کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زۆرانبازییە گەورەکەی تورکیا

.

09:05 AM - 14/05/2023

ستران عەبدوڵلا

ئەمرۆ رۆژێکی گرنگە لە (دیموکراسییە)کەی تورکیا ، بەڵام دوارۆژ نییە و قیامەت ناقەومێ . ئەسڵن تێگەیشتنێکی هەڵەیە وا لە دینامیکیەتی دیموکراسیی بگەین کە رۆژەکانی یەکلاکەرەوەن . ئەمە روانینێکی کودەتاییە بۆ ئامرازە فەقیر و بێوەیەکەی دیموکراسیی.لە چاوی نیەتی خۆمانەوە هەڵبژاردن هەڵدەسەنگێنین.وەگەرنا کاری دیموکراسیی کەڵەکەبوونی دەسکەوت و گۆڕانکاریی شێنەییە نەک کودەتا و وەرگۆڕانی رادیکالی .
ئەمەی ئەمرۆ فەسڵێکی  ترە لە درامەکەی تورکیا، درامای تورکیا وەک زنجیرە تەلەفزێۆنییەکانی وایە کە سەد ئەڵقە و چەند وەرزێکیشە. درامای تورکیا وەک شانۆی گریکی نییە پاڵەوانەکانی روویان لە چارەنووسی حەتمی بێت . درامای تورکیا ئەشێ راپرسییەکی هاکەزایی ناو بینەران چارەنووسیی ئەکتەر بگۆڕێ ، زنجیرە لە نیوەی بپسێنێ  و تەواو نەکرێ.
لەم جۆرە سریالانەدا درامای فانتازی هەیە نەک گۆڕانکاری دراماتیکی . پاڵەوانی تا سەر نییە و خێر و شەڕ دابەش نەکراوە. نازانرێ درامای سیاسی تورکیا چاوی لە دراما کردووە یان پێچەوانەوە، بەڵام مەعلوم  هەردوکیان خووی یەکیان گرتووە سەنگەربەندییەکان لە هەڵکشان و داکشانی  بەردەوامدایە. کەسێک لە ئەڵقەی چل شەڕانگێزە و لە کۆتا ئەڵقەدا دەبینی پیاوەباشە ئەمە و سەندریلا پاداشتی سەبر و تاقەتی دەبێت.
لەدراما سیاسییەکەدا وادەبینی کەمالی یەکەم دوژمنی کوردە  و قڕمان دەکاو کەمالی دووەم جبران خاترە بۆ بەلەنگازی ئێمە. لە سەرەتادا رەجەب خوێندکاری زانا نورسییە و لە نیوەی رێ ستایشی (سەلاحەددین)ی قەدیم دەکا و (سە لاحەتین)ی تازەمان لە زیندان دەئاخنێ  و لەکۆتاییشدا خۆی بۆ. دەورانێکی تری حاشاکردن ئامادە دەکات.
قەومی دۆستی ئیسلامەتی و نەتەوەییش کەمالی دەلاوێنێتەوە و ئەم سەنگەربەندییە هیچ نییە جگە لە تەگبیری کاتی لە وێستگەیەکی بچوکی دیموکراسیدا کە ئەویش هەڵبژاردنە.من و تۆ دەنگنادەین بۆیە باشترە نەیکەینە دەنگەدەنگ چاوەڕێی رۆژی پاش هەڵبژاردن بکەین کە دەبینین هەڵبژاردن کودەتا نییە و کۆتایی یارییەکەش نییە. فەسڵێکی ترە، بەڵام ئەشهەدو فەسڵێکی چۆنایەتییە.
ئەگەر دیموکراسیی وەک کودەتا گۆڕانی رادیکالی بهێنایەتە بوون لە تەئریخی مۆدێرنی تورکیا حەوجە بە سێ کودەتای سوپا و چەند خوردیلە کودەتای مۆدێرن و مانۆری نەدەکرد.
درامایە دوور و درێژ چەند دەرهێنەری گۆڕیووە:
عەسکەر و سەنگەر، ئەفەندی و دەرەجەدار، جەنەڕاڵ و جورناڵ ، عوسمانلی و کەمالی، نیو عوسمانلی و نیو کەمالی . تەربوش و شەبقە و ئەفەندی، تورکی سپی و هی ئەنادۆڵی ..عەلمانی وئیسلامی، مزگەوت و  بازاڕ گشتیان بەشێکن لەم وازییە. کورد بە دۆبلاجی تورکی یان بە ئاخاوتنی شیرینی کرمانجی کۆشش دەکا، هەر دەگا، بەس مەرج نییە ئەمرۆ  بگا، کتێنێکی کراوەیە، هەندێکیم لەم کتێبە گێراوەتەوە بەناوی ( لە رۆما کەوتە بەرچاوم..کوردستانی عوسمانی و تورکیا) هەندەکەی تری بەدیدار و ریپۆرتاژ و دیکۆمینتەوە ،هەوێنی بەشی دووەمن. ئانوساتی ماوە .ئەگەرچی گێرانەوەکەم لایەندارییە، ئاخر  منیش کوردم با سۆرانیش بم .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە