کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆمپانیای ئەپڵ 61 ملیۆن ئایفۆنی فرۆشتووە

.

01:45 PM - 30/04/2015

كۆمپانیای ئەپڵ لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 61 ملیۆن و 170 هەزار ئایفۆنی فرۆشتووە و سوودی ئەو كۆمپانیایە بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو سەدا 33 زیادی كردووە و گەیشتووەتە 13.6 ملیار دۆلار.

كۆمپانیای تەكنۆلۆژیكی ئەپڵ قازانجی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵی بە بەراوەرد لەگەڵ قازانجی سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردووی سەدا 33 زیادی كردووە و بووەتە 13.6 ملیار دۆلار.

كۆمپانیای ئەپڵ لە راپۆڕتێكدا لەبارەی چارەكی دووەمی ساڵی 2015وە ئاماژەی بەوە كردووە كە لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا ئەو كۆمپانیایە بڕەی 58 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و بڕەی 13.6 ملیار دۆلار قازانجی هەبووە.

داهاتی ئەپڵ لە چارەكی دووەمی ساڵی 2015دا بە بەراورد لەگەڵ چارەكی دووەمی ساڵی 2014 سەدا 27 زیادی كردووە و قازانجیشی لە هەمانكاتدا سەدا 33ی زیادی كردووە. لە چارەكی دووەمی ساڵی 2014 ئەپڵ 45.6 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و بۆ هەر پشكێكیش 1.66 دۆلار و قازانجیشی 10.2 ملیار دۆلار بووە.

لە راپۆڕتەكدا ئاماژە بەوە كراوە كە كۆمپانیای ئەپڵ چاوەڕوانی 56.1 ملیار دۆلار داهاتی لەو ماوەیەدا كردووە و لە بارەی قازانجی پشكەكانیشەوە باسی ئەوە كراوە كە بۆ هەر پشكێك 2.33 دۆلار دانراوە و قازانجی هەر پشكێكیش 2.16 دۆلار بووە.

لەبەشێكی دیكەی راپۆڕتەكدا ئاماژە بەوە كراوە كە فرۆشتنی زیاد لە ئاستی چاوەڕوان كراوی ئایفۆنەكان یەك لە هۆكارەكانی زیادبوونی داهاتی ئەو كۆمپانیایە بووە و لە یەكی كانوونی دووەم تا 28ی ئادار زیاتر لە 61 ملیۆن و 170 هەزار ئایفۆن فرۆشراوە و كە بە بەراورد لەگەڵ رێژەی فرۆشی ساڵی رابردوو سەدا 40 زیادی كردووە. لە چارەكی یەكەمی ساڵدا كۆمپانیای ئەپڵ توانیویەتی 74 ملیۆن و 500 هەزارئایفۆن بفرۆشێت.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە