.
10:32 - 19/03/2023
بەڕێزان بەڕێوەبەر و كارمەندان و تەكنیككارانی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان (ئێزگەكە)
بەبۆنەی یادی 44 ساڵەی دەستپێكردنی پەخشی ڕادیۆكەتانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و جوانترین چەپكەگوڵی ئەم دەمەوبەهارەتان پێشكەش دەكەم.
دەنگی گەلی كوردستان مێژوویەكی پڕ لە سەروەریی بۆ خۆی و كارمەندەكانی و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تۆماركردووە كە ڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و كاروانە پڕ لە سەروەرییەكەی ڕاگەیاندنی گەلەكەمانەوە.
ئێزگەكەی ئێوە ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی (دەنگی گەلی كوردستان)، بۆیە پێویستە ئەو ناو و لۆگۆیە بپارێزن و وەك ڕابوردوو لە داهاتوویشدا دەنگی گەلی كوردستان بن.
ئەوێ ڕۆژێ كە چالاكییەكانی مەفرەزە و كەرت و تیپ-ەكان بە خوێندنەوەیەكی حەماسخوڵقێن و لە لووتكەی چیا سەركەشەكانەوە ئاوێتەی ژیانی جووتیار و ڕەنجدەرانی بیروبازووی گوند و شارەكان دەبوون و لەگەڵ وتارە ئاگریینەكاندا گیانی خەباتی پێشمەرگایەتییان دەبزواند، ئێزگەكە بووبووە بەشێك لە ژیانی خەڵك تا ئەوكاتەی بانگی ڕاپەڕینی دا و بانگەشەی زەماوەندی بڵاوكردەوە.
ئەركی ئێستاتان لە وتاری حەماسیدا نەماوە، ئێستا دەبێت پەیامتان لەخزمەتی هەموو چین و توێژەكاندا بێت و ڕۆبچنە ناو قووڵایی خەم و كێشەكانی جەماوەر و هۆشیارییەكی كوردانە و زانستییانە بدەنە گوێگرەكانتان، بەتایبەت كە پەخشەكەتان تەنیا لە ڕادیۆوە نییە و ماڵپەری ئینتەرنێت و پەیجەكانی سۆشیال میدیایش بوونەتە پێویستیی سەردەم و ئێوەیش سەردەمییانە بەڕێوەیدەبەن.
لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئێزگە و میدیای كوردی نەویدەكەین و سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەڕێی ئێزگەكەوە خزمەتیان كردووە. دەستی ئێوەی ماندوونەناس دەگوشین و ئومێدی سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، هیوادارم لەگەڵ میدیاكانی دیكەی یەكێتی و كوردستاندا پەیامی كوردایەتی و برایەتی و پێكەوەژیان بگەیەنن بە هەموو لایەك... هەمیشە سەركەوتوو بن.
گەلاوێژ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە