کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتی, میتۆدی نوێی حیزبایەتی.

.

08:26 PM - 31/05/2023

یەكێتی, میتۆدی نوێی حیزبایەتی.

✍🏻مقداد شێخ بەهادین


سبەی پاش (48)ساڵ میللەتەكەمان بەشانازییەکی گەورەوە یادی دامەزراندنی حیزبێكی تەواو جیاواز و رووداوێکی زۆر گرنگ لە مێژووی نیشتیمانەكەماندا دەكاتەوە, یادێک کە جێگای شانازیە بۆ تاک بەتاکی كوردستان و بۆ هەمیشەش ئەو رۆژە پرشنگدارە وەکو وەرچەرخانێکی گەورە و کاریگەر لە کاروانی دوورودرێژی تێکۆشانی سەدان ساڵەماندا بەسەرمەشقی و پێشەنگی دەمێنیتەوە.

دیارە نووسین دەربارەی ساڵیادی دامەزراندنی هێزێکی سیاسی وەکو یەکێتی، تەنها گێڕانەوەی رووداوێک یان مێژوویەكی دیاریكراو نیە بەڵکو گوزەرە بەنێو سەرەوەریەکانی نزیکەی نیوسەدە خەباتی بێوچانی حیزبێکی نیشتیمانی, کە دێڕ بەدێڕی پێشاندەری دەستکەوتی بەرهەمدارو سەرکەوتنە، داستـــان و مــەردایەتی و  هــەڵوێستی نـــەتەوەیی و جــوامێریە بــۆ مــیللەتی کــورد و تەنانەت هەموو گەلی عێراق.

 دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەکو هێزێکی تەواو جیاوازو نوێگەر لەکایەی ژیانی سیاسی، کە بەدەر لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و خەباتکردن لە پێناو مافەڕەواکانداو لەهەمانکاتدا توانی ببێتە مۆدێلێکی نوێی کاری حزبی و هەموو ئەو تێورانە تێپەڕێنێت, کە فەلسەفەی کاری حیزبی‌ سیاسی لەكوردستان لەسەر وێناکراوە.

 بۆیە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی یەکێتی بۆ ستایش یان لە گێڕانەوەی شێوازی دروستبوونی ئەو حیزبە چەقی نەبەستووە, بەڵکو لە شیتاڵکردنی زانستیانەی فکریەتی پشت پێکهێنانی ئەو حزبەو بەپراکتیکی بەرجەستە بوونی، دەرگای دەیان تەوەرو لایەنی ترمان بۆ دەخاتە سەرپشت، وەکو سەرهەڵدانی میتۆدێكی نوێی حیزبایەتی, کە دەکرێت بکرێتە سەردێری توێژینەوەی گەورەو شیکاری گرنگ و تێزی بەهێزیان لەبارەوە ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە مێژووی یەکێتی تەنها گێڕانەوەو سەرگوزەشتە نیە, بەڵکو فەلسەفەیەکە پەرتوکخانەیەك کتێبی لێبەرهەمبهێنرێت.

ئەگەر دیقەت بدەین فەلسەو روئیای سەرۆک( مام جەلال) وەکو رێبەرێکی بلیمەت و کارامەو هەڵکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قیادەکردنی یەکێتی و ئەو نەخشەرێگەیەی کە لەگەڵ هاوڕێكانی دایڕێژابوو وایکرد ئەو ئایدۆلۆژیا کلاسیکیە باوە جێبهێڵێت و  قۆناغی جیاواز و نوێی کاری حیزبڕانی لەکوردستان و عێراقدا بێنێتە کایەوە, كە توانی ڕووبەڕووی حیزبێكی شۆڤێنی وەكو بەعس ببێتەوە بەو کەرەستە بەهێزانەی‌ لەبەردەستیدابوو وەکو دەوڵەتێكی زلهێزی جیهانی ئەو سەردەمە كەخاوەنی هێزیكی سەربازی دڕندە و داپڵۆسێنەری گەورەو و لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانیەكی زۆرو زەبەندی نێودەوڵەتی بوو, بەڵام هەرگیز نەیتوانی پێش بەو شۆڕشە فیکریەی یەکێتی بگرێت.

ئاشكرایە  خەسڵەت و تایبەتمەندی یەکێتی  لە هزر و بیركردنەوەی بەرفراوان و  قوڵی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە و  بەتەواوی لەناو ویژدان و چاوەڕوانی خەڵکدا ڕەنگی داوەتەوە، متمانەیەكی ئەوتۆی لای هەمووان دروست كردووە، کە تەنها یەکێتی وەك ئامرازێكی دروست بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان سەیربکرێت و خەڵكی كوردستان ئومێد لەسەر ئەو ئامرازە هەڵبچنێت و هەمیشە بە هیواوە سەیری بکات و چاوەڕێی ئەوەی لێ بكات، كە تەنیا یەکێتیە  خەڵکی كوردستان دەگەیەنێتە تەواوی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان وە سەرەنجامیش هەر ئەو دەستكەوتەكانیش دەپارێزێت کە لەسەر ئەرزی واقعیشدا بەعەمەلی ئەوەی سەلماندووە.

لەم ڕوانگەیەوە كاتێك باسی مێژووی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەین لە ناو تەواوی پارتە سیاسییەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ ئەوە تەنها یەکێتیە نە لەكاتی سەركەوتندا تووشی غرووربووە و نە لە قۆناغە سەختەكاندا توشی نائومێدی و نوشووست بووە, وە هەمیشە بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاوی ناوە كە هاوتەریب بووە لەگەڵ داخوازی و ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەیدا و هەرگیز لەبەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە, وە هەموو كات یەکێتی، هێزی دەستەبژێرو و متمانەپێكراوی میللەت بووە, ئەمەش وایکردووە هیچ هێز و پارتێكی سیاسی نەتوانێ متمانەی خەڵکی كوردستان بە یەکێتی لەنگ بكات، یان پێشەنگایەتی لێ بسێنێتەوە.

كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت: پێناسەی یەکێتی جیاوازە لەگەڵ هەموو ئەو حیزبانەی تر کە لەڕابردوو و لە ئێستادا بوونیان هەبووە و هەیە و خۆیان لە ناو مێژووی جووڵانەوەکانی گەلی كوردستاندا وێنا كردووە، هەر ئەو جیاوازەیەی یەکێتیش وایکردووە ئەم حیزبە ببێتە جێگەی  متمانەو ئومێدی هەمووان ،بـۆیە وێستگەو قۆناغەکانی ژیانی یەکێتی وەڵامگۆی ئەوەیە یەکێتی راستگۆ بووه لەوئامانجەی بۆی  دامەرزاوە بۆ ئێستاو ئایندەش درێژەپێدەری هەمان ئەو ئامانجە دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە