کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزیری ڕۆشنبیری خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە هونەرمەند فەرید ئیلهامی

.

06:43 - 30/10/2023

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە هونەرمەندی كورد فەرید ئیلهامی.

ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا، كە بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەت و ژمارەیەك لە هونەرمەند و ڕۆشنبیران لە هۆڵی بێشكچی لە دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوەچوو، خەڵاتی ڕێزلێنانی وەزارەت بەخشرایە هونەرمەند فەرید ئیلهامی.

لە مەراسیمەكەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە وتەیەكدا ڕایگەیاند: وەزارەت هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئامێری تەمبوور وەك ئامێرێكی میوزیكی دێرینی كورد لە یونسكۆ تۆمار بكرێت.

وتیشی: خەڵاتكردنی فەرید ئیلهامی، كە وەك باڵیۆزی كورد لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆسكۆ بەشداریكرد و توانی خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵەكە بەدەستبهێنێت، بەشێكە لە هەوڵەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ بایەخدانی زیاتر بە ناساندنی ئامێری تەمبوور.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نامق هەورامی، وتەبێژی وەزارەت و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان، ئاماژەی بە ئامادەیی كاریگەری فەرید ئیلهامی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كوردی مۆسكۆ كرد و ڕایگەیاند: بەرپرسانی پەیمانگەی چایكۆڤسكی و ناوەندە زانستییەكانی میوزیك لە ڕووسیای فیدڕاڵ گەواهی ڕەسەنایەتی هونەری فەرید ئیلهامی دەدەن و بە سامانێكی گرنگی مرۆڤایەتی وەسفیان كرد، هەر بۆیە شایستەی خەڵات و ڕێزلێنانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە.

لە مەراسیمەكەدا، هونەرمەند فەرید ئیلهامی، پارچەیەك میوزیكی بە ئامێری تەمبوور ژەنی و دواتر وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان خەڵاتی ڕێزلێنانی وەزارەتی پێشكەش كرد. هەروەها ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەت چەپكە گوڵی ڕێز و پێزانینی پێشكەش بە هونەرمەند كرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە