کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەپایتەختی ئازادی میسی سزادرا!.

.

01:52 PM - 06/06/2023

میسی تەواوكەری ئیڤڵ بوو بۆ فەڕەنسییەكان!

زاگرۆس نانەكەلی

سەردەمی هەرزەكاری دەیانگوت: بەهەشتی خەونەكان و لوتكەی ئازادی وسەربەخۆی پاریسە،ئیتر ئەو قسە بووە قەوان هەموو تاكێكی كورد لە رۆشنبیر و فەقیر بەبێ موناسەبە ئەو قسەیان باس دەكرد بۆ ئەوەی بڵێن زۆر موسەقەفە وشت دەزانێ.

یاری كۆتایی مۆندیالی 2022 زۆرشتی شاراوەی ئاشكراكرد،ئەرژەنتین یان فەڕەنسا كێ بردیەوە ئەوە ئەسڵەن كێشە نیە،بەڵام دەڵێن گیانی وەرزشی و دروشمی یەكسانی وخۆشەویستی و تاد،ئەوانەی هەمووی تا رۆژی خۆی وەك مانگی چواردە شەوق و رەونەقی دایەوە،راهێنەری فەڕەنسی لەكاتی لێدانی یەكلاكەرەوە باسیان كرد بە یاریزانەكانی خۆی گوتبوو (مەیمون!!)،باشەئەی خەڵك وهاندەرانی دەرەوەی فەڕەنسا چی بەو یاریزانانە دەڵێن؟،زۆر شتی تر هەیە،بەڵام مۆندیال كۆتایی هات و ئەم دۆسیە چووە مێژوو.

میسی گەڕایەوە فەڕەنسا،فەڕەنسییەكان قبوڵیان نەكرد ئاهەنگی سەركەوتن ورێزلێنان بۆ میسی بكرێت،كەچی ئەو یاریزانەی ئەرژەنتین كە پیشەگەر بوون،شایستەترین رێزلێنان وئاهەنگیان بۆ سازكرا لەلایەن یانەكان وهاندەرانیان،میسی تەنها لە یەكەی مەشق وراهێنانی یانەكەی رێزلێنانی بۆ كرا،بەڵام بەبێ (مباپی و حەكیمی) بەیانوی چوونە ئەمرێكا بۆ یاری باسكە!،ئەوەش كێشە نیە!.

رقی شكستی فەڕەنسییەكان بەوەش نەوەستا،باشترین یاریزانی مۆندیال بەبێ هۆكار (فیكە و هۆیهای) لێكرا،هەر بەوەش نەوەستان،چەند یارییەك ئەمە رەفتارە نا وەرزشییە دووبارە وسێ بارە كرایەوە،لەبەرانبەردا ئەم وەرزە میسی چی بۆ یانەی پاریس سان جێرمان كرد؟ تاقەتی گۆڵ ژماردن وئەسێست و شتی ترمان نیە،بەڵام میسی نە پەرچەكردار و نە وڵامدانەوەی هەبوو وتەنانەت بە یەك ووشە و یەك رەفتاریش!.

پاریس بەوەش نەوەستا،نەك میسی ویانەی پاریس سان جێرمان،هەموو یاریزانێك و یانەیەك،دوای یاریكردن و رۆژی دوای راستەوخۆ دەبێتە پشوو،میسییش ئەم رۆژەی پشووی قۆستەوە چووە سعودیە،میسییان سزادا بەبیانوی ئەوەی بەبێ مۆڵەتی یانەكە رۆیشتووە،دوویاری سزایاندا،بەس رقەكەیان بۆ ئەوە بوو بڵێن ئێمە باشترین یاریزانمان سزادا،میسیش بەفەرمی داوای لێ بردنی لەیانەكەی كرد،بەڵام زۆر بەناوەرزشی مامەڵەیان لەگەڵ كرد،ئەمەش كێشە نیە.

تای دۆڕاندنی فەڕەنسییەكان لەمۆندیال هێشتا بەری نەداون،میسیش بووە نیشانە بۆ ئەوەی رقی خۆیانی پێدەربكەن،چونكە میسی لەگەڵ مباپی باشترین یارییان لە مۆندیال كرد،بەڵام میسی بە تەمەنی(35) ساڵی بووە باشترین یاریزانی یاری كۆتایی وباشترین یاریزانی مۆندیال و مۆندیالەكەشی بردەوە،رقەكە بەرانبەر میسی توند وقورس و ئاڵۆزتربوو،لەبەرانبەردا چوار مۆندیالی پێشوو، میسی تووشی شكست بوو ونەیتوانی مۆندیال بەدەست بێنێ،بەتایبەتی مۆندیالی 2014 بەتاكە گۆڵی (ماریۆ گۆتسە) ئەڵمانی،شكستی بە میسی وئەرژەنتین هێنا، دونیاش وێران نەبوو،ئینجا (ماریۆ گۆتسە) چووە لای میسی دڵی داوە وێنەیەكی یادگاری لەگەڵ چركاند،ئەی ئەمە گیانی وەرزشی راستەقینە نیە؟!.

رۆژی هەینی رێكەوتی 2-6-2023 گالییە راهێنەری پاریس لە كۆنگریەكی رۆژنامەوانی گوتی: بۆمن شەرفمەندی وخۆشحاڵیە راهێنەری باشترین یاریزانی تۆپی پێ مێژوو بووم،دواتر گوتی : پێموایە رەخنە و لێدوان لە دژی میسی ڕەوا نابێت وهیوادارم باشترین پێشوازی لێبكەن لە دوا یاری كۆتایی خولی فەڕەنسی.

كۆتایی
ئەم لێدوانەی راهێنەر چەند لێدانێكی قێزەوەن و رقاوی و توندی لێدروست بوو،یەكەم،رۆژنامەكانی فەڕەنسا بەڕووی راهێنەر تەقینەوە،دووەم هاندەران دیسان فیكە وهۆیهایان لە میسی كرد،سێیەم راهێنەری پاریس ئاوت،میسی و نیماریش بەشداری ئاهەنگی بوون بە پاڵەوانی فەڕەنسایان نەكرد لەگەڵ یانەكەیان!.

میسی بەو فیكە و هۆیهایانەی پایتەختی ئازادی و رۆشنبیری لای هەوادارانی تۆپی پێ بەنرختربوو،بەڵام دوای سەدەیەك تێدەگەن چۆن تاوەری ئیڤڵ بووە رەمز و ناساندنی فەڕەنسا،ئاواش تێدەگەن كەدەبێت پەنجەی پەشیمانی بگەزن بۆ فیكە و هۆیهایەكەیان،چونكە میسی تەواو كەری ئیڤڵ بوو بۆ فەڕەنسییەكان، چونكە ئەو خولە بەهێزەیان نەبوو،گەر سەرۆكی یانە پاریسیەكەنەبوایە،میسی تەنها بۆ وێنەگرتن لەگەڵ تاوەری ئیڤڵ دەچووە فەڕەنسا نەك بچێت یاری بۆ ئەم یانەیە بكات!.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە