.
05:29 - 26/03/2023
دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندی عیراق، مۆڵەتی لە بانكێك و سێ كۆمپانیای ئاڵوگۆڕكردنی دراو وەرگرتەوە، سەرەڕای زیادكردنی خستنەڕووی دۆلاریش، بەڵام هێشتا بەهای 100 دۆلار بەنزیكەی 155 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندی عیراق بڕیاریدا مۆڵەتی بانكێك و سێ كۆمپانیای ئاڵوگۆڕكردنی دراو وەربگرێتەوەو چالاكیی ژمارەیەكی دیكەش بوەستێنێت بەهۆی كۆمەڵێك سەرپێچییەوە، بەڵام هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر جۆری سەرپێچییەكان نەداوە.
هاوكات بانكی ناوەندی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ زیاتر لە 202 ملیۆنو 134 هەزار دۆلاری خستۆتەڕوو، لەوبڕەش 60 ملیۆنو 600 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش خراوەتە بازاڕەوەو 141 ملیۆن دۆلاریشی حەواڵە كراوە.
سەرەڕای ئەوەش بانكی ناوەندی عیراق لە هەفتەی ڕابردوودا 866 ملیۆن دۆلاری خستۆتەڕوو، كە بەراورد بە هەفتەی پێشتر زیادیكردوە، بەڵام ئەوە كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی بەهای دینار نەبووەو هێشتا نرخی گۆڕینەوەی 100 دۆلار بەنزیكەی 155 هەزار دینارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە