.
01:40 - 18/03/2023
لە یادی 44 ساڵەی پەخشی دەنگی گەلی كوردستاندا، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و راگەیاندنكاران و كارمەندانی ئێزگە كردووە و هیوای دەخوازن لەگەڵ كاروانی میدیایدا پەرەی زیاتر بەچۆنێتی كاركردن و هەنگاوەكانی گەشەپێدان و چاكسازی زیاتر بدەن.
دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:
هەڤاڵان بەڕێوەبەر و راگەیاندنكاران و كارمەندانی دەنگی گەلی كوردستان. لە یادی چل و چوار ساڵەی پەخشی ئێزگەكەدا، وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە ئێوەی ماندونەناس و تێكۆشەر كە لەماوەی چەند ساڵی كاركردنتاندا هەروەك هەڤاڵەكانی سەرەتا وپێش خۆتاندا شەو و رۆژتان خستۆتە سەر یەك بۆ بەردەوامی لە كاركردن و گەیاندنی هەواڵ وپڕۆگرامی هەق بێژی و راستی بەگوێگرانی ئێزگەكە .
لە رابردوودا ئێزگەكە چەندین قۆناغی سەختی بڕیوە و سەرەتاكەی لە نێو كۆڕی خەبات و شۆرشی بەرگریدا، شانبەشانی پێشمەرگە، رادیۆ دەنگی پەیامی یەكێتی و چالاكییەكانی شۆڕشی نوێ و گشت گەلی كوردستان و لە قۆناغێكیشدا دەنگی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و لە راپەرینی ساڵی 1991ی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیشدا، داینەمۆی ئەو وەرچەرخانە و بەرەی كوردستانییش بوە، هەر لەو قۆناغانەدا دەنگی گەلی كوردستان بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری زۆربەی ئاژانس و كەناڵەجیهانیەكانیش.
بۆ كاركردنی ئێستای رادیۆ كە خاوەنی مێژوویەك لە هەگبەی پڕ بەخشش و راستبێژی و هەستكردن بە لێپرسراوێتی نیشتمانی و نەتەوەییە، هیوادارین لەگەڵ كاروانی میدیایدا پەرەی زیاتر بەچۆنێتی كاركردنتان بدەن و هەنگاوەكانی گەشەپێدان و چاكسازی زیاتر بكەن، بەتایبەت لە رووی ئاڕاستە و تەكنیكی و هونەرییەوە تاكو لە پێشەنگی كەناڵەكاندا بۆ هەمیشە دەنگی گەلی كوردستان بن.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە