کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە لە ئەفغانستان 124 كەس گیانیان لەدەستداوە

.

09:24 PM - 25/01/2023

لە ئەفغانستان بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە ١٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٢٨ ملیۆن هاوڵاتیش چاوەڕوانی یارمەتین.

 

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی، ئەفغانستان، زستانی ئەمساڵی وڵاتەكە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە بەجۆرێك پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

 

ئاشكراشیكردووە، لە ئەنجامی سەرمای زستانی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ١٢٤ هاوڵاتی بوونەتە قوربانی و زیاتر لە ٢٨ ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی پێویستییان بە هاوکاری و بەدەمەوەچوونی خێرا هەیە. 

 

شەفیعەڵا ڕەحیمی، وتەبێژی دەستەی کارگێڕی کارەساتی نیشتیمانی لە حکومەتەكەی تاڵیبان بە كەناڵەكەی وتووە، "زیاتر لە ٥٠ خانوو بە تەواوی وێران بوون لەگەڵ ٧٠ هەزار ئاژەڵ بوونەتە قوربانی". 

 

روونیشیكردووەتەوە، لە هەرێمی جور لە ناوەڕاستی ئەفغانستاندا پلەی گەرمی بەشێوەیەکی بەرچاو لەمساڵدا دابەزیوە بە جۆرێک لەماوەی ئەم مانگەدا پلەی گەرما گەیشتۆتە ٣٤ پلە ژێر سفر.

 

ئەو بەرپرسەی تاڵیبان راشیگەیاندووە، ناوچەکانی ئەفغانستان بە تەواوی بەهۆی بەفرەوە لەیەكتری دابڕاوە، فڕۆکەی سەربازی ڕەوانەی ئەو شوێنانەشکراوە بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتییان، بەڵام لە زۆرێک لە ناوچەکان فڕۆکەکان توانای نیشتنەوەیان نەبووە بەهۆی ئەوەی ناوچەی شاخاوی بوون. 

 

ئاشكراشیكردووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی بەهۆی سەرماکەوە گیانیان لەدەستداوە، شوان بوون یان لە ناوچە لادێ نشینەکان دەژین و توانای دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستییان نەبووە" 

 

ئەوەش لە كاتێكدایە، بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیوەی هاوڵاتییانی ئەفغانستان توانای دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانییان نییە، بۆیە بەشێکی زۆر لە خێزانەکان کچەکانییان دەفرۆشن بۆ ئەوەی بتوانن خۆراکی ژیانییان دابین بکەن، ڕێژەی هەژاریش گەیشتۆتە ٩٧٪ لە وڵاتەكەدا. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە