق دەتوانن و دەیانەوێت پێكەوە بژین؟"
باسیلەوەشکرد، وەك كورد پێویستە پێش هەموو شتێك، نێوماڵی خۆمان یەكبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بكەین، هەروەها پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم كێشانە پێكەوە بەستراون".
لەبارەی فیدراڵیزمیشەوە جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند "پێكهاتەكانی عیراق بەشێوەیەكی جیاواز پێناسەی فیدراڵیزم دەكەن دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیش دەبێتە هۆی بوونی هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراقدا، بەبێ ئەنجومەنی فیدراڵیش ئەكرێ سیستمی فیدرالیزم لە عێراق جێبەجێ بكرێت، هاوكات پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە هەبێت"
هەروەها جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەشکردەوە، وەك هەرێمی كوردستان پێویستمان بە دەستووری دووەمە و پێویستە سیستمێكی خۆمانمان هەبێت، راستە دەستوور باڵانسی زیاتر دەداتە ژینگەی سیاسی، بەڵام ئەگەر عەقڵییەتێكی باشمان نەبێت دەستوور ناتوانێت هەموو كێشەیەك چارەسەر بكات، لەم روانگەیەشەوە عیراق پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە لە عیراقێكی ئازاددا بژین.".
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند"تەئكید دەكەمەوە پێش هەموو شتێك پێویستە عەقڵییەت هەموار بكرێتەوە، چونكە دەستوور و یاسا بەتەنها نابنە چارەسەر بۆ كێشەكان، لە رابردوودا كورد بەشدارێكی كارا بوو لە یاسای بودجە، بەڵام كورد چ سوودێكی لە یاساكە بینی؟ یان یاسا چ سوودێكی هەیە ئەگەر جێبەجێ نەكرێت؟"
سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی عیراق قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەكانی ئەم دواییە لە عیراق دەرخەری ئەوەن كە كێشەكان سیاسین و پێویستە گفتۆگۆی راشكاوانە و راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە بكرێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە