کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی ؟

.

10:35 PM - 31/05/2023

کەمال محمد


ئەمە ناونیشانی ئەو وتارەیە کە سەرۆک (مام جلال) لەدوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەناونیشانی (التحاد الوطنی الکردستانی لماذا؟ ) بڵاوکردەوە تا مانفێستی ئەو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی گەلی کورد بکات کە(ی ن ک) لەپێناویدا دامەزراوەو خەباتی بۆ دەکات.

یەکێتی ناونیشانی هەموو سەردەمەکان
هێشتاش ئەوبنەماو ئایدیا نەگۆڕانەی فەخامەتی مامی ڕابەر دایڕشتووە بۆ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توێشوی خەبات و ڕۆشنایی ڕێگەمانە، ٤٨ساڵ پێش ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەشەوەزەنگی نائومێدی قوڵ و گەورەی دوای ئاشبەتاڵ خۆی دەخواردوەو ترس و نشووستی بەیەکجاری باڵیکێشابوو، ئا لەو کاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بەتاکە فریادڕەسی خەون و خولیای گەلێکی ستەمدیدە بۆ دوبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و خەباتی ڕەوایی نەتەوەیی کە بێباکانە ئاشبەتاڵی پێکرابوو.

ئێستا دوای ئەو مێژوە دورو درێژە ئەوە هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆتە جێگەی ئومێدی گەورەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرجەستەکردنی مافە ڕەواکانی لەڕێگەی سەدەها جۆرە خەباتی بەنمونە وەک پێشەمەرگایەتی و سیاسی و دیبلۆماسی و مەدەنی و ڕێکخراوەیی و سەندیکایی و مرۆیی و نیشتمانی هاوسەنگ و ڕاست و دروستەکەی کە هەر لەسەرەتاوە لەسەری دامەزراوە.

حزبی شەهیدان، بەدروشمی ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین، خەباتی سیاسی دەستپێکرد، دوای ساڵێک لەدامەزراندنی خەباتی سەختی پێشمەرگایەتی دەست پێکرد بۆ دەستبەرکردنی نان و ئازادی شەرەفمەندانە بۆ گەلەکەمان، لەو پێناوەشدا هەزاران پێشمەرگەو فەرماندەو پێشمەرگەو تێکۆشەری قارەمانی لە کونجی زیندانەکان و لەمەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنان گیانی خۆیان بەخشی و مێژوییەکی پڕ سەرەوەری و شانازییان بۆ گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمارکردو ناسناوی حزبی شەهیدانیان کردە میدال و بەباڵای (ی ن ک)یاندا بڕی .

بەرژەوەندی باڵای کورد، ی ن ک بەدرێژای ٤٨ ساڵ لەتەمەنی خۆی لەدەیان ویستگەو قۆناغی مێژووی تێکۆشانی گەلەکەمان زۆرترین قوربانیداوە بە بەرژەوەندییە حزبیەکانی خۆی لەپێناوی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی، هەمیشە دەستی ئاشتی و تەبایی درێژکردوەو فاکتەری یەکڕیزی میللەتەکەمان بووە، چونکە بڕوای تەواوی هەبووەو هەیە کە حزب هەمیشە ئامرازی خەباتە بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەک پاراستن و هێشتنەوەی بنەماڵەو خێڵێک لەدەسەڵاتدا .

نەسرەوتن تاسەرکەوتن، لە ٤٨ ساڵەیادی دامەزراندنیدا، بەبڕوایەکی نەگۆڕو پتەوەوە، لەسەر هەمان ڕێبازو ئایدیاکانی مامی ڕابەرو سەرۆک بەبێ ماندوبوون و دابڕان خەباتمان ناسرەوێ  لەپێناو بەدەستهێنانی تەواوی مافەڕەواکانی گەلەکەمان و تا لوتکەی سەرکەوتن.
 
بەرزو پیرۆزبێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، درود بۆ ڕوحی مامی گەورەو ڕابەرو شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانیی  و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی کوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە