کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زەرورەتی هەبوونی یەکێتی

.

06:51 PM - 24/05/2023

زەرورەتی هەبوونی یەکێتی

✍️مقداد شێخ بەهادین


حیزبی نیشتیمانی، زۆرجار دەرئەنجامی ڕووداوێك یان  پێویستی و خواستی قۆناغێکی مێژووییە یاخود لێكەوتەی داخوازیەكانی كۆمەڵگایە لەزەمەن و سەردەمێكی دیاریكراوداو بە دانانی ئامانج و ئایدیای ژیرانە و ڕێكخراو و نیشتیمانیانە دەبێتە پشڕەو و بزوێنەری خەباتی ڕۆڵە و تاكەكانی گەلەكەی, لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات ئاراستەی بەرنامە و بیرکردنەوەو جوڵە سیاسیەكانی هاوتەریبی ئامانجە گشتییەكە بێت.

ئەگەر گوزەرێک بە مێژووی دروست بوونی حیزب لە عێراقدا بکەین و بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، لەو کاتەوە تاکو ئێستا بەدەیان حیزب گڵاڵە بوون و هاتوونەتە مەیدانی كاری سیاسی و هەندێكیشیان گەشتوونەتە لوتكەی دەسەڵات، بەڵام كەمیان توانیویانە لە بەردەم تەوژمی گۆرانكاری و رووداو و پێشهاتەكاندا ئیدامە بە ژیانی سیاسی خۆیان بدەن و بمێنن و نەپوكێنەوە، بەڵام یەکێتی پێچەوانەی زۆرینەی پارت و هێزە سیاسیەکان لە دوایی تێپەڕبوونی نزیكەی نێو سەدە لە خەباتی شاخ و شاردا تاكوو ئێستا لە گەشەو نەش و نمادایە و كاراكتەرێكی سەرەكی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیە.

 لای هەمووان ئاشكرایە یەكێتی لە هەلومەرجێکی  دژوارو دۆخێکی ناهەموارداو لەنێو بازنەیەکی بێ دەریچەو لەقۆناغێکی سەختی پڕ ئاستەنگ و ئاڵۆزی سیاسیدا دامەزرا، لەسەردەمێکدا کە ئومێدێک نەمابوو جارێکتر باری لاری دۆزی میللەتەکەمان سەرپێ بخرێتەوە، گەڵاڵە بوونی حیزبێک لە ناو واقعێکی تاڵی وەهادا گوزارشتێکی تەواو جیاواز بوو، کە دەکرێت بڵێین خاڵی وەرچەرخان بوو لە دیرۆکی نەتەوەیی کوردا، گۆڕینی ترس و بێ ئومێدی بۆ ورەو هـێز و بەرەنگاربوونەوە دەرئەنجامی نیشتیمانی بوونی فیکری و ئایدۆلۆژی و میسداقیەتی نەهجی یەکێتی بـوو، کە وایکرد لەماوەیەکی کورتدا هەموو هاوکێشەکان ئاوەژوو بکاتەوەو جارێکیتر بڵێسەی مەشخەڵی شۆڕشی گەلێک هەڵبگیرسێنێتەوە, بەڵام بەمیکانیزم و فۆرمێکی جیاوازتر، ئەمەش دەرهاویشتەی  داڕشتنی پلانی ژیرانەو سیاسەتی وورد و نەخشەڕێگای ستراتیژی  یەکێتی بوو بـەسەرکردایەتی جەنابی(مام جەلال).
هەروەها کاتێک لە دژوارترین دۆخدا یەکێتی پێکهێنرا،  فیکرو فەلسەفەو فەرهەنگی سیاسی و پێکهاتەو پەیکەربەندی حیزبەکەش لەسەر بنچینەیەکی تەواو نیشتیمانی پراکتیزە کرابوو لە مەڕ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی کورد، بۆیە جووڵە و تێڕوانین و فەرهەنگی یەکێتی سیاسەتێکی گشتگیری نەتەوەییە، سیاسەتی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لە هەمبەر نیشتیمان  و پاراستنیەتی.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەو جیاوازی گەورەیە دیدگای یەکێتیە وەکو حیزب لە پاڵ شۆرشی چەکداریدا لایەنەکانی تری پێشکەوتنی کۆمەڵگای فەرامۆش نەکردبوو، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی فیکری و مەعریفی وەکو پایەیەكی گرنگی مەدەنی و  مۆدێرن لە سەرەوەی هەڕەمی کایەی رێکحزاوەییدا گەیاندبووە لوتکەو بـڕوای تەواوی بە ئازادیە سیاسی و شارستانیەكان و فرە حیزبی و بیروڕای جیاواز هەبوو، هەرئەمەشی کردبووە شاڕێی حیزبــڕانی خۆی، ئەو فۆرمەش بۆ ئەو سەردەمە نەک هەر نامۆ و زەحمەت بوو بەڵکو  لە خەیاڵدانی هیچ هێزو لایەنێکیشدا تەوژمی نەبوو. وەلای هەمووان ئاشكرایە ئەگەر بەوردی تەماشا بكەین پرسی نیشتیمانی و ئایدیاو فیکر و بیری ئازاد لە پێكهاتەی ئەم حیزبەدا بەجۆرێک پراکتیزە کـراوە ئەگەر جارێک پاشەکشەیەکی کاتی کردبێ زیانی گەورە بەر مەسەلەی نەتەوایەتی كوردی کەوتووەو بەزیانی ئازداییش شکاوتەوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین گەر بـەمێژووی (50)ساڵی رابردووی گەلەكەماندا بچینەوە راستیەكی حاشا هەڵنەگر هەیە، كە هەموو كوردێكی بەویژدان دەزانێت خاوەنی سەرەكی و راستەقینەی زۆرینەی دەستكەوتە گەورەكانی گەلەكەمان یەكێتیە، هەر لە ڕاپەڕین و دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بونیادنانی دامەزراوە شەرعی و مەدەنیەكان، هەمووی بەرئەنجامی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی و ئامانجە بنچینەیەکەی بوو, بۆیە دەبینین لە دوای مێژوویەک لە ئەزموونی سەرکەوتوو لە خزمەتی گشتی و دژایەتی ستەم  و نادادپەروەری لە پێناو دیموکراسی و بەسیستەم کردنی حوکومڕانیەكی کارا و هێنانەکایەی بیروڕاو دەنگی ئازاد، هێشتا  ستراتیژیەتی یەكێتی لە خزمەتی بەرژەوەندیە باڵاكانی میللەتەكەیدایە و بەپراکتیکی سەلماندویەتی داکۆکیکاری سەرسەختی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانە، هەر لەو ڕێگایەشدا  لاپەڕەکانی مێژووی نزیک لە نیو سەدە خەباتی بــۆتە ئارامگای زیاتر لە بیست هەزار شەهید.

 یەکێتی لە هەموو دەمەکاندا وەک زەرورەتێکی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکان  قەڵغانی پاراستنی شکۆ و ئیرادەی  گەلەکەی بووەو  ژیانی حیزبایەتی خۆی خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانیانەوەو هەنگاوی گەورەو گرنگی ناوە بە ئاراستەی داڕشتنی فۆرمێکی پێشکەوتوو بۆ بناغەدانانی هەرێمێکی خوشگوزەران بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
دەكرێت بڵێین یەکێتی بە چەندین قۆناغی سەخت و دژواردا گوزەری کردووە، ھەر یەکە لەو قۆناغانەش خاڵی وەرچەرخان و بەھێزبوونی کوردستان بوون، بۆ نموونە کاتێک پرۆسەی ئازادی عێراقی گەشتە ئەنجام، تێزی یەکێتی بووە بەشێکی گرنگی نەخشە رێگاو داڕشتنەوەی وڵات و کاریگەری یەکێتی بووە بناغەیەک بۆ چەسپاندنی مافەکانی کوردستان لە (دەستووری عێراق)دا و دانایی (مام)یش بووە هەوێنی ئاشتی و خاڵی بە هێزی کۆکەرەوەی سەرجەم پێکهاتەو لایەنەکان لە سەر مێزێکی گفتوگۆ، ئەمەش وڵاتی لە ئاشوبی گەورەو  دووبەرەکی دەرباز کرد.

لە ڕوویی نێودەوڵەتیشەوە فەلسەفەی کارکردن و  پێگەی بەهێزی  سیاسیی، کە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھان ھەیە، باڵێوز و نوێنەری وڵاتان بەگرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی یەکێتی بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و پێشخستنی وڵات و ئاوەدانی و بووژانەوە، هەر ئەوە پێگە بەهێزەش یەکێتی کردۆتە ئەندامی پارتی سۆشیال دیموکراتی جیهانی، ئەمەش دەلیلی تێپەڕاندنی سنووری لۆکاڵی و گەشتنە بــە باڵاترین ئاست لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە، دەرخەری ئەو هەقیقەتەشە یەکێتی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم  و عێراق و هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەو نێو دەوڵەتیش ژمارەیەکی قورس و حیساب بۆکراوە.

بۆیە بۆ ئێستاو داهاتووش لە پێناو مانەوەی شوناسی کوردایەتی، یەکێتی پرۆژەیەکی گرنگە و  بووەتە کۆڵەکەیەکی پتەو و سەرەکی بەها نەتەوایەتییەکان و پێویستییەکە نکۆڵی هەڵناگرێت، ئێستاش هەرکاتێک ناوخۆی کوردستان بە دۆخێکی خراپدا تێ پەڕیبێت دەرهاویشتەی پەند وەرنەگرتن و پشت کردن بووە لەسیاسەتی یەکێتی.

ئەوەی گرنگەو ماوەتەوە بیڵێین سەرباری ئاڵنگاریەکان و کەند و کۆسپ و ئاستەنگ و پیلان و موئامارەی ئیقلیمی و تەحەدیەکانی ناوچەکەش بەڵام  نزیکەی نیو سەدەیە یەکێتی وەکو حیزبێکی سیاسی کاریگەر ئیدامەی بە ژیانی سیاسی خۆی داوە و بە هەموو پێودانگێ رۆژ بەڕۆژ سەنگی سیاسەتی لەگەشانەوە و پێشڕەویدایە، ئەمەش ئەو راستەیە دەسەلمێنێت، کە یەکێتی حیزبی هەموو قۆناغ و  پێویستی هەموو سەردەمەکانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە