.
05:19 - 18/11/2023
هەرچەندە هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەرێژەی لەسەدا 4 بەرزبوویەوە، بەڵام بۆ چوارەمین هەفتە لەسەر یەك لە دابەزین بەردەوامە.
بەپێی دواین مامەڵەكانی بازاڕی وزەی جیهان، نرخی نەوت لە كاتی داخستنی بازاڕەكان، لە شەوی هەینی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، بەشێوەیەك نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە دواساتەكانی مامەڵەكاندا، بۆ 80 دۆلار و 61 سەنت بەرزبوویەوە، هەروەها نرخی نەوتی سووكی تەكساسی ئەمریكاش بۆ 75 دۆلار و 89 سەنت زیادیكرد، بەوەش توانی قەرەبووی ئەو دابەزینە گەوەریە بكاتەوە، كە هەفتەی رابردوو تۆماریكردبوو.
شارەزایان پێیان وایە، بازاڕی نەوت كاریگەریی جیۆسیاسی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەكان ئەو شەڕە تەنها لە نێو شاری غەززەدایەو هیچ پەرەسەندێكی بۆ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە نەبووە، لەبەر ئەوەش پێشبینی ناكرێت پچڕانی نەوت لە جیهاندا بەهۆی شەڕەكە رووبدات.
لەلایەكی ترەوە داتاكانی چین كە گەورەترین هاوردەكاری نەوتی جیهانە، سەبارەت بەكەمبوونەوەی خواست لەسەر كڕینی نەوت، بووە هۆی زیادبوونی مەترسی لای وەبەرهێنەران، هەروەها پەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریكا، قەبارەی نەوتی كۆگاكراو زیادیكردووە، ئەوەش هێمای كەمبوونەوەی خواستە لەسەر نەوتی خاو لە ئەمریكا.
هاوكات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، بریارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا هاوپەیمانی ئۆپیك پڵەس تاووتوێی بازاڕەكانی نەوتی جیهان بكات، بەمەبەستی كەمكردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت ئەگەر پێویست بكات.@@@
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە