.
10:17 - 13/11/2023
لەیادی ئەو شارەدا كە هەر لەسەرەتاوە بە پایتەخت دامەزرا
گەلاوێژ
ئەمڕۆ تەمەنی دامەزراندنی شاری سلێمانی 239 ساڵ تێدەپەڕێنێت و هێشتا ئەو لاوە چاپووك و بەهەڵمەت و بە هەڵوێستەیە كە بەرەو ئاسۆی گەشتر سەرقافڵەی كاروای پێشكەوتن و پەروەردەكردن و ڕابوون و هەستانەوەیە.
لەم بۆنە مەزنەدا وێڕای سڵاوی گەرم بۆ یەك بەیەكی هەموو ئەوانەی لەم شارەدا ژیاون و ئێستا لەم شارەدان و لەداهاتوویشدا لەم شارەدا دەژین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ مونەوەران و داهێنەران و شەهیدانی ئەم شارە نەوی دەكەم و چاوی كوڕ و كچە چاونەترسەكانی ماچ دەكەم.
شاری سلێمانی كە وەك مێژوو بۆی تۆماركردووین لە ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784ی زایینیدا لەلایەن بەهەشتیی ئیبراهیم پاشای بابانەوە وەك پایتەختی میرنشینەكەی دامەزراوە و بەناوی سلێمان پاشای كوڕیەوە ناونراوە، ئەمەیش نیشانەی خۆشەویستیی پاشاكانی میرنشین بووە كە سلێمانییان وەك جگەرگۆشەی خۆیان ناوناوە و داناوە.
لەوكاتەوە تائێستا سلێمانی هەر پایتەخت و هەر شاری شاران و هەر شاری هەڵمەت و قوربانی بووە و بەهۆی زۆریی چالاكییە فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییەكان و مەڵبەندی داهێنەرانەوە پەرلەمانی كوردستانیش ناویناوە پایتەختی ڕۆشنبیریی كە شایستەی خۆیەتی.
لەوەتەی بونیاتنراوە، ئەم شارە ملی بۆ هیچ زۆردار و ستەمكارێك نەداوە و تەنانەت دوژمنانی كورد و ناحەزانی شار، شاری سلێمانییان بە "سەری مارەكە" ناوبردووە، ئەمەیش بەسە بۆ ئەوەی بڵێن كە سلێمانی بەم هەموو نازدارییەی خۆیەوە چ چقڵێكی تیژی ناو چاوی دوژمنانی بووە.
لەم بۆنەیەدا هیوای سەرركەوتن و دەركەوتن و پێشكەوتنی زیاتر بۆ شاری سلێمانی دەخوازم و ئاواتی ئەوەم هەیە كە لەپاڵ دەستەخوشكە شیرینەكانی تریدا، هەولێری هۆلاكۆ بەزێن و دهۆكی دەلال و هەڵەبجەی شەهید و كەركوكی كوردستان و هەموو شار و شارۆچكە و ئاواییەكانی دیكەی هەرچوار پارچەی نیشتیماندا هەمیشە گەش و گەشاوەتر بن و بە یەكێتی و یەكگرتوویی و یەكانگیرییەوە بچنەوە بەگژ ناحەزان و دوژمنانی كورد و كوردستاندا.
لەكۆتاییدا دەڵێم: وەك چۆن چاو لەجوانیی دیمەن و گوێ لەئاوازی ڕەسەن و دڵ لە خۆشەویستیی ئەم شارە تێرنابن، هەر ئاوایش ستایشی ئەم شەكرە شارە بە زمان و بە قەڵەم ناكرێت، بۆیە لەگەڵ زێوەری شاعیردا دەڵێم"زینەتێكی هەیە سلێمانی... وەسفی ناكات زوبان بەئاسانی".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە