کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

‎ئەرسەلان مەحمود

.

01:59 - 16/11/2023

دایک و باوکی خراپەکارییەکان

 

‎ئەرسەلان مەحمود

 

‎لەم سەردەمە خێراو نوێگەرەی ئەمڕۆدا، شتێک نەماوە بەناوی خۆبەدەرکردن و خۆبەدورگرتن و دورکەوتنەوە لەسیاسەت، ئەو قۆناغە باریکرد یەکلاکردنەوەی کارە گەورەو گرانەکان بەزەمەن یان بەکارەکتەرە پاسیڤ و تەمبەڵ و نەشارەزاکان بسپێری، سیاسەت لەم ڕۆژگارە زیرەک و هەستیارەدا کارێک بەمرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکات عەقڵانەو بەپڕۆگرام و بەپڕۆژە نەبێ سەری خۆی لێسەرەودەر نەکات، بۆی نابێ بەدیار کاتەوە سوچی قەناعەت بگری و پاڵدەیتەوە، زەمەنی ئەمڕۆ زەمەنی ڕۆژەو ئاوڕ لەدوێنێ ناداتەوە، بواری ئەوە نادات بەدوای دۆزینەوەی ڕێگە ئاسانەکانەوە بین، ئەم قۆناغە قۆناغی کارەکتەری زیندو و زیرەک و پسپۆرە، "ئیدی درەختیش سیاسەتە".

 

‎تـاکی کوردو جڤاکی کوردی، ئیتر مەحکومە بەوەی بەشداری کارا بکاو قسەی خۆی هەبێ و دەنگی خۆی وەک ئەوەی پێویستە بـەرز بکاتەوە، ئەوانەی تادوێنێ بەبایکۆتی پرۆسەی سیاسی و ئینتخابی ویستیان واقیعەکە تەڵاقبدەن بەتەجروبە دەرکەوت لەڕەگەزە هەڵخرێنەرو تەمبەڵەکانی سیاسەت بوون، بزوێنەری واقیعەکەو ڕێگە ڕاستەکەی گۆڕان و گۆڕانکاری و خزمەتکردن بـەتـاک و کۆمەڵگە بەشداریکردن و خاوەندارێتی کردنە لەخۆت و دەنگ هەڵبڕینە، تاکی کاراو جڤاکی زیندوو ئەو بزۆکەن لەبری کەرەستەی سیاسی ڕوت، دەبێ خۆیان بزوێنەرو داینەمۆی گۆڕان و گۆڕانکاییەکان بن لەواقیعەکەدا، واقیع بەواقیع نەبێ ناگۆڕدرێت.

‎پێناسەکردنەوەو ڕاستکردنەوەو ڕاستەڕێکردنەوەی ئەم ڕەوشە هەمەکیە جڤاکیە کوردیەی بەناوی سیاسەتەوە دەگوزەرێ، لەڕاستیدا بەتەنها هەر ئەرکی حزب و ڕێکخراوەکانی بەرەی نیشتمانی نیە، زۆرینەی حزب و سیاسەتوانەکانی ئەمڕۆی کوردەواری بەداخەوە هەر ژاوەژاون، ئەم دۆخە تەژی لەغەوشە نابێ چیتر وەک بابەتێکی سیاسی و جیهانی سیاسەت پێناسە بکرێت، ئەمە سیاسەت نیە، ئەمە بابەتێکی پتر فەرهەنگی و پەروەردەیی بۆماوەیی خوازەو دژبەرەکانی نەتەوەسازی و دونیای نوێ بەناویانەوە دژ بەمێشک و دەرون و جەستەو ناسنامەو خواستەکانی تاک و جڤاک کوێرانە خستویانەتەگەڕ، ئەرکی تاکبەتاکی کوردە لەپێناسەکردنەوەو ڕاستکردنەوەو ڕاستەڕێکردنەوەی دۆخ ڕۆڵە مێژوویەکی خۆیان بگێڕن و نەوەی سەردەمەکەی خۆیان بن، تەمبەڵی و نەشارەزایی و هەڵاتن لەواقیع دایک و باوکی هەموو خراپەکارییەکانی دونیای ئێمەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە