کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زمانی جادویی سنورە سەپێندراوەکان تۆخ ناکەنەوە

.

10:35 - 14/11/2023

زمانی جادویی سنورە سەپێندراوەکان تۆخ ناکەنەوە

‎ئەرسەلان مەحمود

‎نایەوێ وەک پارتییەک قسە بکات، بەڵام کاتێ لەچاوی تورکیاو بەدڵی پارتەکەی دەڕوانێتە سلێمانی، ئاسایی تەعبیرو تەعریفەکە هەر ئەوە دەردەچێ وتویەتی، ئێ ئەگەر هەبێ و چاوەڕێی ئەوە بکات ئاوی حەیات بەزێرابدا بێتە خوارێ، ئەمڕۆش نەبێ سبەی "لافاو" هەر ئەیبات!!
‎ ئەو زمانە جادوییەی ئاری هەرسین بۆ ساڵیادی سلێمانی قسەی پێدەکات، ئامانجەکەی ڕوونەو خۆی لەشکاندنی غروری شارەکەو خەڵکی شارەکە بەشکۆو شانازییەکەیەوە دەبینێتەوە، چونکە دژبەرانی ماف و ئازادییەکان ورد لەوە تێدەگەن ئەم غرورە هۆشەکییەی سلێمانی بووە بەمۆرانەی سەردڵی دژبەرانی ئازادی و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ حەیات لەبۆتەی تاکڕەهەندیدا قانگ بدەن، ئەگەرنا ئاری دەبێ بزانێ تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی هیچ کوێ و هیچ شتێک، نابنە هەڵگری هەمان خەسڵەت، هەموو شارو شارۆچکەیەکی کوردستان هەڵگری فرە تایبەتمەندی و جیاوازی تایبەت بەخۆیانن، بەڵام ئەوەی ئەو تایبەتبوون و جیاوازیبوونەی بەنمونە سلێمانی جیا دەکاتەوە، تایبەتی تایبەتمەندی و جیاوازی بوون و حەیاتی بوونەکەیەتی لەواقیعدا.
‎سلێمانی سەرکێش نیە، زیندووە، دەنگ و ڕەنگ و زایەڵەی لەدێر زەمانەوە ڕۆژانە ساڵەهایەک دەبڕێ و دەڕوا، سلێمانی یاخی نیە، قسەی خۆی هەیە، ئەو عەقڵیەتەی لەسەر"بەرد"ەو بەسیەتی گەر ئاری خۆی لەخوا نەکات دیارە، عینادەکان ئەوانەن هەر شتێک بکەوێتە دەروەی دونیا بینی خۆیان ڕەتیدەکەنەوە، نا عەقلانییەت ئا ئەمەیە.
‎سلێمانی، هەر ئەمڕۆ پێشگری پارێزگایەک نەبووە، مێژووە جوگرافییەکەی ڕوونە، لەوەتەی هەیە یەکەو پێگەیەکی سیاسی و ئیداری هەبووەو هەیەو وەک هەمیشەش هەر دارول مولکی بابانە، نە مەحکومی عەجەمەو نە سوخرە کێشی ئالی عوسمانیشە، دیدی ئاری هەرسین دیدێکی پۆپۆلیستی حزبییەو دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە بەپێشڕەوایەتی پارتەکەی ڕەوایەتی بداتە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاو بڵێت ئەگەر تورکیا ساحێبی ئێمە ئەوا خەڵکی تریش خاوەندارێتییان لەسلێمانی سەندوە.
‎ئاری و هاو هیواکانی باشترە ئەو فشارە لەپارتەکەیان بکەن تا مشوڕێک لەکوردداندنەوەی ئەو ناوچانە بخوات کورد بووەتە بێگانەو بێگانە تێیدا خاوەن ماڵە، یەکێتی ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی و حزبی ئەم دیوو ئەودیوی دێگەڵە نیە، خاکی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەخوێنی شەهیدەوە گەواهیدەری ئەم حەقیقەتەن و زمانی جادویی سنوری شەڕی سەپێندراو تۆخ ناکەنەوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە