کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیڤێك بۆ یادی گۆڤاری گەلاوێژ

.

11:18 PM - 25/01/2023

پەیڤێك بۆ یادی گۆڤاری گەلاوێژ

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم


گوڤاری گەلاوێژ, گۆڤارێكی ئەدەبی وفیكری وسیاسی, لە 1/ 12/ 1939 یەكەم ژمارەی كەوتۆتە بەردیدی خوێندەوارەوە,خاوەنی ئیمتیازەكەی مامۆستا برایم ئەحمەد و سەرنووسەرەكەشی مامۆستا سەجادی. لەماوەی 10 ساڵی كاركردنیدا 105 ژمارەی لێ بڵاوكرایەوە, دواتر بەفەرمانی دەسەڵاتی حكومی, لەڕۆژی 1 /8 / 1949, داخراو مامۆستا برایم ئەحمەد یش بەساڵ ونیوێك زیندانی كرا. بەشێك لە نووسەران ئاماژەیان بەوەداوە, گەلاوێژ بەیەكێك لەباشترین گۆڤارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەكرێت, ئەمە ئاماژەیەكی سەرپێی وخێرایە ونەچۆتە نێو هۆكارییەكانی ئەم گرنگییەوە. كارنامە وستراتیژییەتی ئەم گۆڤارە خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
-  خوڵقاندنی مەڵبەندێكی پێگەیاندنی شاعیران و نووسەران, یان نزیكبوونەوەی نووسەران بە جیاوازی فیكر و ئایدیا و جێگە وكۆكردنەوەیان لەپڕۆسەیەكی كلتوری و فیكری و سیاسی و ئەدەبی هەمەڕەنگە كە گەلاوێژ نوێنەرایەتی دەكرد و ئاڕاستەی بیركردنەوەیانی دەخستە نێو ئەو پڕۆسەیەوە.
- دامەزراندنی قوتابخانەیەكی فێركاری وپیداگوژی بۆ هەمووان بەگشتی و بونیادنانی ئەزموونە جیاوازەكان, یان ڕەگەزە ئەدەبییە جیاوازەكان بەنموونەی شیعر و چیرۆك و وتار و وەرگێڕان و تەنانەت ڕێبازە ئەدەبییە جیاوازەكان بەنموونەی كڵاسیزم و ڕۆمانسیزم و ڕیاڵیزم بەو پێیەی گۆڤارەكە ئەم نموونە شیعرییانەی لەخۆگرتبوو. واتا, گەر لەزەمەنی ڕابردوودا, خوێنەر تەنها ئاشنایەتی لەگەڵ هونەری شیعر, بەتایبەتیش شیعری شاعیرە كڵاسیزمەكان دروست كردبێت, ئەوا گەلاوێژ ئەو سنوورەی تێپەڕاند و لەلایەكەوە ڕەگەز و بابەتی جیاوازی تر لەدایك بوون ونموونەكانیش لە بابەتە ئەوینی و سۆزدارییە كڵاسیزمەكانەوە بەرەو ڕۆمانسیزم و ڕیاڵیزم و خۆشەویستی خاك ونیشتمان و نەتەوە.
- دامەزراندنی شوناسیكی دیاریكراو و تایبەت بە ڕۆشنبیریەت و فیكر و سیاسەت و ئەدەبی كوردی, چونكە لەزەمەنی گۆڤاردا هێشتا كلتورە دراوسێكان, بەنموونەی عەرەب و فارس و تورك,باڵادەستبوون. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كەپێشتر لەلایەن شاعیران و نووسەرانەوە هەوڵی لەم جۆرە نەدرابێت, هەوڵەكانی مامۆستا تۆفیق وەهبی بەگ و گۆران و پیرەمێرد و بێكەس و شێخ نوری شێخ ساڵح نموونەیەكی كاریگەری ئەم دامەزراندن و شوناسەیە, گۆڤاری گەلاوێژیش مەسەلەكەی زیاتر خەست كردەوە, چونكە بەشێكی زۆری لە نووسەران و شاعیران لەخۆكۆكردبۆوە, تێڕاوانینی هەموویان لەسەر یەك هێڵی بیركردنەوە دامەزرابوو, ئەویش دامەزراندنی پێگەیەكی كلتوری و ئەدەبی و فیكری و فەرهەنگی سەربەخۆ.
-گەلاوێژ و كردنەوەی دەرگای ئارگیومێنت بەڕووی خوێنەر و شاعیران و نووسەران, لێرەدا ڕۆڵەكەی هاوشێوەی بازاڕی عوكاز بوو,چونكە توانی نووسەران و شاعیرانی ناوچە و هەرێمە جیاوازەكانی كوردستان لەخۆ كۆ بكاتەوە و لەوێشەوە سەرەنج و تێبینییەكان سەریان هەڵدا.
-گەلاوێژ وخوڵقاندنی جۆرایەتی خوێندنەوە, بەو پێیەی بابەتەكان هەمەجۆر و چەشن بوون و خوێنەریش, هەریەكەیان بەپێی خولیا و حەزەكانی دابەشبوون بەسەر ئەو فرە بابەتیانەدا. بە مانایەكی جیاوازتر, پۆڵینێكی لەخۆێندنەوەدا دروستكردووە, پسپۆڕی وئارەزووەكان بەسەر جۆری بابەت و خوێنەردا دابەشبوون.
- گەلاوێژ و گۆڕانكاری لەزمانی نووسین و شیعر و ئەدەب, یان بەرهەمهێنانی فەرهەنگێكی نوێی ئەدەبی و شیعری و نووسین.
- گەلاوێژ و چەمكی نەتەوەیی. ئەوەتا مامۆستا سەجادی لەیەكێك لەژمارەكانی گەلاوێژدا دەڵێت" نەخشێكی بەرچاوی لەژیانی ڕۆشنبیری گەلەكەمان هەبوو, بەشێوەیەكی دیار بەشداری لە گەشەپێدانی هۆشیاری نەتەوەیی دەكرد". بەڵگەی ئەمەش, پەرۆشی خوێندەوارەكان بوو كە بە مەیل و هەستێكی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییەوە چاوەڕوانی دەرچوونی ئەو هەزار ژمارەیەی گەلاوێژیان دەكرد.
گەر گۆڤاری گەلاوێژ بخەینە ژێر كۆنترۆڵی چەمكە ڕەخنەییە نوێگەرییەكان, بە نموونەی بونیادی پێكهاتە زەمەنییەكان ئەوا گۆڤارەكە دابەش دەكەین بەسەر دوو بونیادی زەمەنی سەرەكیدا, ئەوانیش:
یەكەم/ بونیادی زەمەنی دەرەكی.ئەم بەنیادە دابەش دەبێت بەسەر:
أ – بونیادی زەمەنی گۆڤار. ئەمەش دابەش دەبێت بەسەر زەمەنێكی ناتەندروست و زەمەنێكی تەندروست. لەیەكەمیاندا, كۆمەڵگا نوقمی نەفامی و نەخوێندەواری و هەژاری ببوو, زۆر بەدەگمەن قوتابخانە و خەستەخانە بەدی دەكرا, زۆرینە سەرقاڵی ژیانێكی ئاسایی ڕۆژانە, لەولاشەوە كاریگەرییەكانی جەنگی جیهانی دووهەم لە ناوچەكە بە گشتی. ئەمانە هۆكاری ئەوە بوون, زۆرینە دووربكەونەوە لەفێربوون و خوێندنەوە.لە دوهەمیاندا و لەگەڵ هەموو ئەو ڕێگرییانە كە لە خاڵی یەكەمدا ئاماژەمان پێدا, بەڵام بەهۆی سەرپەرشتیارانی گۆڤار و بەشداربووانی, هەست ناكرێت ئەو گۆڤارە لەمنداڵدانی نەفامی و نەخوێندەواریدا لەدایك بووبێت, بەڵكو هەست دەكرێت ئەم گۆڤارە لەجێگەیەكی زۆر پێشكەوتوو, بەنموونەی پاریس و لەندەن و قاهیرە و بەیروت و شام, هاتبێتە بەرهەم. بەدیوێكی تردا, گۆڤارەكە ,لە گۆشەیەكەوە, بۆشاییەكانی پڕكردەوە, لەگۆشەیەكی تریشەوە ئاڕاستەی دیواڵیزمەكەی گۆڕی لەنەفامییەوە بۆ هۆشیاری.
ب _ بونیادی زەمەنی خوێنەر.خوێنەر لەم زەمەنەدا دابەش دەبێت بەسەر خوێنەرێكی سروشتی وخوێنەرێكی بەئەزموون,یان نموونەیی لەوجۆرەی كە (ئیمبێرتۆ ئیكۆ) باسی لێوە دەكات, یان زۆرینە وپێشەنگەكان. مەبەست لەزۆرینەكە ئەوانەن كەخولیای خوێندنەوەی شیعر و ئەدەب بوون, لە فەرمانبەران و بەشێك لە مامۆستایان و پیاوانی سەربازی و تەنانەت كۆلكە خوێندەوار. پێشەنگەكانیش لە نووسەران و شاعیران و پیاوانی ئاینی و زمانەوان و كەسە سیاسییەكان. ڕۆڵی پێشەنگەكان بونیاد و گەشەی كلتوری و ئەدەبی و فیكری و سیاسی بوو, واتا بناغەیەكی پتەو بۆ دامەزراندنی شوناسی ئەدەبی و فیكری و سیاسی. ئەنجامەكەشی خۆی لەساڵەكانی پەنجا و شەست و حەفتاكان, بگرە ئێستاشی لەگەڵدا بێت, دەردەكەوێت. بەمانایەكی ڕوونتر, ئەو ساڵانە درێژكەرەوەی زەمەنی خوێنەرە پێشەنگەكانە.
دوهەم/ بونیادی زەمەنی ناوەكی. ئەم بونیادەش دابەش دەبێت بەسەر سێ زەمەنی جیاوازدا,ئەوانیش:
- زەمەنی نووسینی بابەتەكان.ئەمە ئەو زەمەنیە كەبابەتەكانی تێدا بڵاوكراوەتەوە وبابەتەكانیش هەمە چەشنەن,شیعری وئەدەبی وڕەخنەیی وفیكری وسیاسی وسۆسیۆڵۆژی وزمانی...هتد.واتا بابەتەكانی گۆڤاری گەلاوێژ نوێنەرایەتی بیر وهزر وهێزی ئەو زەمەنە دەكات وبەمەش زەمەنەكە یەكدەگرێتەوە لەگەڵ بابەتەكانی.
- زەمەنی نووسەری بابەتەكان.ئەمە زەمەنی هێز وتوانا وبیركردنەوە وپسپۆڕی نووسەر نیشان دەدات,بەڵام لەو زەمەنەدا ئەگەری زۆری ئەوەی هەیە كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر خوێنەر دروست نەكات بەوپێیەی تواناكانی خوێنەر,گەرچی پێشەنگی زەمەنی خۆشیان بن,بەس نین بۆ تێگەیشتن وڕاڤەكردنی بابەتەكان ولەهەمان كاتیشدا نووسەر سەرجەم نهێنێنی دەق وبابەتەكانی خۆی ناخاتە بەردەست خوێنەرەوە,بەڵام كاریگەرییەكان دواتر بەدەردەكەون دوای ئەوەی خوێنەر ڕاهێنانی تەواو وجدی لەسەر بنەماكانی خوێندنەوە ڕەخنەییەكان دەكات.
- زەمەنی خوێندنەوە.ئەمە زەمەنێكی كراوەیە وپەیوەندی بەو زەمەنەوە هەیە كەبابەتی گۆڤارەكەی تێدا دەخوێندرێتەوە بەزەمەنی ئێستا وئایندەشەوە.واتا گەر بابەتەكان لەزەمەنی نووسیندا كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر خوێنەر دروست نەكردبێت,ئەوا خوێندنەوەكانی ئێستا وئایندە قەبارەی كاریگەرییەكان دەستنیشان دەكات.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەگۆڤارەكە وسەرجەم گۆڤار ونووسینەكان لەبەردەم فرە خوێندنەوە وڕاڤەكردندایە,لێرەداشدا گومان لەوەدا نیە كەهێزی خوێندنەوەی زەمەنی نووسین وزەمەنی خوێندنەوە جیاوازی گەورەیان هەیە,یان بۆشایی گەورە هەیە لەنێوانیاندا بەوپێیەی لەخوێندنەوەی زەمەنی خوێندنەوەدا دەستنیشانی زەمەنی گوتار دەكرێت.بەمانایەكی تر,لەزەمەنی خوێندنەوەدا, بەتایبەتی لەئێستا وپێشبینییەكانی ئایندەدا,بابەتەكانی گۆڤاری گەلاوێژ پێدەنێنە قۆناغی كارنامەییە كاریگەری وئایدیۆڵۆژیایی وسەرچاوەلێگرتنی ودەربڕینی وتێگەیشتنی ومیتا-دەقی وزمانیییەكانەوە.ئەمەش لەو كاتانەدا ڕوو دەدەن كەخوێنەرەكە نموونەیی وخاوەن ئەزمونێكی خوێندنەوە ڕەخنەییەكان بێت بەتایبەتی چەمكە ڕەخنەییە تازە ودوای تازەگەرییەكان.لێرەدا خوێنەر,بۆ جارێكی تر,پێویستە لاپەڕەكانی گەلاوێژ هەڵبداتەوە ولێكۆڵینەوەی ئەكادیمی وزانستی لەسەریان بنووسێت,دیارە ئەمەش,بەپلەی یەكەم, ئەركی مامۆستایانی زانكۆیە لەبەشە كوردییەكان

تێبینی:
ناوەڕۆكی ئەم بابەتەم,لەمێزگردی وەرزی ڕۆشنبیری وێب سایتی خاتوو گەلاوێژ ( 17 / 1 / 2023), بەنێوی "ڕۆڵی گۆڤاری گەلاوێژ لەگەشەی فیكری وئەدەبیدا"باسكرد وبەسوپاسەوە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان پەخشی كرد ولەوێب سایتەكەش دابەزیوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە