کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خەرامان

.

07:39 - 17/05/2023

-21-

 چیرۆکی یاداشت

ستران عەبدوڵلا

نووسین بەزمانی کوردی جوانە، نووسین بۆ کوردستان، کەرکوکی وتەنی،  (دەها جوانە) ،  جا شەهیدیش بینووسێ ئەوا جوانی جوانانە.ئەوی ئەو سەردەمە خوێندمەوە زۆر زۆر جوان بوو.

دەستنووسی نووسینەکەی ئەم شەهیدەم  لە چلەی خۆی خوێندەوە و  بۆ چاپ  و چاککردن پێدا چوومەوە. نووسینەکە یاداشت بوو ، بەڵام یاداشتی ئەم زەمانە نەبوو  کە هەر پیاهەڵدانی زاتی و پاڵەوانێتیی خۆیی بێت.

یاداشت وەک چیرۆک و بەسەرهاتی ناو شۆرش ، لەسەر کوردەواری و لەسەر خەم و پەژارەی لاوانی کورد بوو. کچ و کورێکی ئەویندار لێیان قەومابوو لەشار، تینی ئەوینی پاک رەوانەی ناوچەی ئازادی شۆرشی کردبوون. دەڤەری ئازاد لە ژێر گوشاری دوژمن و لە ژێر فشاری دابی کۆمەڵ ناچاربوو ئەولەویەت بداتە رزگاری نەتەوە ،نەک رزگاری ئەڤین، ناچاربوو بۆ مانەوەی شۆرش  خەریکی پێشمەرگایەتی بۆ رزگاری نیشتمان بێت ، نەک پێشمەرگایەتی بۆ ئازادی ئەوینی بێگەردی کچان و کوڕانی خێر لەخۆ نەدیوی کوردستان.

ئەم سەرکردە ئازایە کە یادەوەری داستانی واقیعیی نووسیوەتەوە ، لەناو جەرگەی سیاسەت و کوردایەتی بەرپرسیارێتی لەسەر شانە وەک شۆرش و بەرپرسیارێتیشی لەسەرە وەک مام و برازای دوا رۆژ.

شەهید بە رەمز و جەڤەنگ نووسیویەتی کە تەکنیک هەر بۆ جەنگ و نەبەردی پێشمەرگانە نییە، بۆ ژیان و خۆشبەختی و دوا رۆژی کوردەواریشە. بگرە بۆنەی خەبات و چەک و قەڵەمیش بۆ دوارۆژ و بۆ دڵنەوایی و دڵداری گەلە . یاداشت لێرە وەک (گوڵی خوێناوی) گۆرانی شاعیر سەربەرزی ئەوینی پاک هەڵدەبژێرێ. لە  دێری کۆتایی یاداشتدا  دوو ئەویندار تا لە ئاوایی چەک و پێشمەرگایەتی و دابی عەشیرەت بەسەلامەتی ئیزن دەدرێن، پشتێنی پارێزگاری پەنهانیان بۆ دەکرێت تا برۆن دوا رۆژ بنووسنەوە.

ئاخر شۆرش خوێن دەدا بۆ ئایندەی وڵات ، مەرجی نییە خوێنی تۆڵەی دابی خراپی کۆمەڵایەتیش   بستێنێ .

ئەم یاداشتە یاداشتە لەسەر ئەوینی پاک ، یاداشتە لەسەر جەبری ئەولەویات، لەسەر پێویستی شۆرشی نەتەوە و پێویستی گۆرانکاری کۆمەڵایەتی لەبەر خاتری نەوەکانی دوا رۆژ.

دوو زیاتر لە سێ دەیە نازانرێ دوو پالەوانی  ئەم ئەوینە لەچ مەملەکەتێک  گیرسانەوە و بەرهەمی ئەوینیان چەند منداڵی چاوگەش بوون؟

بەڵام روونە ئەمرۆ تەقویمی شەهادەتی ئەم سەرکردە و ئەم شەهیدە قیتوقۆزەی شۆڕشی نوێیە کەچی پێویست بوو بۆ  ئاشتی کوردستان کردی و چی لەسەری بوو بۆ دوو لاوی کوردەواری کردی . ئینجا با کۆی تۆماری خەبات و تێکۆشانی  بۆ رزگاری گەل و وڵاتیش  لەولاوە، بوەستێ.

یاداشتی باسکراو بە قەڵەمی حەسەن کوێستانی نووسراوە و یاداشتی رزگاری و ئاشتیش  بە خوێنی خۆی و هاورێکانی سوور سوور نەخشێنراوە. خەرمانێکی بە بەرەکەت و خەرامانێکی درەوشاوە و رۆشنە ئەم خەباتە دێرینە واجبە بیگێڕینەوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە