کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

میقداد شێخ بەهادین : قــافڵەی شـەهیدانی ئێمـــە بێ كـۆتایین دوێنـــــێ شــێركـــــۆو ئەمڕۆحسین و سبەی شەهیدانی یەكی شوبات

.

10:07 PM - 31/01/2023

مـێژووی یەکێتی مەزارگەیەکە پڕن لە کێلی ئەوانەی بە خوێنی گەشیان سەربەرزی و شانازیان بۆ خۆیان و سەرفرازی و سەربەستیان بۆ گەلەکەیان تۆمارکردووە، هەر لاپەڕەیەکی هەڵبدرێتەوە سەرگوزشتەی داستانێکە کە بەخوێنی جەنگاوەرانی نیشتیمان جۆشدراوە، دیرۆکی ئەم حیزبە سەراپا شانازی و شکۆیە، دێڕ بە دێڕی بەسەرهاتی تێکۆشان و خەبات و نەبەردییە.
یەکێتی ئەو هێزەیە ,کە هەڵگری شوناسی کوردایەتی و داکۆکیکاری مافەڕەواکانیانە، لە هەر بستێکی کوردستاندا سەروەرییەک تۆمارکرابێ بە یەقینەوە رۆڵەکانی یەکێتی سەرمەشق و ئاڵاهەڵگری ئەو شانازییەن، یەکێتی لە پێناو یەک ئامانجدا خۆی بونیادنا ئەوەش خەبات لە پێناوی بە دیهێنانی ماف و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ژیانێکی ئاسودە بۆ ئەوەش بەبێ سڵەمینەوە و چۆک دادان بۆ دوژمنان جەنگاوە و بەهەزاران لە ڕۆڵەکانی بەخشیوە بە کوردستان، کە تاکو ئێستاش وەکوو جەستەیەکی بریندار بۆ ئەم خاکە هەر خوێنی لەبەر ئەچۆڕێ، هەرئەمەشە ئەم رۆژەی هێناوەتە بەرهەم و بوینەتە خاوەنی کیان و قەوارەی خۆمان، قافڵەی شەهیدانی ئێمە بێ کۆتایین دوێنێ (شێرکۆ) و ئەمڕۆ (حسین) و سبەی شەهیدانی (یەکی شوبات)، ئەمەش ئەوە ڕاستیەیە،کە دەستکەوتەکانمان و ژیانی سەربەرزانەی ئەمڕۆی میللەتەكەمان بەخوێنی ئاڵی شەهیدەكانمان ئاودێر كراوە و هاتووەتە بوون و پاراستنیشی پێویستی بە یەک ڕێزی و قوربانیدان و گیانی بەرگری و دڵسۆزی و خەمخۆری و هێزێکی نیشتیمانی وەکوو یەکێتی هەیە.
شەهیدانمان لە هەموو ئان و ساتێكدا شایەنی ڕێِز و شكۆمەندین، چونكە حەز و ژیانی خۆیان كردووەتە قوربانی ئێستای ئێمە، بۆیە ئەركی هەموو نەوەكانی ئێستا و داهاتووشە ڕێز لە خوێنی پاكیان بگرن.
ئەمڕۆ یادی گیانبازێکی خۆنەویستی کوردستان و ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتووی گەرمەسێری نێو ریزەکانی یەکێتیە، بەشانازییەوە بەشداربوین لە هەشتەمین ساڵیادی شەهادەت و شەرفمەند بوین بە دانانی چەپکە گوڵی ڕێزو وەفا و ئەمەکداری لە سەر گڵکۆی پڕ له شکۆی(لیوا حسین منصور)
(ابوعلی) کێوێک بوو لە ورەو ئازایەتی و فەرماندەیەکی گورج وچوست وچالاک و بە ئاگا بوو، لەهەر جێگەیەکدا ئامادەیی هەبووبێ خۆڕاگری و هێزی تێدا بەرجەستە دەبوو، لەهەر پێگەیەکدا دانرابێت نموونەی جوانی و هۆکاری پێشخستن و رێکخستن و گەشانەوەو جێگا دەستی هەمیشە دیارو بەرچاو بووە، ئەو هەر لە تەمەنی لاوێتیدا دڵسۆزی و هەستی کوردایەتی تێدا چەکەرەی کردبوو، هەربۆیە لە ژیانیدا پشووی نەداو لە تێکۆشان وبەرگری و قوربانیداندا دانەبڕاو کۆڵی نەدا، بە جورئەتەوە تا دوا چركەساتی ژیانی تێكۆشا، بەڵام مخابن لە نەبەردیەکی کەم وێنەداو لەسەنگەری شەرەف وبەرگری له خاکی نیشتمان مردنی بە پێوە هەڵبژارد و گەیشتە کاروانی ئیفتیخاری سەروەران، ئەمڕۆ کە بەجەستە لامان نیە، بەڵام بۆ هەتایە ناوی وەکوو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لەهزرماندا دەدرەوشێتەوەو بە فەخرەوە یادی دەكەینەوە، بەڵێن دووپات دەکەینەوە تابەدیهێنانی ئامانج وخەونەکانی شەهید لیوا حسین منصورو شەهیدەکانی تری رێگای رزگاریخوازی گەلەکەمان پشوو نادەین و تێدەکۆشین،
روحت شاد و گیان بەختکردنت بۆنیشتیمان بۆ هەمیشە لە ویژدان و یاد و یادگەماندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.

مقداد شێخ بەهادین
ئەندامی سەکردایەتی (ی.ن.ک)
لێپرسراوی مەڵبەندی "١١"ی رێکخستنی گەرمیان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە