.
03:07 - 14/06/2023
شوانی وەرزشوانانی دێرینی كوردستان كۆچی دوایی كرد
زاگرۆس نانەكەلی
شوان تەڵعەت دزەیی وەرزشكاری دێرین و ناوێك ناسراوتر لە پێناسە و وەرزش لە كوردستان و شاری هەولێر، سەعات 7:10 بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 14-6-2023 كۆچی دوایی كرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای بیستی هەواڵی كۆچی دوایی وەرزشوانی دێرین شوان تەڵعەت دزەیی، وەرشوانی دێرین و دۆستان و خزمان و بنەماڵەی كۆچكردوو بەرەو گۆڕستانی مەعمەل قیر بەرێكەوتن بۆ رێورەسمی ناشتنی كۆچكردوو.
جێگای ئاماژەكردنە شوان تەڵعەت دزەیی یاریزان و راهێنەرێكی دێرین و دڵسۆزی یاری باسكەی كوردستان بوو، مرۆڤێك وەك گەوهەر و مرواری پاك بوو لە ماندبوون و كاركردن بێ بەرانبەر، هەمیشە لەخەمی وەرزشوانانی دێرین و دەنگێكی بەرزیش بوو بۆ ناڕاستییەكان، وەرزشوانێك بوو هەردەم لەگەڵ یاریزان و راهێنەر و كەسی خەمخۆر بوو و پێچەوانەكەشی لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی دۆست نەبوو، زوو زوو هەڵدەچوو، بەڵام راستگۆ بوو، زۆر خەمی لەوەرزش دەخوارد، هەمیشە دەنگی بەرزدەكردەوە، بەڵام بۆ راستی.
بەڵی شوان تەڵعەت شوانی راستەقینە و چاودێر و چاوساغی وەرزشوانانی كوردستان بوو، ئەو هەمیشە لە گیرفانی خۆی خزمەتی دەكرد و دەیگوت: با خۆمان خزمەتی یەكتر بكەین، كۆچكردوو جگە لەمانەش (شێخ رەزای تاڵەبانی) ئاسا لە ناو پاشا و گەدا قسەی حەقی خۆی دەكرد و جارجارەش نوكتەیەك و بەسەرهاتێكی خۆشی دەگێڕایەوە و هەموانی دەخستە قاقای پێكەنین.
شوان تەڵعەتی كۆچكردوو، تێكڕای خانەنشینەكان لەباغی شار لە هەولێر، چاوەڕێی شوان تەڵعەتیان دەكرد، بۆ ئەوەی دڵنەوایی و قسەخۆش و دەنگوباسی دونیایان بۆ بكات، هەموو بەكورسییەكانی باغی شار بازنەیەكیان دروست دەكرد و شوانی كۆچكردووش قسەی خۆشی بۆ دەكردن، بەڵام لە بەیانییەوە،شوان تەڵعەت چووە دونیای حەق و باغی شاریش بێ شوان مایەوە!.
كورتە باسێكی ژیانی كۆچكردوو شوان تەڵعەت
شوان تەڵعەت موشیر دزەیی، ساڵی 1953 لە گوندی سیاوی شاری هەولێر لەدایك بووە، ساڵی 1977 پەیمانگای مامۆستایان/ بەشی وەرزشی تەواوكردووە، خێزندارە و دوو كوڕ و دووكچی هەیە، سەرەتا ساڵی شەستەكان لە قوتابخانەی موزەفەریە وەرزشی دەستپێكردووە بە یاری تۆپی سەرمێز، هەنگاو بەهەنگاو چۆتە هەڵبژاردەی پەروەردە و هەڵبژێردراوە بۆ تەدریباتی هەڵبژاردەی عیراق.
دواتر چۆتە ئیسكان و پاشان چۆتە قوتابخانەی زازا لەلای كۆچكردوو فاروق تۆفیق دەستیانكردووە بە یاری باسكە و وازی لە تۆپی سەرمێز هێناوە، لەباسكە قۆناغەكانی تازەپێگەیشتوانی عیراقی بڕیوە، دواتر لە هەڵبژاردەی باسكەی لاوانی عیراق وەرگیراوە، لە پاڵەوانیەتی (سەداقە) لە وڵاتی ئوردن یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوانی باسكەی عیراق كردووە تا ساڵی 1970، ساڵی 1982 بەیەكجار وازی لەیاریكردن هێناوە، دواتر بۆتە دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر، دواتر سەرۆكی لقی باسكەی عیراق بووە لە هەولێر، دوای راپەڕین بۆتە سەرۆكی یەكێتی ناوەندی باسكەی كوردستان، یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، دواتر بۆتە سەرۆكی باسكەی هەولێر، كۆچكردوو یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان ساڵی 1974.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە