کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حیکمەت و هیمەتی مام جەلال بەردەوامە

.

05:19 - 19/11/2023

ھەستیار مارف ئاغا

هەڤاڵە شۆڕشگێڕەکانمان بۆمان دەگێڕینەوە کە لە (1/6/1975) دا، بە دەستپێشخەری و هیممەتی سەرۆک مام جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له دەرەوەی وڵات دامەزرا.
دەستپێکردن و هەڵگیرساندن و بەڕێوەبردن و درێژەدان بەشۆڕش، پلان و حیکمەت و ئازایەتی دەویست، سەرەڕای زۆری گیانفیدایی و بەرەنگاری و قوربانیدانی بێشومار، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی بە هێزی بازووی پۆڵاینی فەرماندە و پێشمەرگەکانی، ڕژێمی دیکتاتۆریی عیراقی بەگیربێنێت و سەرەنجام بیدات بە زەویدا.
لەدوای ڕاپەڕین بە هیمەتی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی، پێگە و سەنگی کورد لە عیراق و لە جیهاندا بەهێزتربوو، حکومەتی هەرێم دامەزرا و پەرلەمان و هەڵبژاردن بەرجەستەبوو.
لە پرۆسەی ئازادکردنی عیراقدا هەوڵەکانی کورد پێشەنگ بوو، سەرۆک مام جەلال وەک کەسایەتیەکی سیاسی خاوەن کاریزمای بە ئەزموون لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پرس و ڕای پێدەکرا و قسەی لێوەردەگیرا، خۆی و هەڤاڵەکانی بەشداری ئەنجومەنی حکومیان دەکرد، تا سەرەنجام وەک یەکەمین کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، بەشانازییەوە هەڵبژێررا.
زۆری هەڤاڵان و ئازایەتی پێشمەرگەکان و هەبوونی چەندین تێکۆشەر و سیاسەتمەدار و جوامێری یەکێتی، توانایەکی مرۆیی وای لە حیزبی شەهیداندا دروستکردوە، ئەستەمە بکەوێت.
هەرچەندە ململانێکان لە بۆتەی خەباتی یەکێتیدا وەک ناوکی ئەتۆمی هەندێک جار بەریەکدەکەوتن و دەجوڵان، بەڵام بە دڵسۆزی و خەمخۆری و لێهاتووی سەرۆک مام جەلال و ئیدارەدانی تەنگەژەکان، سەرجەم ئاراستەکان و توانا جیاوەزەکان، یەکیاندەگرت و دەخرانەوە سەرڕێڕەوەی خەبات و خزمەتی شۆڕش و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێدەکرایەوە.
لە دیداری یەکێتیدا، بۆ یەکێتی، بیرووبۆچونی زیاتر لە شانزە هەزار ئەندام و کادری یەکێتی وەرگیرا، لە پێشنیاز و دەرەنجامەکانی ئەم دیدارەدا کۆنگرەی پێنجی یەکێتی درووستبوو، سەرەڕای هەڵبژاردنی سەرۆک بافڵ و دەستنیشانکردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، یەکێتی ئەنجومەنی پشتیوانی پێکدەهێنێت، کە ژمارەیان سەد ئەندامە و وەک پەرلەمانی حیزب ناوزەد دەکرێت، کە ئیشیان پرس و ڕاو پشتیوانی و دروستکردنی لیژنەی تایبەتە بۆ چاودێری کار و چالاکیەکانی حیزب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەگشتی،کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا تازەگەرییەکی بێ وێنەیە لە شێوازی خەباتکردندا و کادیران هاندەدات بۆ نەوەستان وهەوڵدان و بەردەوامی لە خزمەتکردن.
حیکمەت و هیمەتی سەرۆک مام جەلال بەردەوامە، چونکە یەکێتی بە پێزانینەوە لە مێژووی خەباتی دوورودرێژی سەرۆک مام جەلال و هاوڕێکانی دەڕوانێت و هەموو جارێک وەک سەرچاوە پشتیان پێدەبەستێت، بۆ ئاسانکردنەوەی ئاڵنگارییەکان و دۆزینەوەی سەرەداوی گرێ کوێرەکان و بەرەوپێشەوەبردنی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان، بۆ چارەسەری کێشەکان و دروستکردنەوەی پردی پەیوەندیەکان، هەمیشە کەڵک لە ئەزموونی مام جەلال وەردەگرێت و سەرۆک بافڵ و تیمی یەکێتی، هەمیشە چارەسەری مام جەلال ئاسایی، دەهێننە کایەوە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە