.
10:46 - 05/06/2023
ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆر کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی هەرێم، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانان خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد وەک یەکەم هێزی دژەتیرۆر لە کوردستان و هەوڵەکانیان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم. وتیشی "ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە. چالاکییەکانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە"
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت تاوەکو قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان"
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد لەبەرامبەر هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناو خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.


.jpg)
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە