کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی: یەكێتی ئومێدی بۆ خەڵك گەڕاندەوە

.

08:14 PM - 01/06/2023

ئەمڕۆ پێنج شەممە 2023/6/1 لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و كونسوڵی وڵاتان و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حزبی و حكومی رێوڕەسمی یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.

لەو رێوڕەسمەدا كە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال بەڕێوەچوو، سەرەتا قوباد تاڵەبانی بەناوی سەرۆك و سەركردایەتی یەكێتی بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد و رایگەیاند: یەكێتی لە قۆناغێكی قەیراناوی و پڕ لە نائومێدی بۆ خەڵكی كوردستان دروستبوو، لە ساڵی 1975 دا دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ ئومێدیشی بۆ خەڵك گەڕاندەوە.

 

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: دوای دە ساڵی پڕ كێشە و ئاڵۆزی بۆ یەكێتیی كە دامەزرێنەر و رێبەری یەكێتیی سەرۆك مام جەلال نەخۆشكەوت و بەداخەوە كۆچی دوایی كرد، قۆناغێك كە قارەمانی گەلەكەمان كاك كۆسرەت و خانمە پۆڵاینەكەی یەكێتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەم  نەخۆشكەوتن هەم ناچاربوون دوور بكەونەوە، دواجار هیوا و سەقامگیری بۆ حزبەكەمان دەگەرێتەوە و لە ئێستاشدا بەسەركردایەتی كاك بافڵ بەهێزێكی نوێ جارێكی تر هیوا دەگەرێنینەوە بۆ ئایندەیەكی گەشتر بۆ خەڵكی كوردستان.

 

سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال روونیشیكردەوە: یەكێتی‌ هەوڵدەدات كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكات، ئێمە پێمانوایە كە هێزی‌ كوردستان لە بەهێزبوونی‌ لایەنە كوردستانییەكان لە بەغداوە سەرچاوە دەگرێت، ئابووریمان بەهێز دەبێت لەرووی‌ ئابوورییەوە لەگەڵ‌ عێراق یەكگرتووبین، داهاتوومان مسۆگەر دەبێت ئەگەر مافە دەستوورییەكانمان لە ئاستی‌ فیدڕاڵیدا مسۆگەر بكەین.

 

قوباد تاڵەبانی‌ وتیشی: بۆ ئەوەی‌ ئێمە لە بەغدا بەهێز بین دەبێ لە كوردستانیش یەكگرتوو بین و لەمڕۆژەدا جارێكی‌ تر دەستی‌ دۆستایەتی‌ بۆ هەموو خوشك و برایەكانمان لە پارتە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان درێژدەكەینەوە و داوا دەكەین كە دووبارە دەست بە دیالۆگێكی‌ نیشتمانی‌ بكەینەوە هەڵوێستەكانمان یەكبخەین و پێكەوە كاربكەین بۆ ئەوەی‌ باشترین خزمەت بە خەڵكی‌ كوردستان بگەیەنین.

 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: رووداوەكانی‌ ئەم دواییە دەریانخستووە كە سیاسەتی‌ قۆڵبادان و فەرزكردنی‌ ئیرادە بەسەر یەكتریدا تەنها دەبێتە هۆی‌ شكستی‌ بەكۆمەڵ‌.

لە كۆتایی وتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی‌ راشیگەیاند: لەگەڵ‌ ئامادەكاری‌ بۆ هەڵبژاردن و بەڵێ‌ هەڵبژاردنیش دەبێت، لێرە كۆبووینەتەوە و دەمانەوێت بۆ كادیرانی‌ خۆمان و دۆست و نەیارەكانیشمان روون بكەینەوە كە یەكێتی‌ بەردەوام دەبێت لە تێكۆشان بۆ ئاشتی‌ و دیموكراسی‌ مافی‌ مرۆڤ و ئازادی‌ رادەربڕین بۆكۆمەڵگەیەكی‌ مەدەنی‌ بەهێز و بەردەوام دەبین لە بەریگریكردن لە مافەكانی‌ ژنان و هەوڵەكانمان لە بەغدا چڕتر دەكەینەوە و دڵنیام داهاتووی‌ یەكێتی‌ و كوردستانەكەكان لە چوارچێوەی‌ عێراقێكی‌ دیموكراتی‌ فیدڕاڵیدا بەهێزتر دەبێت.

 

 

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە