.
11:11 - 17/03/2023
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند بۆ شەهیدبوونی فەرماندە (شەڕڤان كۆبانێ) فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا و هەشت هەڤاڵی تری.
دەقی پەیامەکە:
شەهیدبوونی فەرماندە (شەڕڤان كۆبانێ) فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا و هەشت هەڤاڵی تری، لە دڵەوە نیگەرانی كردین.
رۆڵێكی كاریگەریان گێڕا لە (YAT) یەكینەكانی دژەتیرۆر شەهید شەڕڤان و رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش لە رۆژئاوا و خاكی پیرۆزی كوردستانیان لە دەستی رەشی تیرۆر پاراست و مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییان تۆماركرد.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شانازی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەکات کە هێزەکانی دژە تیرۆر(سی تی جی) هاوشانی یەكینەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا لەپێناو پاراستنی خاكی كوردستان و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا خەباتیان كردووە و داستانی قارەمانانەیان تۆماركردووە.
پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی هەڤاڵ مەزڵوم كۆبانێ، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، یەكینەكانی دژەتیرۆر و سەرجەم خەڵكی كوردستان بەتایبەت هاونیشتمانیانمان لە رۆژئاوای كوردستان دەكەم و هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین.
رۆحی هەڤاڵان شادبێت و دروود بۆ گیانی شەهیدانی رێگای ئازادی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە