کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەجەمسەری بەستەڵەك بۆ كوردستان ئەحمەد غەفور كاروان سەرا دەكات

.

03:47 PM - 17/05/2023

بەهۆی زامداربوونی لەهەڵبژاردەی تۆپی سەرمێز بێبەش دەبێت

حەزناكەم باسی یارمەتی وهاوكاری بكەم

هەندێك باخۆیان خانەنشین بكەن و وەرزشوانی تریش با رۆڵی خۆیان ببینن!

شەمەندۆفێری ئەحمەد غەفور لەوێستگەی تەیراوە رێگا دەگرێ ولە ستۆكهۆڵم لەنگەردەگرێ!

زاگرۆس نانەكەلی

چەندخۆشە گەلانی جیهان بە هاوڕێی خۆت بزانی ومرۆڤێكی بەویژدان بیت،هەزران جار هێندە خۆشە نیشتمانت خۆش بوێت،وەرزشوانێكی دلسۆز وپاك و بەرەوەشت بیت،ئەحمەد غەفوری یاریزان و راهێنەری تۆپی سەرمێز لەنێوان وڵاتی سوید ونیشتمانی دایك خۆی زیاتر لەچاریەگەك سەدەیە كاروان سەرایەتی بۆ خەمی نیشتمان و وەرزش،ئەو بەمانای ووشە وەرزشوانی دێرین وكەسایەتی هێمن و مرۆڤێك پڕواپڕ لە ئیتیك و ئەتەكێت و دیدگای جوان،هەردەمیش پێچەوانەی بەرپرسی چاوچنۆك و بازرگانی مشەخۆر،قوتی خۆی وماڵ ومنداڵیشی لەخزمەتی وەرزشی كوردی خەرج دەكات و پەشیمانیش نیە!.

بەڵی زۆرجاران دیمانە وچاوپێكەوتن لەكات و وادەی خۆی نەبێت بەهەدەر دەڕوات،ئەم دیمانەی من لەگەڵ ئەم وەرزشكارە دێرینە زیاتر لە (15) ساڵە ئەنجاممداوە،بەڵام كات وسات و وادەی خۆی مابوو،بۆیە بە میسلی شەڕاب كۆنتربوو و بایەخدارتربوو،هەرچەندە من و شەڕاب وەك خەیام تەنها ناوم هێناوە و نازانم تامی چی دەبەخشێ!،هێندە بیرم لێكردەوە بۆ وا ئێستا بڵاوی دەكەمەوە و وڵامم لانەبوو،تەنها ئێستا كاتی ئەوەیە سەربازە وونەكە ئێوەش پێی ئاشنابن!.

یاریزان و راهێنەر ئەحمەد غەفوور فەتحوڵڵا وەك سەڕاب و سەربازی وونی وەرزشی كوردی بیناسێنین و خوێنەر و بینەر بیناسن،كات وسات و وادەی هات بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ژیانی خۆی و وەرزشی.

ئەحمەد غەفور فەتحوڵڵا ساڵی 1964 لەشاری هەولێر لەگەڕەكی تەیراوەی نزیك مزگەوتی كوێتی لەدایكبووە،سەرەتای منداڵی خولیای وەرزشی دەبێت بەگشتی وبەتایبەتی تۆپی سەرمێز،لەیانەكانی برایەتی وهەولێر ومەڵبەندی لاوانی هەولێر یاریكردووە،لەئاستەكانی بەچكە شێران وتازە پێگەیشتوان ولاوان وپێشكەوتوانی وەكو یاریزانی تۆپی سەرمێز یاری كردووە لەگەڵ ئەوسای ئەستێرەكانی وەرزشی هەولێر وكوردستان وعێراق وەك (زیاد یاسین و هاشم ڕەسوڵ و كامل پۆڵس و میقداد و تاهیر و خالید رەشید و بارزان حسێن) و زۆرانی تر،ساڵی 1986 كۆلیژی پەروەردەی وەرزشی بەغدای تەواوكردووە.

بەهۆی زامداربوونی بێبەش دەبێت نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێز بكات!

سەرەتایی ساڵی 1986 بەهۆی بوردومانی شارەكان لەبەغدا ئەو كات لە كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بووە دووچاری برینداری وپێكان بۆتەوە و بۆیە نەیتوانی لەئاستی هەڵبژاردە یاری بكات،پاشان چۆتە بواری راهێنان بۆ ئەوەی گەر نەشتوانێ وەك یاریزان ئامادەبێت وەك راهێنەرێكی ئەكتیڤ بوونی هەبێت.

ساڵی 1987بەهۆی برینداربوونی چۆتە توركیا،ساڵی1988گەیشتۆتە وڵاتی سوید،لە سوید لەیانەی (ڤێستڕۆس) یاریكردووە،پاشان خەریكی كاركردن و هەر بەهۆی زامداری پێشووی جەستەی دووبارە پزیشەكان پێیان راگەیاندووە واز لەیاریكردن بێنێت وئەمجارەش گەڕاتەوە نێو بواری مەشق وراهێنان.

پ/ پاڵەوانیەتییەك بەر 15ساڵ و ئێستا تۆپی سەرمێزی كوردستان؟

پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی تۆپی سەرمێزساڵی 2009 لەهەولێر بەرێوەچوو لەسەر ئاستی بەچكە شێران وتازە پێگەیشتوان وەكو هاوكارییەك بۆ خەڵكی كوردستان وعێراق و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی ناوچەكانی عێراق ئەوكات، كوردستان شایستەترین شوێن بوو ئەم پاڵەوانیەتیەی لی ئەنجام بدرێت و ومن بەكۆمەڵێك یاریزانی بەچكەشێران وتازەپێگەیشتووی سوید بەشداریمان كرد،هەڵبژاردەی سوید و تێكڕایی هەڵبژاردەكانی تر پێشكەوتنیان بەخۆیەوە بینی بوو،پلان وبەرنامەی گرنگمان هەیە بۆ تۆپی سەرمێزی كوردستان،یەكێك لە بەرنامانە بردن و رَِەوانە كردنی چەند كوڕ وكچێك بۆ وڵاتی سوید بۆ ئەوەی بتوانین بناغە وراستاڵەكی زانستیانە دروست بكەین بۆ وەرزشی تۆپی سەرمێزی كوردستان.

دڵخۆشبووم كە دیاكۆ وئارام بوون بە یاریزانی تۆپی سەرمێز

پ/ دیاكۆ و ئارام دوو پاڵەوانی تۆپی سەرمێزن؟

ئەحمەد غەفور : زۆر حەزم كرد كاكە دیاكۆ و كاكەئارامی كوڕم ببن بە یاریزانی تۆپی سەرمێز،سوپاس بۆ خوای گەورە بۆ ماوەی چەند ساڵێكە بوونەتە پاڵەوانی تۆپی سەرمێزی سویدی دڵخۆشبووم وهەردەم شانازییان پێ دەكەم.

پ/ دەستكەوتەكانت لە تۆپی سەرمێز؟

ئەحمەد غەفور : ساڵی 1981بوینە پاڵەوانی عێراق لەئاستی بەچكەشێران لە تیپ،لە پاڵەوانیەتی تەربیاتی هەولێر دەستكەوتی باشمان بەدەستهێناوە،بۆ یانەكانی برایەتی وهەولێر یاریمكردووە ویەكەم و دامەزرێنەر و راهێنەری برایەتی بوومە،دواتر وەك راهێنەر بەشداری دوو خولی راهێنانی نێودەوڵەتیم كردووە لەسەر دەستی پسپۆرانی تۆپی سەرمێز (مستەر كوان) و پسپۆڕەكی یۆگۆسلاڤی پێشوو ساڵی 1984،هەروەها بەشداری خولێكی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیم كردووە،دواتر هاتمە سوید لەیانەی ڤێسترۆش وەك یاریزان ودواتر لەیانەی ئێنبی و یانەی ئێربێتەئێف وەك راهێنەر.

دواتر لەگەڵ یانەی ئێنبی و یەكێتی تۆپی سەرمێزی سویدی دەست بەكاربووم بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتیمان كردووە،هەروەها لەسویدیش بەشداری پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتیمان كردووە ولە كوردستانیش هەروەها.

پ/ئەو كاروان سەرایە لە سویدی بەستەڵەك بۆ كوردستانی گەرمستێن؟

ئەحمەد غەفور: راستە من لە سوید دەژیم،بەڵام نیشتمانی یەكەمم كوردستانە،ئەم كاروان سەرایەش زۆر چێژم پێ دەبەخشێ،چونكە هەست دەكەم رۆح و بوونی راستەقنەم لەوێیە،دواتر دیداری ناسیاو دۆستان زیاتر دڵخۆشم دەكات و پشتگیری كردنی تۆپی سەرمێزیش چێژەكەی پێناسە ناكرێت،

پ /پارە ..دەسەڵات .. هۆڵەكان ... هزر ... كامەیان پێویستە بۆ وەرزشی؟

ئەحمەد غەفور : دەبێت هزر هەبێت چونكە ئەكادیمی بێنن وبۆ خزمەت چونكە ئەكادیمی فەرامۆش كراون، پارەش بۆ خەرج كردن و هۆڵەكانیش بەپارە وهزر دەكرێت، دەسەلاتیش بۆ خزمەت كردن،بۆیە باهەموومان خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەین.

حەز ناكەم باسی هاوكاری ویارمەتی بكەم!

پ/ هاوكاری و پاڵپشتی تۆ بۆ وەرزشوانان و تۆپی سەرمێز لەپای چی؟

ئەحمەد غەفور: قەت بیرم لەوە نەكردۆتەوە خزمەتی خاك و وڵاتی خۆم بكەم وباسی بكەم،ئەمە بە ئەركی سەرشانی خۆم دەزانم وشانازیش دەكەم لەو ئاستەبم خزمەتی وەرزشی كوردی بكەم،بۆ پشتیگیری یاریزانانیش ئەمەیان تەنها وەك برایەك بۆ براو خوشكێكی كردبێـت،تا هێز لە جەستەمدابێت من پاڵپشتی وپشتگیری وهاوكارییان دەكەم وەك یەك خێزان،بشبوورن شتێكی وام نەكردووە وتەنانەت ئەمە بە خزمەتێكی بچووك دەزانم!حەزیش ناكەم باسی بكەم!!.

بەڵام من ئەوەی لە نزیكەوە ولە یاریزان وراهێنەرەكان زانیومەوە كە ئەحمەد غەفور،جگە لەهێنانی وكڕینی جل وبەرك و رێكت وتۆپ و كەل وپەلی وەرزشی،ساڵانێكە هاوكار ویارمەتی دارایی یاریزانان وراهێنەران دەكات بۆ خۆشەویشتی وڵات و وەرزشەكە،هەروەها هێنانی راهێنەر ویاریزان و موچەی بەشێك لەیاریزانان،ئەمەش بۆمنیان باس كردووە و منیش وەك مێژوو باسم كرد!.

بیر وهزر وژێرخان و كارگێری وخۆشەویستی بۆ وەرزش،وەرزش بەرەوپێش دەبات

پ/ سەركەوتنی وەرزش لەكوێ دەست پێ دەكات؟

ئەحمەد غەفور : بیركردنەوەی باش،كەسی پاك،وەرزشی تەندروست،بەرپرسی بەرپرس،ژێرخانی ئابووری،كارگێڕی وەرزشی ئەكادیمی،گرنگیدان بە ئاوەدانكردنەوە و دروستكردنی هۆڵ ویاریگاكان،بڕینەوەی موچە بۆ خانەنشینەكان و پرس پێكردنیان لە وەرزشی كوردی،راگەیاندنێكی پرۆفیشناڵ و پاڵپشتی كردنیان.

پ/ دواپەیڤت؟

ئەحمەد غەفور : ئومێد دەكەم لە كوردستان گرنگی بە وەرزش بدەن،خەڵكی شیاو بهێنە پێشەوە،با واز لە دیدگا و بۆچوونی جیاوازبێنین،مرۆڤ دۆست و وەرزشوانی راستەقینە ودڵسۆز بهێنینە پێشەوە،ئەوانەشی ساڵانێكە خزمەتیان كردووە،با بەرێزەوە خۆیان خانەنشین بكەن.

نامەوێت لەبیر بكەم،سوپاسی لەشكرێك وەرزشوانی دێرین و راهێنەرانی ویاریزانانی شاری هەولێر وكوردستان دەكەم كە گرنگی بە تۆپی سەرمێز دەدەن،بۆیە ناوم نەهێنان،دڵنیام هەندێك ئازیزم لەبیر دەكرد و دەترسام دڵیان بشكێ و دووبارە زۆرسوپاس.

بەڵێ ئەمە شەمەندۆفێری ئەحمەد غەفوری یاریزان و راهێنەری تۆپی سەرمێز لە وێستگەی گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێردەستی پێكرد و لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید لەنگەری گرت.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە