کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دۆخی ئێستا و ئەزمونێكی نوێی دانوستان

.

08:45 - 06/11/2023

دۆخی ئێستا و ئەزمونێكی نوێی دانوستان

لەتیف نێروەیی

بڕیارە رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لەسەر داوای سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی، گەڕێكی دیكەی دانوستان لە شارۆچكەی پیرمام ئەنجام بدەن.
ئەوەی وادەكات كە ئەم جارە بە دیدگایەكی كەمێك ئەرێنی ترەوە هەڵوەستە لەسەر ئەم خولەی دانوستانەكان بكەین، سێ خاڵی سەرەكین.
یەكەم: هەل و مەرج: هەمیشە هەل و مەرج كاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی دەكاتە سەر شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان.
 هەندێ جار هەل و مەرجی قۆناغی ئەنجامدانی دانوستانەكان لەمپەر و بەربەست لە بەردەم لایەنە دانوستانكارەكان دروست دەكات كە لایەنە دانوستانكارەكان  نەگەنە رێكەوتنێكی هاوسەنگی ئارەزوومەندانە.
هەندێ جاریش هەل و مەرج، دەبنە هاندەر و زەمینەخۆشكەر بۆ ئەنجامدانی دانوستان و خوڵقێنەری ئیرادە و بەرژەوەندی هاوبەش و گەیشتن بەڕێكەوتنی كۆتایی.
-  لەو روانگەیەوە دەكرێ هەل و مەرجی ئێستای هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكان و بەغداد هەلومەرجێكی گونجاو بێت  بۆ ئەنجامدانی دانوستان و بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و گەیشتن بە لێكتێگەیشتن. بۆ نمونە :
- هەل ومەرجی ئێستای هەرێمی كوردستان و كێشەی موچەی فەرمانبەران و ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم.
 -هەل ومەرجی ئێستای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان، كە لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدان، واپێویست دەكات هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی وپارتی لەڕێی دان وستانەوە كارێك بكەن كە بانگەشەیەكی هێمنانە لەو ناوچانە بەڕێوەبچێت و ركابەرییەكە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بێت و وەكو كورد بتوانین لە كەركوك زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە بەدەست بێنین و بە پلانی هاوبەش خۆمان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان ئامادەبكەین و كۆتایی بە دۆخە ناسەقامگیرەكەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە  بێنین.
- هەل ومەرجی  دەركەوتنی دەرهاویشتەكانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەبەغدا و هەندێ ناوچەی دیكەی عیراق وادەخوازێت كە هەردوو هێزی سەرەكی هەرێمی كوردستان لەڕێی دان وستانەوە بگەنە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەسەر بەرپرسیارەتیەكی هاوبەش و چونیەتی پاراستنی هەرێم لە پرۆشكی ئەو دەرهاویشتانە. لە روانگەی هەستكردن بە گرنگی سودوەرگرتن لە هەل ومەرجی ئێستا دەست پێشخەری بۆ ئاشتی و تەبایی و رێكخستنی ناو ماڵی كورد دەكات.
دووەم: بەهێزی دانوستانەكان: مەبەست لە بەهێزی دانوستانەكانی ئەم جارە  بۆئەوە دەگەرێتەوە كە تیمی دانوستانەكانی هەردوولا بەشێوەیەكی هاوسەنگ ولەسەر ئاستی باڵای حزبی و حكومی  بەشداری لە دانوستانەكان دا  دەكەن و  دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بڕیاردان یان  ڕێكەوتن لەسەر ئاستی حكومی و حزبی و سیاسی. پێ دەچێ لەم گەڕەی دانوستاندن دا  كەمترین رەخنەو گلەی لەیەكتر بكرێت. چونكە  لە كۆبوونەوەكانی پێشۆدا هەردوولا لەسەرئاستی  حكومی و حزبی زۆرترین رەخنەیان  لەیەكتر گرتووە،بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەمجارە فكۆبوونەوەیێكی جددی  لەسەر چونییەتی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان بكرێت.
سێیەم :ئەزموونی دانوستان: پسپورانی زانستی دانوستان لەو بڕوایەدان كەبەهۆی ئەنجامدانی دانوستانی درێژخایەنەوە، لایەنە بەشداربووەكانی دانووستان ئەزموون وەردەگرن و سود لەخالە  بەهێزو لاوازەكانی خولەكانی پێشۆ وەردەگرن. كەسانی دانوستانكار لە دانوستانی درێژخایەن ئەزموون وەردەگرن كە باشتر لەگرنگی پشۆدرێژی، سینگفراوانی، لێبوردەیی، بوێری، نەرمی نواندن، رەچاوكردنی بەرژەوەندی لایەنی بەرامبەر تێدەگەن. چونكە ئەم خەسڵەتانە دەبنە بناغەی یەكتر قبوڵكردن و دۆزینەوەی خالە هاوبەشەكان و بەرەوپێشچوونی دانوستانەكان. دواجار ئەو ئەزموونە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ سەركەوتنی دانوستان و گەیشتن بە ڕێكەوتن.
بۆیە ئەگەر هەمان ئەزموون بۆ دانوستانی هەردوولا بكرێت بە پێوەر، ئەوا دەكرێ بە دیدێكی ئەرێنییە وە سەیری ئەم خولەی دانوستانەكان بكرێت، چونكە  دانووستانی درێژخایەنی نێوان یەكێتی وپارتی و بەردەوامبوونی دۆخی نائاسایی نێوان هەردوولا، كۆمەڵێك پرسیاری جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا هێناوەو وەڵامی ئەو پرسیارانە نەبۆ هەرێم و نەبو خۆدی ئەو دوولایەنە دڵخۆشكەرنین و بەئەزموون وەرگرتن لە دانووستانەكانی پێشۆ دەكرێ وەڵامی ئەم جارەی پرسیارەكان بۆخەڵكی  هەرێم  دڵخۆش بێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە