.
05:26 - 18/03/2023
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، دابەزینی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ خوار 70 دۆلار كورتهێنانی بودجەی عیراق بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرز دەكاتەوە.
راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 كە هەفتەی رابردوو پەسەندی كردو راوانەی پەرلەمان كراوە نرخی یەك بەرمیل نەوتی بە 70 دۆلار دیاریكردووە، هەروەها كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵیش زیاتر لە 63 ترلیۆن دینار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەربێت و نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان 60 تا 65 دۆلاردا بێت، ئەوا كورتهێنانی بودجەش 8 تا 16 ترلیۆن دیناری تر زیاد دەكات.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕۆژی 13ی ئاداری 2023 پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023و 2024و 2025ی پەسەندكرد، بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە بودجەی ساڵی 2023ی عیراق، كۆی خەرجییەكان بە 197 ترلیۆنو 828 ملیار دینار خەمڵێنراوە، هەروەها كۆی داهاتەكان بە 134 ترلیۆنو 550 ملیار دینار دیاریكراوە، بەوپێیەش بودجەی ئەمساڵی عیراق زیاتر لە 63 ترلیۆن دینار كورتهێنانی دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە