کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا

.

11:05 PM - 31/05/2023

لە یادی (٤٨) هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکەم گڵپەی شۆرشی نوێی گەلەکەمان، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرین و زیندانییە سیاسیەکان، پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگری و پارێزگاری لە نیشتیمان، خەباتگێڕان و جەماوەرە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم.

یەکێتی حزبی شەهیدان، خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەرییە لە خەبات و تێکۆشانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، هەمیشە بیروڕا و خوێندنەوەی تایبەت بەخۆی هەبووە بۆ گشت قۆناغە جیاجیاکان و کێشە کەڵەکەبووەکانی نێو کایەی سیاسی، گوزەران و زەحمەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە ئاست بژێوی ژیان و دەستەبەری مافەکانیان بە ئەرک و خەمی خۆی زانیوە، ئەمەش گەواهیدەری ئەو ڕاستییانەیە کە یەکێتی لە دیدگای بەرپرسیارێتی و لەسەر بنەمای دیموکراسییەت و ماف و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە چینی کرێکاران و ڕەنجدەران درێژەی بە خەبات داوە.

هیواخوازم لەم یادەدا، یەکێتی وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و خاوەن ئەزموون لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا لە ڕوانگە دیموکراسیی و پێشنیاز و تێزە پڕ واقیعیەکانی وەرچەخانێک بێنێتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردن و چەسپاندنی پرسە یاسایی و دەستورییەکان، هەروەها کار بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگاریی و بەربەستانەی کە لە بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستاندا بوونی هەیە.

 بۆ ئەمڕۆ و داهاتوومان گرنگە هەنگاوی جددی بنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان پارتە سیاسییەکان بکەین بە هەوێنی ئاشتی و ئارامیی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان، هەروەها کار بکرێت بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی لە گشت بوارەکان، لەپێناو هێنانەدی و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.

لەکۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی دامەزرێنەر و سەرکردەی مێژوویی و خەباتگێڕی گەلەکەمان هەڤاڵ مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێم و دروود لە ڕۆحی پاکیان بێت.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٣/٦/١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە