کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

کابینەی نۆیەمی حكومەت دۆخی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە

.

12:55 PM - 26/03/2023

نوێترین راپۆرتی وەزارەتی دەروەی ئەمریكا پڕ لەگلەیی ناڕەزایی بوو بەرامبەر بەحكومەتی هەرێم لەسەر پێشلێكاری مافەكانی مرۆڤ و بەرتەسككردنەوەی ئازادی رۆژنامەنوسی و دەستوەردان لەدادگاكان بەتایبەت لەكابینەی نۆدا، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی دروستكردووە هەرێمی خستووتە مەترسییەوە".

پێشتریش ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێرو جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و كرایسس گروپ و رێكخراوی جیهانی مافەكانی مرۆڤ هیومان رایتس وۆچ، لەبارەی خراپی رەوشی مافی مرۆڤ هۆشدارییان دابووە حكومەتی هەرێم.

لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هەرێمی كوردستان تەواو راست و دروستەو كەمیشی وتووە، لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم بیر لە وەڵامدانەوەی ناڕاست و زویركردنی دۆستەكانمان بكاتەوە، باشتر وایە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە".

"لەماوەی 32 ساڵەی رابردووی حكومڕانی هەرێم، كابینەی نۆ بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی بە هەموو پێوەرەكان خراپترین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو هەر ئەمەشە وایكردوە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵی وڵاتان هۆشداری بدەنە حكومەتی هەرێم"، لوقمان وەردی وادەڵێت.

دەشڵێت: "ئەم كابینەیە راستگۆ نەبووە لەگەڵ ئەو لایەنانەی حكومەتیان لەگەڵدا پێكهێنا، هەروەها راستگۆ نەبوو لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكی دابوو، لەگەڵ ئەوەشدا كابینەیەكی ناهاوسەنگ بوو لەخزمەتگوزاری، لەبارەی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینیشەوە پاشەكشێی زۆری كردوە".

لەماوەی 4 ساڵی رابردوودا چەندینجار لەبارەی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ رەخنەی توند لەم كابینەیە گیراوە، بەڵام حكومەتی هەرێم گوێی پێنەداوە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت:" پێویستە حكومەتی هەرێم راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەجدی وەربگرێت و كاریان لەسەر بكات، نەك بەناڕاست وەڵامیان بداتەوە".

ئەبو بەكر هەڵەدنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە PUKMEDIA ی راگەیاند:" ئەركی حكومەتی هەرێمە گوێ لە رەخنانەی ئەو وڵات و كەسانە بگرێت كە لەماوەی 32 ساڵی رابردوو دۆستی بوون و ئێستا لەسەر خراپی ئیدارەدان و مافی مرۆڤ رەخنەی لێدەگرن كە من پێموایە هێشتا خاتری حكومەتی هەرێمیان گرتووە".

" پێشتریش ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێرو جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، لەبارەی خراپی رەوشی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوەتە حكومەتی هەرێم، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم لەبری وەڵامدانەوەی ناڕاست، بەدۆخی مافی مرۆڤدا بچێتەوەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەجدی وەربگرێت و كاریان لەسەر بكات" ئەبو بەكر هەڵەدنی وایوت.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەوەی لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە هاتووە هێشتا كەمەو خاتریان گرتووە.

چۆمان محەمەد رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی:" وەڵامەكەی حكومەتی هەرێم بۆ راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نابەرپرسیارانەیەو تەواوی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەندە راست و وردە، هیچ نكۆڵی و وەڵامدانەوەیەك هەڵناگرێت، دەكرێت بڵێین خاترگرتنیشی تێدایە".

"بەهەموو پێوەرێك بەم مامەڵەو عەقڵیەتەی ئێستا ئەم كاستە سیاسیە هەرێمان لە لێواری روخان نزیكبوەتەوە، حكومەتی هەرێم پێویستە هەنگاوبنێت بۆ نەهێشتن و لادانی ئەو خاڵانەی مایەی رەخنەو نیگەرانی دونیای دەرەوەن، نەك لەڕێگەی نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان كە نوسینگەیەكی زیادەو بێ بەرهەمە و پێویستە دابخرێت، وەڵامێكی نابەرپرسیارانە و زبروتوندی راپۆرتەكان بدەنەوە"، چۆمان محەمەد وادەڵێت.

دەشڵێت:" ئێستا بە ئاشكرا لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان باسی خراپی حكومڕانی هەرێم دەكرێت، بۆیە ئەم راپۆرتە پەیامی گەورەی تێدایە، راستە تا هەنوكەش مامەڵە و كۆبونەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكرێت، بەڵام راپۆرت و بۆچوونی رەسمییان لەگەڵ هەرێم زۆر گۆڕاوە".

نوێترین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2022 دا لە سەر ئاستی جیهان بڵاوكرایەوەو تێیدا بەشی (هەرێمی كوردستان و عیراق) لەخراپیدا لەهەڵكشاندایەو راپۆرتەكەش لەسەردەمی كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمە، كە خراپی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان لەخراپیدایە و دەسەڵاتی دادوەریش لە ژێر پرسیاردایە و لەلایەن كەسانی باڵادەستی حكومەتەوە بەكاردەهێندرێت.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە