کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ وەبیر هێنانەوە

.

02:47 PM - 11/03/2023

بۆ وەبیر هێنانەوە 

نوسینی - ستار محمدئەمین

لەیادی راپەرین 11ی ئازاری ساڵی 1991 من وەك بەشدار بووێكی  ڕاپەری ، ئێوارەی  10\11 ی  لەناو كۆڵانی یەكەمی حی شورتە لەرادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لە ناودەستی شەهید تەنیا گوێم  لەبانگەوازەكەی (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك بەیانی زەماوەند ساز بكەن) بوو، ئێمە گەنجانی گەڕەك لە شەهید تەنیا نزیك بووینەوە، گووتی بەیانی یەكەم دەستڕێژ هەمووتان وەرنە دەرەوە، هەرچەندە پێش ئەو  مێژووە من رێكخستنی كۆمەڵە بووم تا دوای ساڵی 1988 دابڕابووم، بەڵام لەوێووە لەگەل چەند برادەرێكی گەڕەك لەوانە دكتۆر شێروان و شەهید رەشاد لەگەل چەند هاوڕێیەكی تر، لەگەڕەكی حەی شورتە 7ی نیسان بەشداریمان كرد لەراپەرینی ساڵی 1991 تاكو گرتنی دائیرەی ئەمن، ئێمە بەردەوام بووین، بۆ مێژوو پێویستە ئەوانەی تۆماری ئەو مێژووە دەكەن غەدر لە شەهید تەنیا و شەهید رەشاد نەكەن، چونكە یەكەم تەقەی راپەرین لە هەولێر بەدەستی ئەو پیاوە ئازا و مەردە بوو.  

 شەهید (عبدالڕحمان حمدامین صالح) ناسراو بە (نەقیب تەنیا) لەساڵی ١/١/١٩٦٤ لەگەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایك بووە.

لەساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بەڕێكخسنە نهێنیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەناوشاری هەولێر كردووە، لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٣پەیوەندی دەكات بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تیپی ٨٣ ی هەورێ بووە.

لەژیانی پێشمەرگایەتی چوار جار برینداربووە، دەیان چالاكی ناوشاری كردووە دواتریش لەكاتی پارتیزانەكان لەساڵی ١٩٩٠كوردبوون زۆر ئەستەم بوو، بەڵام شەهید تەنیا ئەوكاتی لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی پێشمەرگایەتی تەنگیان بەبەعسیەكان هەڵچنیبوو كە گەورەترین چالاكیان لەناوشاری هەولێر ئەنجامدا، ماوەیەك پێش ڕاپەڕین لەڕێگای بەڕێز كاك كۆسرەت  بەنامە ئاگادار دەكرێتەوە كە پێشمەرگە دێرینەكان ڕێك بخاتەوە بۆ ڕاپەڕین.

دوای ئەوە لەڕۆژی ١١/٣/١٩٩١ كاتژمێری سفر بۆ دەستپێكردنی ڕاپەڕینی هەولێر بەدەستی ئەوبوو، هەروەها دوابە دوای ئەوە بە گوللەی (ئاڕبیجی )  لەبنكەی پۆلیسی فاروق دا و، شار زیاتر قڵێشایەوەو هەر كە جەماوەر دڵنیا بوون هێزی چەكیان لە گەڵدایە وورەیان بەرزبوویەوە، شەهید  تەنیا  پیاوێكی بووێر پێشمەرگەیەكی قارەمان و چاو نەترس ،دواتریش بەشداری ئازادكردنی تەواوی شاری قەڵا و منارەی كردووە. 

 لەیادی راپەرینی  شاری هەولێر هەزاران سڵاو لە ڕوحی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و شەهید نەقیب تەنیا.

 

وێنەی شەهید تەنیا

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە