کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی لەبارەی درامای گەردەلوولەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە

.

08:32 - 06/09/2023

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی درامای گەردەلوول دەڵێت: ئەوکاتەی مامۆستا جەلیل زەنگەنە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درامای گەردەلوول بووزۆرجار دەمبینی هێرۆخانی دایکم زۆر پەرۆشی تەواوبوونی کارەکەیە، بۆم پرسیاربوو، کە ئاخۆ دەبێت چ بەرهەمێک بێت وا دایکم زۆر بەتەنگیەوەیەتی؟! بەڵام دوای تەواوبوونی نمایشکردنەکەی، کە بینیم مامۆستا بەو ئیمکانیەتە کەمەی بەردەستی چ شاکارێکی دروستکردووە، لە پەرۆشییەکەی دایکم تێگەیشتم.

ئەمڕۆ 6ی ئەیلوول، لە مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە دەرهێنەری گەورەی کوردجەلیل زەنگەنە و لە رێوڕەسمەکەدا بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی ئەو دەرهێنەرە کرا لە بواری فیلم و درامای کوردی، لە بەشێکی رێوڕەسمەکەشدا، وتاری قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال خوێندرایەوە، کە لە بەشێکیدا هاتووە: "ئەمڕۆ رێز لە مامۆستا جەلیل دەگرین لە پای هەموو خزمەتەکانی بە هونەری کوردی، رێزی لێدەگرین بەهۆی راستگۆیی و ئینسافەکەیەوە، کە بەدوور لە هەر چەشنە کاریگەرییەکی حزبی و سیاسی، مێژووی کورد و ئازارەکانی ئەم میللەتەی وەک خۆی خستووەتە سەر شاشە".

دەقی وتارەکەی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال.....

مامۆستا جەلیل زەنگەنە لەبیرەوەریی ئێمەدا تەنیا بریتی نییە لە گەردەلوول، بەڵکوو ئەو بە (مەرەزە) و فیلمەکانی (مامەڕیشە) و (خولەپیزە) و چەندین فیلم و درامای تر، مێژووی شۆڕشەکانی کورد و جوانی و ناشرینییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بە چاو و گوێی نەوەکان ئاشناکرد و لە گەردەلوولیشدا، هونەرەکەی خۆی گەیاندە لووتکە.

ئەمڕۆ رێز لە مامۆستا جەلیل دەگرین لە پای هەموو خزمەتەکانی بە هونەری کوردی، رێزی لێدەگرین بەهۆی راستگۆیی و ئینسافەکەیەوە، کە بەدوور لە هەر چەشنە کاریگەرییەکی حزبی و سیاسی، مێژووی کورد و ئازارەکانی ئەم میللەتەی وەک خۆی خستووەتە سەر شاشە، ئەوەی مامۆستا جەلیل دەبێت شانازی پێوەبکات و هونەرمەندانی تر دەبێت وەک نموونەیەکی بەرز سەیری بکەن، ئەوەیە، کە خەڵک مامۆستا وەک هونەرمەندێکی راستگۆ دەناسن و متمانەیان بەو گێڕانەوەیە هەیە، کە لە بەرهەمەکانیدا پێشکەشی بینەرەکانی کردووە.

مامۆستا جەلیل لە روویەکی دیکەشەوە کەسێکی تایبەتە، ئەوکاتەی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درامای گەردەلوول بوو، زۆرجار دەمبینی هێرۆخانی دایکم زۆر پەرۆشی تەواوبوونی کارەکەیە، بۆم پرسیاربوو، کە ئاخۆ دەبێت چ بەرهەمێک بێت وا دایکم زۆر بەتەنگیەوەیەتی؟! بەڵام دوای تەواوبوونی نمایشکردنەکەی، کە بینیم مامۆستا بەو ئیمکانیەتە کەمەی بەردەستی چ شاکارێکی دروستکردووە، لە پەرۆشییەکەی دایکم تێگەیشتم.

لە کۆتایی ئەڵقەی گەردەلوول نووسرابوو، " گەردەلوول لێرەوە دەستپێدەکات"، جوانترین رستە و جوانترین کۆتایی بوو، چونکە گەردەلوول فیعلەن لەوێوە دەستیپێکرد، دڵنیام بەشی چوارەم و پێنجەمی گەردەلوولیش، گێڕانەوەی هەموو راستییە مێژووییەکان دەبێت و لەئێستاوە چاوەڕوانم.
جارێکی تر سوپاس مامۆستا، بۆ هەموو خزمەتەکانت بە هونەری کوردی.

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە