کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دایەڵۆگە دەقییەكان

.

08:58 PM - 02/03/2023

دایەڵۆگە دەقییەكان 

                                                                                              پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

لەچوارچێوەی بەرنامەی زانستخوازی بەردەوام ,ئەم بابەتەی سەرەوەم لەڕۆژی 27 / 2 /2023,بەشێوەی سیمینار وبەزمانی عەرەبی پێشكەش بەمامۆستایانی بەشی زمانی عەرەبی كرد وجەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كرا:

- بەكارهێنانی وشەی دەق بەمەبەستی كردنەوە وفراوانكردنی دێت چونكەپەیوەندی بەسەرجەم ڕەهەندە ئەفسانەیی وئاینی وئەدەبی وشیعری وهونەرییەكانەوە هەیە,ئەمەش لەپێناو ئەوەی,ڕاستەوخۆ, نەچینە نێو دوو بابەتی ترەوە ئەوانیش دەقئاوێزان وزانستی ئەدەبی بەراووردكاری بەوپێیەی لەم دوو بابەتەشدا باس لەچەمكی دایەڵۆگ وئاڵوگۆڕ كراوە,بەڵكو چەمكی دایەڵۆك وئاڵوگۆڕ یەكێكە لەپێناسەكانیان وەك ئەوەی بڵێین دەقئاوێزان وبەراووردكارییەكان بریتی بن لەدایەڵۆگ وئاڵوگۆڕی دەقە شارستانی وكلتوری وفەرهەنگییەكان.

- دابەشكردنی دەق.دەقەكانمان دابەش كرد بەسەر سێ بازنەی سەرەكیدا,ئەوانیش:

1- سەرچاوەلێگرتن(المرجع ).هیچ دەقێك بەبێ سەرچاوەلێگرتن لەدایك نابێت,بەڵام هەروەك گەورە ڕەخنەگری عەرەب (محمد مفتاح) دەڵێت پێویستە سنووردار بێت.واتە گەر لەو سنوورە لادان دروست بوو,ئەوا دەقەكە پێدەنێتە قۆناغی كۆپیكردنەوە وبەهاكانی خۆی لەدەست دەدات.كتێبە ئاینییە ئاسمانییەكان لەمە بەدەر نین ولەنێوانیاندا چەمكی دایەڵۆگی بەئاشكرا تێدا بەدی دەكرێت,هەروەها لەئەفسانەی میللەتە جیاوازەكاندا بەنموونەی كارنامەی ئەدۆنیس وئەتیسی یۆنانی وتەمووزی بابلی.یان دەقەكانی گۆران والسیاب بێ بەری نین لەم دایەڵۆگە ولەبەرهەمی هەریەكەیان چەندین سەرچاوەلێگرتن بەدی دەكرێت بەتایبەتی لەڕێگەی خوێنەرێكی بەئەزموونەوە.

2- ئاوێزەبوون (المناص).بریتیە لەتوانەوەی دەقێك لەدەقێكی تردا,ئەمەش لەسەر ئاستی نێو یەك دەق یان دەرەوەی ئەو دەقە.گەر السیاب بەنموونە وەربگرین,ئەوا دەقی "انشودە المگر" وبەلای تێكڕای خەڵكییەوە بەسەرەتایەكی سۆزداری دەست پێدەكات وهەست دەكرێت دایەڵۆگ لەگەڵ دایكی یان خۆشەویستەكەیدا دەكات.ناونیشانی دەقەكەش كراوەیە وتایبەت نیە.بەڵام دواتر دەقەكە پێدەنێتە بابەتێكی زۆر جیاواز ئەویش سیاسەت وبژوێوی تاكی عێراقە كەبرسێتی لەسایەی دەسەڵاتدا تەنگی پێ هەڵچنیوە.لێرەدا لەلایەكەوە مەبەستێتی ناونیشان ,بەدیوە ڕاستەقینەكەی بەدەركەوت,لەلایەكی تریشەوە بەشی سەرەتا توانی بتوێتەوە لەبەشەكانی تری دەقەكە وئەو سەرەتایەش بەشێك بێت لەمەبەستێتی دەقەكە وەك ئەوەی پێش برسێتی خەڵكی سەرقاڵی جوانییەكانی ژیان بوون ودواتر دەسەڵات ڕێڕەوەی ئەم جوانییەی گۆڕی بۆ نەهامەتییەكان وبرسێتی.ئەم دایەڵۆگە دەبێتە بابەتی بەراووردكردنەكانی دوو زەمەن,زەمەنی پێرۆزكراو (المقدس) وزەمەنی قێزەونكراو (المدنس).

3-میتا-دەق(میتا-نص ).پێكهاتەی دەق لەبنەڕەتدا پێكهاتەیەكی هاوبەشێتییە,دەق لەزەمەنی ئێستا وڕابردوودا دروست دەبێت,ڕابردووەكە,دەرەكی بێت یان ناوەكی,دەبێتە چەقی بیركردنەوە بۆ دەقی ئێستا بەنموونەی تەورات وئینجیل,یان دەقی "وێرانە خاك "ی ئیڵیۆت و"سروودی باران"ەكەی السیاب,یان دەقی "بوولبول وگوڵ "ی ئۆسكار وایەڵد و"گوڵی خوێناوی " گۆران.

- میكانیزمی ئاوێزەبوون.لە ئاوێزەبووندا ,دەقی ئێستا تەواوكەی دەقەكانی پێشووە.ئەمە پێی دەگوترێت "هاوردەكردن" و "پاشكۆیی",میكانیزمەكانیش بەسەر سێ تەوەردا دابەش دەبن,ئەوانیش:

أ -  تەوەری ڕێبازی.واتە نزیكایەتی ودراوسێیەتی وگونجاندن وهاوسەنگییەك لەنێوان دەقە جیاوازەكاندا,لەڕووی فەلسەفی وفیكری وئایۆڵۆژیاییەوە.لەسەر ئاستی ناوەكی,وەك پەیوەندی دەقەكانی السیاب بەنموونەی "غریب علی الخلیج" و"أنشودە المگر" و"المومس العمیا‌و" واڵاسلحە واڵاگفال".ئەم دەقانە وزیاتریش لەسەر بناغەی یەك ڕێبازی دامەزراون ولەنێوانیاندا بۆشایی ودرز نییە,وەك ئەوەی تەواوكەری یەكتر بن,یان سەرجەمیان لەیەك چیرۆكدا كۆببنەوە.هەمان شتیش بۆ گۆران,بووكێكی ناكام وگوڵی خوێناوی و ئەنجامی یاران .لەسەر ئاستی دەرەكیش وەك نموونەی بەشێك لەدەقەكانی كیتس والسیاب,یان ئیڵیۆت والسیاب,گۆران وشێڵلی.ئەمە بۆ دەقە ئەفسانەیی وئاینییەكانیش هەر دروستە.

ب – تەوەری شێوازی.واتە نزیكایەتی ودراوسێیەتی وگونجاندن وهاوسەنگی نێوان دەقە جیاوازەكان لەڕووی بەكارهێنانی شێوازە زمانی وفەرهەنگی ودەربڕینی وتەنانەت گێڕانەوەیی.لەهەمان ئەو نموونە دەقیانەی بەشی سەروەوە ئەم شێوازانە بەدی دەكرێن,بەڵكو لەتابلوی هونەرمەندە شێوەكارەكانیشدا ئەم بونیادە شێوازییە ڕەچاو كراوە.گەر سەیرێكی تابلۆكانی (ڤان كوخ)بكەین ئەوا لەڕووی فیگەر وهێڵكاری وڕەنگ وبابەتەوە چیرۆكی هونەرمەندان بۆ دەگێڕێتەوە,یان شێوازە گێڕانەوەییەكانی ئەتیس وئەدۆنیس وتەمووز ,هەروەها شێوە شێوازی گێڕانەوە لەدەقەكانی ئیبن الرومی وشێخ ڕەزای تاڵەبانیدا.

ج – تەوەری ڕاڤەكردن.ئەمەش بریتیە لەوەی دەقی ئێستا ڕاڤەی دەقە كۆنەكان بكات,وەك ئەوەی" بووكێكی ناكام"ی گۆران ڕاڤەی "گوڵی خوێناوی بكات,یان ئۆپەرێتی "ئەنجامی یاران"دیمەنێكی تری "بووكێكی ناكام" بێت.ئەم كردارە ڕاڤەییە لەپێناو بەردەوامی وكردنەوەی دەقدا ئەنجام دەدرێت,بەمەش دایەڵۆگە دەقییەكان هاوسەنگییەكی بابەتی دروست دەكەن لەگەڵ یەكتریدا ودواتر دەقەكان بەكراوەیی دەمێننەوە,ئەمەش دەبێتە بابەتی دەقی كراوە كە (ئیمبێرتو ئیكۆ) كاری لەسەر كردووە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە