کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتیی دۆخەکە لەبەرژەوەندی دۆزەکەدا دەگۆڕێ

.

11:53 - 31/10/2023

ئەرسەلان مەحمود

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆی یەکێتییەکان و جەماوەرەکەی بەتایبەتی و هەموو ئەو هێزو لایەن و حزبانەیش خۆیان لەبەری نیشتمانی و لەهێڵی ئازادیخوازیدا دەبیننەوە، خستووەتە ژێر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەردەم ئەم قۆناغە هەستیارو چارەنووسسازە ناوخۆیی و ناوچەییە بەپێشهاتووەدا.

 

هەنگاوی یەکەمی ئیلهامبەخش و قبوڵکردنی ئــەو بەرپرسیارێتییەش لەبری لۆمەکردنی خۆبەخۆو یەکتری، کۆبوونەوەو نواندنی یەکهەڵوێستیە لەدەوری ئەم گوتارە ڕون و ڕاشکاوە نیشتمانیەی خۆی لەناوەرۆکی دواپەیامی کۆنگرەو دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتییدا دەبینێتەوە، بۆ یەکخستنی وزەو هێزە کوردستانییەکان تایبەت لەبەغدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەواوی ئاڵانگارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هەرێمی و عیراقی و ناوچەیەکان، هەروەها پەیوەست بوونە بەخوێندنەوەو تێگەی ئەگەرەکان نەک کەوتنە ژێرباری ئاستەنگ و بەربەستە نائومێدکارەکان، ئەوەی خەریکە مرۆڤی کورد وێران دەکاو شوێنگەو پێگەی هەرێمەکەمان بەرەو داڕمان دەبات، خولانەوەیە لەبازنە داخراوەکانی نەرێت و توانەوەیە لەبەرژەوەندییەکانی دەرودراوسێ و وەهمی ئومێدی موزەییەفی شۆڤێنیزمی مەزهەبی و جەمسەرگەرایی ناوچەییدا.

 

حزب و کارەکتەرە کارگەرو سەرکەوتووەکان، ئەوانەن بەکردەوە لەوەها بەرپرسیارێتییەک، لـەوەهـا ڕاستەقینەیەک تێدەگەن، نەک ئەوانەی دەسکەوت و ئامانجی بچوک و پوچی خێلەکی و حزبی و هەرێمی کۆیان دەکاتەوە لەسەر سفرەی شەرمەزاری بـەدفەرو بێفەڕی جڤاکی، سیاسی، ئیداری و خەدەمی، ئـەو ڕۆژەی تۆی کادر تۆی حزب و تۆی کارەکتەرو تۆی دەسەڵات بـەرپرسیارێتی تـەواوەتی خـۆت هەڵدەگری لەهەمبەر وەها دۆخێکدا، ئەو ڕۆژەیە وازت لەموماتەڵە کردن بەژیان و گوزەرانی  خەڵک و داتاشینی سیناریۆو هەر بڕو بیانوویەک هێناوەو بەکردەوەو نیشتمانیانە هاتوویتەوە ناو گۆڕەپانەکەو بەیەکەوە تێکۆشان دەکەی.

 

ئەوەی لەتیمکارو بەیەکەوە کارکردندا دەبێتە مایەی کێشەو سەرئێشە، جیاوازی هزری و فرەڕەنگی و فرەدەنگی و فەرهەنگی نیە لەژیانی حزبی و ئیداری و بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حکومڕآنێتیی دا، شەتکدانی ئەجێنداو بەرژەوەندی نانیشتمانی جیاوازە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبنەماو مانا ڕێز لەجیاوازییەکان دەگرێت و لەناویاندا دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەکارو پڕاکتیکدا بەبنەما دەگرێت، کێشەی کورد لەگشتیدا کێشەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکپاکێجەو کۆدەنگی لەبڕیارو گوتاری کوردستانیدا جگە لەوەی دەتوانێ دۆخەکە لەبەرژەوەندی دۆزە ڕەواکەیدا بگۆڕێ، ڕەگی بەرپرسیارێتی و توخمی سەربەخۆیی ڕاستەقینەش لەدەرونی نەوەی ئەم سێ دەیەی دوای ڕاپەڕیندا دادەکوتێ و شکۆفە پێدەکات.

 

سەرکەوتن لەهەر ئاستێکی نیشتمانی گەورەدا پێویستی بەقبوڵکردنی بەرپرسیارێتی نیشتمانییە، تاکە تایبەتمەندی هەر کارەکتەرو حزب و هێزێکی سەرکەوتوو هەڵگرتنی وەها بەرپرسیارێتییەکە، نەک تۆمەتبارکردنی بێمروەتانی ئەویترو بەشینەوەی بوغزو غەریزەی ڕوتی حزبی و دڕدۆنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕەنگکردنی خەڵک و جیاکاری ناوچەیی و جوگرافی، لەئامرازە هەرە کوشندەکانی جڤاک و دەسەڵاتن، شکستەکان بەڕێژەی ڕەها لەو کارەکتەرو حزب و دەسەڵات و دەسەڵاتدارانەوە دێن نەرێتیان هەیە بۆ پاکانەو پاکتاوکردنی هەڵەوڕی و سەرچیخ چونەکان، ئەوە هەست و بەرپرسیارێتی یەکێتییە دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە کەش و هەوایەکی نوێ و ناوازە دروست بکات لەژینگەی جڤاکی و سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان دا، هەڵبەتە بۆ حزب و هێزو لایەنەکانی تریش لەبەرامبەردا بابەتەکە پشت دەبەستێت بەوەی دواجار دەیکەنە بژاردە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە