کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ھەستیار مارف ئاغا

.

01:50 - 16/11/2023

لە کوردایەتی جوانتر نیە

 

ھەستیار مارف ئاغا

 

کوردایەتی تەنها شیعار نییە، کوردایەتی شۆڕشە، بەرەنگاربوونەوەیە، کوردایەتی لە ئەمڕۆدا بریتیە لە دڵسۆزی و خزمەتی هاووڵاتیان، گیانفیدای و قوربانیدن بۆ پاراستنی سەر و ماڵی خەڵکی.

بەهۆی داگیرکردنی خاک و سەرکوتکردنی میللەتەکەیەوە، کورد هەمیشە بەزۆری زۆرداری ڕاپێچکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بە ناچاری بڕیاری شەڕی داوا، ئەگینا میللەتی کورد میللەتێکی مرۆڤدۆست و حەقویست و شەیدای ژیانی ئاسایی شارستانیانەیە.

هەموو کەسێک دەزانێت کورد چەند  دوژمن و ناحەزی زۆرە، چونکە هەندێک جار دەبیستین لەملاولا هەندێک کەسی نەخوێندەوار بە نەوەی شەیتان و جنۆکە ناوماندەبەن، هەندێکیش سەرەڕای ئەوەی لە سەر خاک و وڵاتی باوباپیرانماندا دەژین، ئەوان هەر بە بێگانە بێ ناو و ناونیشان ناوماندەبەن، دەبینین هەندێک سەرۆکی وڵاتی چاوچنۆکیش، بە گاڵتە جاڕیەوە لەبەردەم جەماوەر و حیزبەکەی خۆیدا دەپرسێت، ئایا شوێنێک هەیە بەناوی کوردستانەوە؟ ئەوانیش بە هەستێکی ڕەگەزبەرستی نەگریسەوە دەڵێن نەخێر!.

پێشینەکانمان زۆر بە وردی و بەحەکیمانە، مام جەلال ئاسا، هەنگاویان ناوە و کوردایەتیانکردووە، ئەوەی لە توانایاندابووە بە زیادەوە کردوویانە، قارەمانەکانمان، سەرکردەکانمان، بێ ترس و سڵەمینەوە لە مەرگ، ڕووبەڕوی گەورەترین دیکتاتۆری سەدە وەستانەوە و چۆکیان پێدادا، کەسی وامان هەیە زۆر بە دڵسۆزی و لێبڕاوەی خەباتی کردووە، هەر بۆیە خۆی شەهیدە و گیانی پاکی بەختکردووە بۆ نیشتمان، باوکی شەهیدە و نەماوە، برای شەهیدە و هەر بەگەنجی ئۆغریکردووە، لە دوای خۆشی زیاتر لە چەندین منداڵی چاوگەشی بێنازبوون و بەجێماون بۆ نیشتیمان.

ئەم جوامێرانە زۆر دەگمەنن و بە دڵسۆزی و بە خۆنەویستی شۆرشیانکرد و بوون بەقوربانی، بۆیە دەوترێت لە کوردایەتی جوانتر و پاکتر نییە.

گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی شۆڕش، گەڕانەوە بۆ مەفرەزە سەرەتاییەکان بۆ هەڵۆی سوور و بۆ کۆمیتەی هەرێمەکان، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێت کە کورد هیچ کات نەبەزیووە و لە سەخترینکاتدا شۆڕشدەکات و هەڵدەستێتەوە.

شۆڕشی ئەمڕۆ شۆڕشی خزمەتی خەڵکە، شۆڕشی پشتیوانی خەڵک و گەیاندن و سەندنی داواکانی خەڵکە، چونکە گەر خەڵک نەبێت شۆڕش نابێت، گەر خەڵک بێزاربێت، کوردستان و هەستی کوردایەتی نامێنێت، وڵات دەبێت بە مۆڵگەی بێگانە و خاک داگیردەکرێت.

ئەگەر مەترسییەکان بە هەندوەربگرین و بەم هەست و نەریتەوە کوردایەتی زیندووبکرێتەوە، ئەگەر بەم دڵسۆزییە دیسانەوە خزمەت بە خەڵک و خاک و نیشتمان بکرێت، ئەوا کوردایەتی پتەوتردەبێت و پیاوەئازاکانمان سەرهەڵدەدەنەوە و هیچ هێز و هیچ داگیرکەرێک ناتوانێت لەناومانبەرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە