کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە یادی شەهیدانی سەرکردە و فەرماندەوە بۆ یادی بە کۆمەڵی شوبات

.

09:04 AM - 29/01/2023


ستران عەبدوڵلا

ئەم هەفتەیە، سەرەتاکەی تا کۆتاییەکەی ، یادی شەهیدان و نیشانەی قوربانیدانە. رێکەوت بێت یان ئاماژە، یادی کۆنین بێت یان تازە. گشتی شەهادەتە لەسەر ئەم رەوتە لە کۆشش و رەنجی فەرهادی میللەتەکەمان.
دوو هەفتەی باسکراو  بە یادی مامە ریشە و هاورێکانی دەستی پێکرد کە سی و هەشت ساڵە وا زام و زەمەنیان نوێ دەبێتەوە .. دەڵێی شەری حەمک دوێنێ بووە و کۆپتەرەکان تازە بەسەر لەیلان و مامشەدا هاتوون بەڵکو ئیرادەی شۆرشی نوێ لە بێژەنگ دەدەن و سەبری شۆرشگێری مامەریشە و رەفیقەکانی تاقیدەکەنەوە. دەڵێی دوێنێیە نەبەردی ململانێی یار و نەیاری یەکێتی و کۆمەڵە و کوردستان چربۆتەوە و خوێنی راستی و رەوایی یەک بینە قوڵپدەدات.
ناوی مامەریشە هەنووکە دوای نزیکەی چوار دەیە هەروا ئیلهامبەخشی نەمری و سەروەری و یەکێتتیە، ئەگەرچی ،بەداخەوە ، هێشتا گۆڕی هەر سێ شەهید کە پێکەوە شەڕیان دەکرد و لەتۆماری داستاندا بۆ یەکتریان دەسەندەوە ،لێک دوورن و مەزاری هەر یەکێکیان لە گوند و ئاواییەکە، تا ئێستاش مۆنۆمینتێک نییە پێکیان شاد بکاتەوە.
یادی واوەترمان یادگاری شیرینی دوو قارەمانی کەرکوک و خانەقینە کە تۆڵەی بەرودوایان لە تیرۆر و عەسابەکانیان کردەوە. یادی شەهادەتی قارەمانان لیوا شیرکۆ شوانی و لیوا حسێن مەنسوورە.
دوو فەرماندەی بەجەرگ و ئازای کوردستان کە خەرجی ئارەق و فرمێسک نەما بۆ یەکێتی و گەلەکەمانی نەکەن و هەر گیانیان مابوو ئەویشیان لە ٣٠ و ٣١ مانگی٢٠١٥ دا بەخشی و تۆماری سەروەری یەکێتیان زەنگینتر کرد.
داعش ئەو لەتمەی ڵێداین ئینجا بە خێرێ بنە و بارەگای لە کەرکوک پێچایەوە و دەوڵەتە هەرزانەکەی بەتاڵان چوو.
کاسکێتەکەی شەهید ئارام بەشێکی جاویدانی دیمەنە زیندووەکەی یادی هەفتەیادی  شەهیدەکانمانە. شەهیدێک قەڵەم و بازووی راستی و دروستی و چاویلکەی دووربینی تەرخانی ستراتیجی دوورمەودای شۆرشی نوێ کردبوو، لە ٣١-١-١٩٧٨ لە تەنگیسەر نیشتەنی ئەبەدی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
شەهیدی سەرکردە ئارام، شاسوار جەلال، ناونیشانی گەنجی شۆرش و روناکیی ئەدەبیاتی پێکەوە گرێدانەوەی خەباتی نەتەوە و خەباتی کۆمەڵایەتی رەنجدەران بوو رۆڵی وی لە هەڵگیرسانەوەی شۆرش و بەرواری وێستگەی گیان بەخشینی بووە بۆنەی گەشانەوەی زیاتری بەشداری لاوان و رێکخستنەکان لە شۆرش و پێشمەرگایەتی و فراوانکردنی بازنەی بیرکردنەوە و ئەندێشەی سیاسی دەستەبژێری گەلەکەماندا.
جا مەعلومە شەهیدەکان بۆ رزگاری و ئازادی نیشتمان دێنە کۆڕی خەباتەوە و یادکردنەوەشیان هەر تەنها بۆ وەفاداری و رێزگرتن نییە لە ناو و ناوبانگیان، بەڵکو بۆ ئەوەشە پەند و ئەزموون لە ناوەرۆکی خەباتەکەیان وەربگرین، خەباتێک کە بۆ گشتە و لە جیاتی گشتە.
ئاخر لە تەنگانەی میللەتدا خەباتگێڕەکان دەبنە پێشمەرگە و گیانفیدا لە بری کۆمەڵ و جەماوەر ، وەک وەکیلی گەل یان (میللەت وەکیلی) لە دیموکراتییە پێشکەوتووەکاندا.
پرسیاری ڕامان ئەوەیە داخۆ  دەبێ پەند و ئەزموونی شەهادەتی فەرماندە و سەرکردە و گیانبازانی خەباتەکەمان کەم و تێرنە بوو بێ وا کۆمەڵکوژی و تیرۆری بەکۆمەڵی کارەساتباری تێکەوتبێت؟
یانی ئەو هەموو خوێن و فرمێسکەی شەهیدان داویانە تێری ئازادی ناکات،  وا کارەساتی دوو شوباتی بە دواهاتووە؟
لە یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ جەزنی هەولێر خەڵتانی خوێنی سووری شەهیدان بوو، وا بوو کە ئەو جەژنە بەراتی یەکێتی کورد و یەک دەستی دوژمنانی کوردستان بوو لەبەرامبەر ئێمەی جیاوزدا، بەرامبەر ئێمە لە لق و مەڵبەند کە بۆ دژەکانمان هەر یەکین و هەر لەکین. ئیتر با لە دە حزب و سەد رەنگ و ناوی جیاوازدا خۆمان حەشار دابێت.
تۆماری دیواربەندی شەهیدانی ١ ی شوبات  دەیان ناوی رەنگاورەنگی کوردانەی لێیە کە بوونە  بانگەوازی نەتەوەیی  بۆ کورد و کوردستان کە تێبگەن چۆنی بکەن و چۆنی بڵێن هەولێر هی هەمووتانە و تازێ و تازەشی هەر چارەنووسی هەمووتانە.
لەیادی فەردی و تاکی  فەرماندە و سەرکردەوە تا حوزنی بە کۆمەڵی شوباتەوە دوو هەفتەی چری وەفاداری بەسە بۆ نەوازش و سەر دانەوەندن،  دوای ئەوە سات و ساڵی لەسەر یەکی پێوستە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و تەحەداکان،  ئەگەر گەرەکمانە دوای گریانی بە کۆڵ گەڕیانی بە کۆمەڵمان لە ئەندێشەدابێت بۆ ئایندەی روناکتر و بۆ ئاسۆی بێ تیرۆر و بێ قاعیدە و بێ داعش و بێ بەعس بەهەموو  رەنگ و جلەکانییەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە