کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە بەردەم یادە مەزنەكەدا

.

09:16 PM - 27/05/2023

لە بەردەم یادە مەزنەكەدا
نامەیەكی كراوە بۆ هەڤاڵانی یەكێتی!
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەكەینەوە، بە دیدی من وەستان لە ئاست یادێكی لەم جۆرەدا زیاد لە هەڵوەستەیەكی پێویستە و دەبێت لە زیاد لە دەرگایەكی مێژووییەوە بچینەوە ناو یادی دامەزراندنی یەكێتی، یادی شۆڕشی نوێ تەنها بە بیرهاتنەوەی ڕۆژگارێك نیە هێزێكی نویی تێدا دامەزرابێت، بەقەد ئەوەی یادی لە دایك بوونی یەكەمین دید و فەلسەفەی نوێێ خەبات بوو لە مێژووی گەلێكدا كە دەرفەتەكانی لە ناوچوون و ئازارەكانی جەستەی زیاتر بوون لە پەنجەرەكانی بەردەم هەستانەوە و بنیات نانەوەی ئومێدێك كە ئاسۆی بە تەم و مژ گیرابوو، هێزێك خاوەنی خەرمانێك لە سەركەوتن و ڕووبارێك لە بەخشینی خوێن بێت بۆ ئازادی و بە دیهاتنی ڕۆژە مەزنەكان، بێگومان ئەم هێزە توانای ئەوەشی هەیە لە هەرچركە ساتێكدا بیەوێت گۆڕانكاری گەورە بكات لە زیهنیەتی خۆی و كۆمەڵگادا، زۆرجار ئەم هێزە ئەكەوێتە بەردەم ڕەخنە و نەشتەری تیژ نەك تەنها ئێستای، مێژوو، شەهیدەكانییش بەدەرناكڕێن لەو سیخناخیەی كە پڕە لەڕق و خاڵیە لە هەموو مۆڕاڵێكی سیاسی و ملمانێیەكی تەندروست، یەكێتی ئەوەیە كەهەیە، بە ڕابردوو ئێستایەوە، فەلسەفەیەكە تێدا زیاد لە بیركردنەوە و زیاد لە هەڵسەنگاندنێك پەسەند ئەكات، زۆر جار گلاوە و زۆرجار گرفتی ناوخۆیی ماندووی كردوە، بەڵام سروشتی وابووە لە هەمان وەختدا توانای هەستانەوە و توانی دروستكردنی هاوكێشەی نوێی سیاسی و هاوپەیمانیەتی نوێی هەبووە، لەیەك كاتدا لاواز بووە و لە هەمان دۆخدا بە شاخی سەركەوتندا هەڵزناوە، توانایەكی بێ وێنەی لە ململانێ دوژمندا هەبووە و لە ئاست ڕكابەری ناوخۆیشدا بە بەرنامەو پلان بووە، تەواوی گرەوەكانی شكستی خۆی گۆڕی وە بە هەستانەوە، ئامادەگی پاراستنی ئەم ئەزموونەی هەبووە و هەزاران ڕەخنەشی لە سەر ئەم هەڵوێستەی لێ گیراوە، لەم كاروانەی یەكێتیەدا، هەروەك چۆن سەدان كادیری زویری هەبووە و دەیان سەركردەی لێ جیابۆتەوە، بەهەمان ڕووبەر و زیاتریش كادر و سەركردەی نوێی بەرهەم هێناوە، لە ئێستای ساتەوەختی دامەزراندنیدا، یەكێتی خاوەنی یەك دید و یەك بڕیارە، چاوەڕوانی ئەوەی لە سەرە هەم كادیرە نیگەرانەكانی ئاشت بكاتەوە،لە ئاستی ناوخۆییشدا نەخشەی ململانێكانی بەجۆرێك بگۆڕێت كە بەشێكبێت لە دونیای گۆڕاوی ناوچەكە و هەلومەرجی هاوپەیمانێتی ناوچەی و ناوخۆیش بێ بایەخ نەكات، ئەركی ئێستا یەكێتی هەمان ئەركی قورسی ساتەوەختی دامەزراندنێتی، ئەم ئەركەش تەنها بەرپرسیارێتی بەڕێز سەرۆكی یەكێتی نیە و بەرپرسیارێتی هاوبەشی كۆی تێكۆشەرانی یەكێتیە، دەبێت بۆ بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەكان هەنگاوەكانی ئاراستە بكات، هەڤاڵانی یەكێتی تێكۆشەرانی ساتەوەختە دژوارەكانی خەباتن دژ بە دیكتاتۆریەت، لە ئێستاشدا هەڤاڵی سەردەمی ململانێ نوێن و ئەم تێزەش برایەتی ناوخۆی زیاتر و هیمەتی كوردانەی دەوێت، ڕەنگە پاراستنی یەكێتی و گەشەپێدانی ڕێبازەكەی مامی مەزن لە هەركاتێك زیاتر پێویستی بەوەبێت دەست بەبنەماكانی یەكێتییەوە بگرین و بەرژوەوەندییەكانی یەكێتی دوا بڕیار و دوا هەوڵی هەڤاڵانە بێت.
فەهمی بورهان
ئەندامی سەركردایەتی (ی.ن.ك)

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە