کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆچی مامە ریشە پلە بەرزکردنەوەی رەتکردەوە

.

10:35 PM - 25/01/2023

بۆچی مامە ریشە پلە بەرزکردنەوەی رەتکردەوە

 

بەیار عومەر عەبدوڵلا

 

(مامە ڕیشە) ئامر کەرتی ٤ ی جەباری بووە، لە تیپی ٥٧ ی سەگرمە، کە (کاک ئازادی سەگرمە) سەرتیپی بووە. (ملازم عومەر) بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری بووە، کە سەرپەرشتی سەرجەم تیپ و کەرتەکانی کردووە.

 

شایەنی باسە، پێشتر کاک وەهاب (بەهادینی شێخ ئەحمەد) سەرتیپی ٥٧ ی سەگرمە بووە؛ دواتر گواستراوەتەوە بۆ تیپی ٣٣ ی شارباژێڕ.

 

ساڵی ١٩٨٣، واتە ساڵێک پێش دانوستان و شەهیدبوونی مامە ڕیشە، (ملازم عومەر و کاک ئازادی سەگرمە)، بەهۆی ئازایەتی و لێوەشاوەیی مامە ڕیشەوە، پێشنیاری دروستکردنی تیپێکی بۆ دەکەن.

 

مامە ڕیشە پێشنیارەکە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت پێشمەرگەکانی کەرتەکەم، خۆم یەکە یەکە هەڵمبژاردوون، هەمویان خەڵکی چالاک ودەستوەشێنن و لەگەڵ ئەواندا دەتوانم لە چالاکی پێشمەرگانە و پارتیزانی بەردەوام بم و ناوبانگی خۆم بپارێزم. هەروەها دەڵێت ٨ ساڵ شوان بووم لە جەباری و تەواو شارەزای جوگرافیای ناوچەکەم.

 

ئەگەر ببمە فەرماندەی تیپ، ڕاستە وەکو پلەی پێشمەرگایەتی بەرز دەبمەوە، بەڵام ئەو چالاکی و ناوبانگەم نامێنێت، چونکە ژمارەی پێشمەرگەکان زۆر زیاد دەکەن و لەوانەیە کۆنترۆڵم بەسەریاندا نەمێنێت و زۆر شارەزای ناوچەکەش نەبم.

 

بە کوردیەکەی وتویەتی، من پێویستم بەوە نیە پێم بڵێن سەرتیپە؛ بەڵکو وەکو ئامر کەرت دەتوانم چالاکتر بم، چونکە خۆم ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پێشمەرگەکان ئەکەم و کات و شوێن و جۆری چالاکیەکان هەڵئەبژێرم و لەگەڵیاندا ئەچم بۆ شەڕەکان.

 

ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ناوبانگی جوان و خۆشەویستی خەلک بە پلە و پایە نیە؛ دەکرێت مرۆڤ لە پلەیەکی بەرزدا بێت و بێبەرهەم بێت؛ دەکرێت بە پێچەوانەشەوە، کەسێک بتوانێت لە پلەیەکی سادەتردا، چالاکتر و کاریگەرتر و خۆشەویستر بێت. 

 

گەورەیی و زیرەکی (مامە ڕیشە) لەوەدا بووە کە لەو زەمانەدا مەسئولیەتی ڕەتکردۆتەوە و چالاکی و خۆشەویستی خەڵکی هەڵبژاردوە. سڵاوبۆ یادی (مامە ڕیشە)ی قارەمان. درود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی خاک و نیشتیمان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە